Vesak // ڤێساک
ڤێساک جەژنێکی بووداییە کە لە ڕۆژی پڕبوونەوەی مانگ لە مانگی ئەپریل یان مانگی مای بەڕێوەدەچێت. لە ڕۆژی ڤێساک، بووداییەکان لە سەرانسەری جیهان یادی ژیانی بوودا دەکەنەوە. لە ڤێساکدا یادی لەدایکبوونی بوودا و بەئاگاهاتنەوەی و هەروەها مردنی شیدەکرێتەوە.
بوودا زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەدایکبووە. ناوی ڕاستەقینەی سیدارتا گاوتاما بووە و شازادە بوو. هەرچەندە ئەو هەموو شتێک کە دڵی بیخوازێت هەیبوو، بەڵام دڵی خۆش نەبوو، چونکە دەیبینی زۆر لە خەڵکانی دەوروبەری لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین. زۆرێک لە خەڵکی نەخۆش، پیر، دڵتەنگ یاخود لە سەرە مەرگدا بوون. هەربۆیە بوودا بڕیاریدا واز لە ژیانی خۆشی خۆی وەک شازادەیەک بهێنێت بۆ ئەوەی بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤەکان ڕێگە چارەیەک بدۆزێتەوە . نزیکەی شەش ساڵ خەریکی خۆفێرکردن و بیرکردنەوە و مێدیتەیشن (چوونە خەڵوەتەوە) بوو.


لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا بوودا لە ژێر دارێکی گەورە دانیشتبوو، ئەو وەڵامانەی دۆزییەوە کە بەدوایاندا دەگەڕا. لەوە تێگەیشت کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت ژیانێکی خۆش و بێ گیروگرفت و زەحمەتی بژی. لە پاشاندا ئەو بە بوودا ناسرا کە بە واتای “ڕۆشنگەر” دێت. ڕۆشنگەربوون واتە زۆر بە ڕوونی لە شتەکان تێبگەیت. بووداییەکان پێی دەڵێن بەئاگاهاتنەوەی بوودا. لە شازادە بوونەوە بۆ بوون بە بوودا.
بوودا تەواوی ژیانی بۆ فێرکردنی خەڵکانی دیکە تەرخان کرد لەو شتانەی کە دۆزیبوونیەوە و فێریان ببوو. خەڵکی فێری ئەوە کرد کە بۆچی گرنگە لە ژیاندا مرۆڤ میهرەبان و ڕاستگۆ بێت. دوای مردنی بوودا، فێرکارییەکانی بەردەوام بوون و لەناو خەڵکدا مانەوە. ئەمەش ئەو زانین و فێرکاریانەن کە ئەمڕۆ بە ئایینی بوودا دەیانناسین.


کاتێک بووداییەکان ئاهەنگی ڤێساک دەگێڕن، دەچنە پەرستگاکان و گوێ لە مونکەکان دەگرن کە باسی ژیانی بوودا دەکەن. پەرستگاکان بە گوڵ دەڕازێنرێنەوە و مۆم و بخور دادەگیرسێنرێن. سەرجەم گوڵەکان بۆ بیرخستنەوەی ئەوەیە کە بوودا لە باخچەیەکدا لەدایک بووە. گوڵی نیلوفەر لە ئاینی بوودادا گرنگە. کاتێک بوودا حەوت هەنگاوی یەکەمی لە باخچەکەدا نا، گوڵی نیلوفەر لە جێشوێنپێیەکانیدا ڕووان. لە پەرستگاکەدا بووداییەکان لەبەردەم مێزەکانی قوربانگاکەدا کڕنوش دەبەن، کە پەیکەری بوودایان لەسەرە، ئەمەش وەک ڕێزلێنان لە بوودا و دارما و سانگا (واتا مونک و ڕاهیبەکان). زۆرێک لە بووداییەکان بۆ پێدانی خواردن بە مونکەکان دەچنە پەرستگاکە. هەندێکیان مێدیتەیشن دەکەن (دەچنە خەڵوەتەوە)، پارە یان شتێک دەبەخشن بە پەرستگاکان و ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی. هەروەها شتێکی ئاساییە کە ئاو و برنج و میوە لەبەردەم پەیکەرە جۆراوجۆرەکانی بوودا ببەخشرێن و بکرێنە قوربانی.



شتێکی ئاساییە کە خانوو و ماڵ و پەرستگاکان بە فانۆس و ئاڵای بوودایی بڕازێنرێنەوە. هەروەها لە هەندێک شوێن فانۆسەکان بەرەو ئاسمان بەرز دەکرێنەوە. زۆر کەس بە مەبەستی پیرۆزباییکردن کارتی ڤێساک بۆ یەکتر دەنێرن و هیوای ئاهەنگێکی خۆش بۆ یەکتر دەخوازن.




Film om koreansk Vesak فیلمێک دەربارەی ڤێساک لە وڵاتی کۆریا
Lær mer om hinduismen




Alle bilder er hentet fra Adobe Stock