Divali // دیوالی
دیوالی جەژن و فێستیڤاڵێکە لە ئایینی هیندۆسیدا.
دیوالی فێستیڤاڵی ڕووناکییە. ڕووناکی یارمەتی خوداوەندەکان دەدات تا تاریکی بڕەوێننەوە. چاکە بەسەر خراپەدا سەردەکەوێت. مۆم و دیکۆراتی ڕازاوەی ڕەنگۆلی لەسەر دەرگاکە پێشوازی لە میوان و خوداوەندە باشەکان دەکات. ڕۆحە خراپەکان دوور دەخرێنەوە.



بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی دیوالی هیچ شێواز و ڕێگەیەکی دیاریکراو نییە. دەشێت ئاهەنگی جیاواز و جۆراوجۆر لە شوێنی جیاواز ئەنجام بدرێت. ئاهەنگی دیوالی لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر یان سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا بەڕێوەدەچێت. لە دیوالیدا ئەندامانی خێزان بە جلوبەرگی جوانەوە خۆیان دەڕازێننەوە. زۆر کەس خەنە لە دەستەکانیان دەدەن. نەریتێکی ئاساییە کە خێزان و هاوڕێیان پێکەوە ئاهەنگ بگێڕن. خواردنی باش و کێک و شیرینی دەخۆن. زۆر کەس دیاری بە یەکتر دەدەن. هەروەها هەندێک خەڵک یاری ئاگرین و فیشەکە شێتە هەڵدەدەن.





هیندۆسەکان باوەڕیان بە فرەخودایی هەیە. لاکشمی خوداوەندی ڕووناکی و خۆشگوزەرانی و سەروەت و سامانە. هیندۆسەکان ئاواتەخوازن لە کاتی دیوالیدا لاکشمی سەردانی ماڵەکانیان بکات. لاکشمی ڕۆحە خراپەکان دوور دەخاتەوە. هەروەها دیوالی یادکردنەوەیەکیشە بۆ گەڕانەوەی هەردوو خوداوەند ڕاما و سیتا بۆ ماڵەوە پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەڵاتبوون.


هیندۆسەکان لە کاتی دیوالی نوێژ دەکەن و دیاری بە خوداوەندەکان دەدەن. ئەوەش پێی دەوترێت پووجا. لەو کاتەدا خواردن و خواردنەوە و مۆم و بخور دادەنرێت. زۆر کەس گۆرانی دەڵێن یاخود سەما دەکەن. هەروەها بۆتە نەریت کە پەیکەری خوداوەندەکان بشۆردرێن و بە تۆزی ڕەنگ بڕازێنرێنەوە. لە دیوالیدا خەڵکانێکی زۆر دەچنە پەرستگاکان و سەردانی هاوڕێکانیان دەکەن. هیوای دیوالییەکی باش بۆ یەکتر دەخوازن و کارتی دیوالی بۆ یەکتر دەنێرن.

