Kristendommen // ئایینی مەسیحیەت

Denne teksten finnes på flere språk. Tanken er at teksten skal være et supplement til andre læremidler og andre aktiviteter i opplæringen. Det er altså ikke meningen at disse ressursene skal stå alene, men at de kan brukes i innledning til arbeid med temaet.

Teksten kan, for eksempel, brukes sammen med tospråklig lærer for å aktivere elevenes kunnskaper om temaet, og å bidra til at eleven lærer fagspråk.

ئایینی مەسیحیەت نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو ناوچەیەی کە ئێستا ئیسرائیل و فەلەستینە سەری هەڵداوە. لەو سەردەمەدا زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوولەکە بوون. وشەی مەسیحیەت لە عیسا مەسیحەوە هاتووە. ئایینی مەسیحی گەورەترین ئایینی جیهانە. ئەو کەسانەی کە ئایینی مەسیحی پەیڕەو دەکەن پێیان دەوترێت مەسیحی یان کریستیان. لە جیهاندا نزیکەی دوو ملیار و سێ سەد هەزار مەسیحی هەن. مەسیحییەکان وەک جولەکە و موسڵمانەکان پێیان وایە تەنها یەک خودا هەیە. بۆیە بەو سێ ئایینە دەوترێت ئایینی یەکتاپەرستی.

دوای سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحی، ئایینەکە بە ئاراستەی جیاواز پەرەی سەند. ئایینی مەسیحی دابەش دەکرێت بەسەر سێ ئاراستەی سەرەکیدا. ئەمانە بریتین لە کەنیسەی کاسۆلیکی، کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی و کەنیسەی پرۆتستانتی. خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو ئاراستەکان ئەوەیە کە هەر سێکیان کتێبی ئینجیل بە پیرۆز و عیسا مەسیح بە کوڕی خودا سەیر دەکەن.

باوەڕ

مەسیحییەکان باوەڕیان بە خودایەک هەیە کە بە سێ شێوە بوونی هەیە. ئەوانیش خودا و عیسا و ڕۆحی پیرۆزن. ئەمەش پێی دەوترێت سیانەیی. بەپێی کتێبی پیرۆزی ئینجیل، خودا جیهانی دروست کردووە و عیساش کوڕی خودایە. عیسا گرنگترین پێغەمبەری ئایینی مەسیحییەتە. ئەو هەوڵی دا کە لەبارەی خوداوە زانیاری بدات بە خەڵکی، بۆ ئەوەی هیوایان پێ ببەخشێت. ئینجیل دەڵێت عیسا لەخاچ درا و پاشان لە مردن هەستایەوە. ڕۆحی پیرۆز ڕێنمایی و هێز و دڵنەوایی دەدات بەو کەسانەی کە باوەڕیان هێناوە.

باوەڕ و ئیمان بۆ زۆرێک لە مەسیحییەکان بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەیە. ئەوان دەتوانن ڕۆژانە نوێژ بکەن و کتێبی پیرۆزی ئینجیل بخوێننەوە. دەتوانن لە عیبادەت و خزمەتەکانی کڵێسا و چالاکییەکانی تری کڵێسادا بەشداری بکەن. بەها گرنگەکان لە ئایینی مەسیحیدا بریتین لە خێرخوازی و لێبوردن و هاوسۆزی. مەسیحییەکان هاندەدرێن کە خۆبەخشانە کار بکەن و پشتگیری ئەو کەسانە بکەن کە پێویستیان پێیەتی.

کەسانی پیرۆز

لە ئایینی مەسیحیدا زۆر کەس هەن کە بە پیرۆز دادەنرێن یان جێگەیەکی تایبەتیان هەیە. بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە خوداوە وەک نموونە سەیر دەکرێن. گرنگترین کەس لە ئایینی مەسیحیدا عیسایە. دایکی پێی دەوترێت مریەمی پاکیزە. ئەو نموونەی ئیمان و گوێڕایەڵی و خۆبەزل نەزانینە. عیسا دوانزە شاگردی هەبوو کە قوتابییەکانی بوون. دوای مردنی عیسا، ئەرکی شاگردەکان بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی عیسا بوو بەناو خەڵکیدا. ئەوان دەبووایە ئەو شتانە باس بکەن کە عیسا لە کاتی ژیانی لەسەر زەوی گوتوویەتی و کردویەتی. لە نەریتی کاسۆلیکی و ئۆرتۆدۆکسدا، قەدیسەکان بە کەسانێک دادەنرێت کە ژیانێکی پیرۆز و نموونەیی تایبەتیان بەسەر بردووە. سانتا لوسییا یەکێکە لە نموونەی قەدیسەکان. ڕۆژی ١٣ی جەنیوەر وەک ڕۆژێکی یادکردنەوە بە ڕۆژی لوسییا داندراوە.

کتێبە پیرۆزەکان

ئینجیل کتێبی پیرۆزی ئایینی مەسیحییە. پێکهاتووە لە پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ. پەیمانی کۆن تێکستەکانی باس لە کەسانی گرنگ و ڕووداوەکانی سەردەمی پێش لەدایکبوونی عیسا دەکات. کتێبەکانی موسا بەشێکن لە پەیمانی کۆن. چیرۆکەکانی ئیبراهیم و موسا لەخۆدەگرن. ئەم تێکستانە بۆ ئیسلام و جولەکەش گرنگن. پەیمانی نوێ ئەو تێکستانەی تێدایە کە باس لە ژیانی عیسا دەکەن، و چۆن پەیامەکەی بڵاوبۆتەوە. پەیمانی نوێ لە ئایینی مەسیحییەتدا سەرچاوەی باوەڕ و پراکتیزەکردنی ئاینەکەیە.

پەرستگە (شوێنی پەرستن)

پەرستگە یاخود شوێنی پەرستنی مەسیحی پێی دەوترێت کەنیسە یان کڵێسا. کەنیسە گرنگترین شوێنی کۆبوونەوەیە بۆ چالاکییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان. لەوێ مەسیحییەکان بۆ نوێژ و خوێندن و پەرستن کۆدەبنەوە. جگە لەوەش، کەنیسە بۆ فێرکردن و ئاهەنگگێڕان بە جەژن و چالاکییەکانی دیکە بەکاردێت، ئەمەش لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندایە. خزمەتگوزارییەکی ئایینی لەلایەن قەشەیەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە چیرۆکەکانی ناو کتێبی ئینجیل دەگێڕێتەوە و دەخوێنێتەوە. ئەوانەی بەشداری دەکەن پێیان دەوترێت باوەڕداران. کەنیسەکان دەتوانن لە قەبارە و دیزایندا جیاواز بن. وەک هێمایەک بۆ ئایینی مەسیحی، زۆربەی کەنیسەکان لانیکەم تاوەری زەنگێک و خاچێکیان هەیە. زەنگی کەنیسە بۆ ئەوە لێدەدرێت هەتا ڕایبگەیەنێت کە لە کەنیسەکەدا خزمەتگوزارییەکی ئایینی یان ڕێوڕەسمێک بەڕێوەدەچێت.

جەژن و ڕێوڕەسمەکان

هەندێک لە جەژنە گرنگەکان لە ئایینی مەسیحیدا بریتین لە جەژنی کریسمس و جەژنی ئیستەر و جەژنی پەنجاهەمین ڕۆژ (پەنتەکۆست). جەژنەکان یادکردنەوەی ڕووداوە گرنگەکانن لە مێژووی ئاینەکەدا. جەژنی کریسمس بۆ یادی لەدایکبوونی عیسا بەڕێوەدەچێت. زۆرێک لە مەسیحییەکان بە خزمەتگوزاریی ئاینی و پێدانی دیاری و کۆبوونەوەی خێزانیی ئاهەنگ دەگێڕن. جەژنی ئیستەر یادکردنەوەی مردنی عیسا لەسەر خاچ و زیندووبوونەوەی لە گۆڕە. جەژنی پەنتەکۆست (پینسە) بۆ یادکردنەوەی هاتنی ڕۆحی پیرۆزە بۆ لای شاگردەکان و پێدانی توانای قسەکردن و تێگەیشتن لە هەموو زمانەکانی جیهان. جەژنی پەنتەکۆست بە سەرەتای کەنیسەی مەسیحی دادەنرێت.

دەشێت ئاراستە و لقە جیاوازەکانی ئایینی مەسیحی ڕێوڕەسمی جیاوازیان هەبێت. ئەوەی لە ڕێوڕەسمەکاندا هاوبەشە ئەوەیە کە دەبێت یارمەتی باوەڕداران بدات بۆ ئەزموونکردنی نزیکبوونەوە لە خودا و یەکێتی و هاوبەشی نێوان باوەڕداراندا. نموونەی ڕێوڕەسمەکانی مەسیحی بریتین لە مەعمودیەت (لە ئاو هەڵکێشان)، نانی ئێوارەی پەروەدەگار (nattverd) و سەلماندنی باوەڕ کە بە نەرویجی پێی دەگوترێت (konfirmasjon).

دەربارەی ئایینی مەسیحی زیاتر فێربە

No posts