Den kristne påskefortellingen // جەژنی قیامەت
مەسیح (یەسوس) لەگەڵ ١٢ لە شوێنکەوتووانی کەوتە گەڕان لێرەو لەوێ بۆ ئەوەی باسی خودا بۆ خەڵکی بکات. مەسیح کابرایەکی باش بوو، یارمەتی خەڵکانی هەژار و نەخۆشی دەدا. مەسیح هاوڕێ و دۆستی زۆری هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دوژمنی زۆریشی هەبوو. هەندێک لە سەرکردە و سەرۆکەکانی وڵات مەسیحیان خۆش نەدەویست، چوونکە دەترسان کەمەسیح دەسەڵاتی زیاد بکات و خەڵکەکە گوێ لە قسەکانی بگرن و چیدی گوێ لەوان نەگرن.
یەکشەممەی چڵە خورما

ڕۆژی یەکشەممەی پێش جەژنی قیامەت، مەسیح و شوێنکەوتووەکانی بە گەشت چوون بۆ ئورشەلیم (Jerusalem) بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی جەژنی قیامەتدا.
مەسیح داوای لە دووان لە شوێنکەوتووەکانی کرد، کە کەرێکی بۆ پەیدا بکەن. پاشان سواری کەرەکە بوو و بەرەو ئورشەلیم کەوتە ڕێ. لەوێ وەک پاشا پێشوازیی لێکرا. خەڵکەکە لقی دار خورمایان وەک ئاڵا ڕادەوەشاند و هەمووان هاواریان دەکرد: ” بەخێربێت، بەخێربێت، پاشاکەمان گەیشت”.
پێنجشەممەی ئەشکەنجە و قوربانی

ئەو ئێوارەیە مەسیح شوێنکەوتووەکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی پێکەوە نانی جەژنی قیامەت بخۆن. لەو سەردەمەدا ئەوە باو بوو، کە پێش چوونە ژوورەوە دەبووایە قاچیان بشۆردایە، چوونکە بە پێی پەتی یان بە نەعلەوە هاتوچۆیان دەکرد و بەمەش قاچیان زۆر پیس دەبوو. مەسیح خۆی لە پێش دەرگاکە وەستا بوو و قاچی قوتابی و شوێنکەوتووانی دەشووشت. ئەم کارەی بۆیە دەکرد تا پیشانی بدات کە دەبێت هەمووان یارمەتیی یەکتری بدەن.

لە کاتی نانخواردندا مەسیح وتی: “ئەمە دواهەمین جارە کە ئاوا پێکەوە کۆبینەوە، چوونکە ماوەیەکی زۆر نابات، من دەگیرێم و دەمرم”. هەروەها وتی، کە یەکێک لە شوێنکەوتووەکانی خۆی یارمەتی جەنگاوەرەکان دەدات بۆ بەگرتدانی.

یودا کە یەکێک بوو لە خوێندکارانی مەسیح، پێی وابوو کە مەسیح دەبێتە پاشایەکی دەوڵەمەند و بەهێز. بەڵام کاتێک کە بینی کە مەسیح گوێ بە هێز و پارە نادات، تووڕە بوو لە مەسیح.
پاش نانخواردن، درەنگانی شەو مەسیح خوێندکارەکانی لەگەڵ خۆیدا بردە ناو باخێکەوە. لەوێ داوای لێکردن کە لە خودا بپاڕێنەوە. یودا جەنگاوەرەکانی لەگەڵ خۆیدا بردە ناو باخەکەوە و شوێنی مەسیحی پێ نیشان دان. بەرامبەر بەم کارەی، ٣٠ پارەی زیوینی وەک پاداشت وەرگرت. مەسیح دەیزانی کە یودا کارێکی لەو جۆرە دەکات، هەربۆیە بە ئاشتی و خۆبەخشانە خۆی بەدەست جەنگاوەرەکانەوە دا.
هەینیی درێژ- لێپرسینەوە، حوکمدان، لە خاچدان و ناشتن
مەسیح دەیزانی کە ئەو دەبێت بمرێت. خودا دەمێک بوو پلانی ئەوەی دانابوو. هەر ئەو کاتەی مەسیح هاتە سەر زەوی دەیزانی کە شتێکی لەو جۆرە ڕوودەدات. ئەو لەدایکبوو بۆئەوەی سزای سەرجەم کارە خراپەکانی مرۆڤ بچێژێت کە کردوویانە و دەیکەن. ئێستا، ئیتر کاتەکە هات، جەنگاوەرەکان مەسیحیان بۆ لای سەرکردەکانیان برد. ئەوان باوەڕیان بەوە نەدەکرد کە مەسیح کوڕی خودا بێت. ئەوان گوتیان: “مەسیح دەبێت بمرێت، چوونکە خۆی بە کوڕی خودا ناو دەبات”. مەسیحیان لە شوێنێک بە ناوی گولگاتا بە بزمار لە خاچ دا. مەسیح لەو شوێنەدا مرد.

پێش ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەمە شێوازیکی باو بوو بۆ سزادانی تاوانباران. ڕۆژێکی ناخۆش و کاریگەر بوو بۆ لایەنگر و شوێنکەوتووانی مەسیح. ئەوان نەیاندەزانی کە خودا پلانی سوپرایزێکی لەو جۆرەی بۆ ئامادەکردوون. چیدی ئەوان دڵتەنگ و غەمبار نابن.
سەر لە ئێوارەی پێش ڕۆژی قیامەت- پاسەوانی کردنی قەبرەکە

پاش مردنی مەسیح هاوڕێکانی لاشەکەیان خستە ناو کونە بەردێکەوە (ئەشکەوتێک)، کە پیاوێک بە ناوی جۆزێڤ ئەو شوێنەی پێ بەخشین. بەردێکی گەورەشیان نا بە بەردەم کونە بەردەکەوە. سەرۆک دوو جەنگاوەری نارد بۆ ئەوەی پاسەوانی شوێنەکە بکەن بۆ ئەوەی هیچ کەسێک لاشەکەی مەسیح نەدزێت.
ڕۆژی یەکەمی جەژنی قیامەت – سەرلە بەیانیی ڕۆژی قیامەت
سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بوومەلەرزەیەک ڕوویدا. فریشتەیەک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و بەردی بەردەم کونەبەردەکەی لابرد. پاسەوانەکان بە بینینی فریشتەکە ترسان و ڕایانکرد.
پاشان هاوڕێیەکی مەسیح کە ناوی مارییا ماگدەلێنا بوو هات. کە بینی بەردەکە لابراوە چووە ناو کونەکەوە، لەوێ فریشتەکەی بینی. فریشتەکە وتی: “مەسیح لێرە نییە، ئەو لە ژیان دایە. بڕۆ بە هەموو هاوڕێیکانت ڕابگەیەنە کە با بێن و بیبینن!” ماگدەلێنا بە خۆشییەوە ڕایکرد بۆ گەیاندنی ئەو هەواڵە خۆشە.

ڕۆژی دووهەمی جەژنی قیامەت
یەکەم جار کەس باوەڕی بە ماگدەلێنا نەکرد. بەڵام ئەو ڕاستی دەکرد.
ڕۆژی دووهەمی جەژنی قیامەت، مەسیح بۆ بینینی ئەوان گەڕایەوە. ئەو هەر بە ڕاستی لە مردن گەڕابووەوە!
ڕۆژی هەڵکشانەوەی ڕۆحی کریستیانی
پاش چل ڕۆژ مەسیح جێگایەکی بۆ شوێنکەوتووانی لە پەنا شاخێکی گەورەدا ئامادەکرد. دەستەکانی بەرزکردەوە و پیرۆزبایی لێکردن و گوتی: “باسی من بۆ هەموو مرۆڤەکان بکەن”. پاشان هەستایە سەرپێ و بەرەو ئاسمان هەڵکشایەوە.
ئیتر ئەم ڕۆژە لای مەسیحییەکان بە ڕۆژی هەڵکشان –میعراج-ی مەسیح ناو دەبرێت. پەڵە هەورێک جەستەی داپۆشیبوو بۆئەوەی چیتر نەیبینن. بۆ ماوەیەکی درێژ بەپێوە وەستان و لە ئاسمانیان دەڕوانی.
لە ناکاو دوو فریشتەیان لە ناو خۆیاندا بینی. فریشتەکان پرسییان “بۆچی هێشتاکە لێرە وەستاون و لە ئاسمان و هەورەکان دەڕوانن؟ “مەسیح بەرەو ئاسمان ڕۆیشتووە. ڕۆژێک دێت، کە بە هەمان ڕێگادا کە ئێوەی لێوە بەجێهێشت، دەگەڕێتەوە”
ئیتر شوێنکەوتووانی مەسیح بە دڵی خۆشەوە بۆ ناو شار گەڕانەوە. مەسیح زۆر شتی فێرکردن. ئەوان هەردەم بیر خۆیان دەهێنایەوە کە مەسیح پێێ گوتبوون: “نە نیگەران بن و نە بترسن. متمانەتان بە خودا و بە من هەبێت. لە ماڵی خودادا گەلێک ژوور هەن. جێگەیەک بۆ هەر یەکێکتان ئامادە دەکەم. ڕۆژێک لە ڕۆژان دەگەڕێمەوە و لەگەڵ خۆمدا دەتبەم بۆ ئەو شوێنەی کە منی لێم”.

Illustrajoner fra Adobe Stock
No posts