Det gamle Egypt // میسری کۆن
میسری کۆن و ڕووباری نیل
زۆربەی خاکی میسری کۆن بیابان و وشکایی بوو. ئەگەر ڕووباری نیل نەبووایە، ژیانکردن لەم خاکەدا زۆر گران و ئەستەم بوو. نیل درێژترین ڕووبارە لە جیهاندا و بەناو چەندین وڵاتدا دەڕوات. کاتێک دەگاتە ناو میسر، پانییەکەی فراوانتر دەبێت و لەوێو دەڕژێتە ناو دەریای ناوەڕاستەوە.
وەک شارستانێتیی میزۆپۆتامیا، ئاوی ڕووباری نیلیش بۆ کشتوکاڵ و بەردەوامبوونی ژیان لە ناوچەکەدا گرنگییەکی زۆری هەبوو. لە میسر، ساڵانە لە کاتێکی دیاریکراودا لافاو هەڵدەستا. هەموو ساڵێک، لە مانگی تەمموز (جولای)ەوە هەتا مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) وەختی لافاو هەستان بوو. بەهۆی ئەوەی میسرییەکان باش ئاشنای کات و شوێنی لافاوەکان بوون، دەیانتوانی پێشوەخت ئامادەکاری بکەن؛ ئەویش به دروستکردنی دیوار و حەساری زیاتر بە دەوری شار و کێڵگەکاندا، و هەروەها بە خاڵیکردنەوەی بەنداوەکان. لافاوەکانی نیل بە قەبارە و کاریگەری، وەک لافاوەکانی میزۆپۆتامیا گەورە و توند نەبوون.
زۆرێک لە میسرییەکان جووتیار بوون. سەرقاڵی کاری چاندن بوون، خاوەنی ئاژەڵی ماڵی بوون و دەچوونه ڕاو و ڕاوشکاری و ماسیگرتن. هەندێکیشیان کاری دەستییان دەكرد، بۆ نموونە وەكو بەنایى، نانەوایى، دروستكردنى بەلەم و كەشتى و ئاسنگەرى.
جووتیارەکان لە کێڵگەکاندا، کەتانیان دەچاند که ژنان قوماشیان لێ دەچنى. خێزانەکان به درێژایی کەناری ڕووبارەکە جۆرە قامیشێکی تایبەتیان کۆدەکردەوە، کە ناوی پاپیرۆس بوو. لەو قامیشە نەعل و بەلەم و کاغەزیان دروست دەكرد. وشەى کاغەز له ناوی ئەو جۆره قامیشەوه هاتووە.
میسرییەكان سیستمێکی نووسینیان هێنایه ئاراوە کە پێی دەگوترێت هیرۆگلیفی. لە کاتێکدا خەڵکانی میزۆپۆتامیا نووسینەکانیان لەسەر لەوحەی قوڕین دەنووسی، ئەوا میسرییەکان بە پێچەوانەوە لەسەر پاپیرۆس دەیاننووسی.


فيرعەون
پاشا لە میسر زۆر بەهێز بوو. ئەو لە کۆشکێکی گەورە و خۆشدا دەژیا و ئەرکی سەرەکیی ئەویش ئەوە بوو کە لە بارودۆخ و ژیانی خەڵک ئاگادار بێت. میسرییەکان باوەڕیان وابوو کە پاشا کوڕی خودایە، بۆیە زاتیان نەدەکرد ناوی بهێنن. هەربۆیه بە فیرعەون ناویان دەبرد، که به مانای “خانووی گەوره” دێت. بوونه فیرعەون به میراتی لە باوکەوە بۆ کوړ دەمایەوه. دانیشتووان پێویست بوو باج بە فیرعەون بدەن. ئەو باجە پارە نەبوو، بەڵکوو بە شێوەی بەشێک لەو بەروبووم و بەرهەمانەی کە دەیانچاند یان دروستیان دەکرد باجەکەیان دەدا. فیرعەون بەنداو، کەناڵی ئاو و پەرستگای بونیاد دەنا، و خەڵکەکەش دەبوو لەو کارانەدا یارمەتی بدەن.

هەرەمەكان

میسر به وڵاتی هەرەمە گەورەکان ناسراوە، کە گۆڕی هەندێک لە پاشاکانی وڵاتەكەی تێدایە. میسرییەكان باوەڕیان بە ژیان و زیندووبوونەوەی دوای مردن هەبوو، لەبەرئەوە بە لایانەوە گرنگ بوو کە پاشاکانیان بە باشی لە گۆڕدا بنێژرێن. بڕێکی زۆر خشڵ و ئاڵتوون، خواردن، جلوبەرگ و چەکیان لە پاڵ لاشەکەدا دەناشت بۆ ئەوەی پاشاکانیان لە ژیانی داهاتوویاندا بەكاریان بهێنن. بۆ پاراستنی جەستەى مردووەكان دەچوون لاشەكانيان لە باندجى برينپێچى دەپێچایەوە و مۆمیایان دەكردن.

سەرەتا مردووەكەیان بە شێوازێكی تایبەت دەشوشت، پاشان مێشک و ناوسکیان، جگه له دڵی دەردەهێنا و دەیانخستنە ناو گۆزەی تایبەتەوه. لاشەکه به كرێم و زەیتی جۆراوجۆر چەور دەکرا. دوای ئەوه لاشەكە دەخرایە ناو باندجی درێژەوه. له کۆتاییدا مۆمیاکه لەگەڵ وێنەی مردووەکەدا دەخرایە ناو تابووتی تایبەتەوە.

زۆرێک لە فیرعەونەکان و هەندێک لە پیاوە زۆر دەوڵەمەندەکان له هەرەمی تایبەت به خۆیاندا دەنێژران. نزیکەی پەنجا هەرەم له میسر دروستکراون. هەرەمه هەره گەورەكەیان ناوی “هەرەمی خۆفۆ “یه، که به ناوی ئەو پاشایەوه ناونراوە کە لەوێدا نێژراوە و ناوی خۆفۆ پاشایە (لە دەوروبەری ٢٥٨٩ هەتا ٢٥٦٦ پێش زایین حوکمی کردووە). ئەم هەرەمه دەكەوێتە بیابانی جیزەوە، ناوچەیەكە دەكەوێتە دەرەوەی قاهیرەی پایتەختی ئەمڕۆی میسر. لە بەشەكەى پاشا، كە دەكەوێتە شاری ئەقسەرەوە، مۆمیا و میراتی و شتە بەجێماوەكانی دۆزراونەتەوە.
ئايا زانيوته؟
- ١. لە ٪٩٦ی وڵاتی میسر بیابانه.
- ٢. ڕووباری نیل ٦٥٠٠ کیلۆمەتر درێژە.
- ٣. هەرەمەکانی میسر وەک یەکێک لە حەوت پاشماوە سەیر و ناوازەکانی جیهان هەژمار دەكرێت! (دەتوانیت بزانیت شەش دانەکەی تر چین؟).
- ٤. هەرەمی خۆفۆ بەرزییەكەی ١٣٧ مەترە و لە دوو ملیۆن و نيو بلۆكى بەردین دروستكراوە.
- ۵. نووکی هەرەمەکه له ئاڵتوون دروستکراوە.
- ٦. هەرەمی بەناوبانگی دیكە لە وڵاتانی مەکسیک و پێرو هەن.
- ٧. به درێژایی مێژوو دز و جەردە، پاشماوەی بەنرخ و پړ بەهایان لە هەرەمەکان دزیوه.
