Hinduismen // هیندویزم (ئاینی هیندۆسی)
ئاینی هیندۆسی یەکێکە لە ئاینە هەرە کۆنەکانی جیهان. کەسێک کە باوەڕی بە ئایینی هیندۆسی هەبێت پێی دەوترێت هیندۆس. ئاینی هیندۆسی سێهەم گەورەترین ئاینە لە جیهاندا.
باوەڕ
هیندۆسەکان پێیان وایە هەموو شتێک لە گەردووندا بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لە لایەن یاسای دیاریکراوەوە بەڕێوە دەچێت. مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک ئەرکی دیاریکراویان هەیە، ئەمەش پێی دەوترێت دارما.
هیندۆسەکان پێیان وایە هەموو شتێک کە لەدایک دەبێت، دەمرێت و دووبارە لەدایک دەبێتەوە. ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت لەدایکبوونەوە، کە بە سامسارا ناودەبرێت. ئەگەر ژیانێکی باش بژیت، دەتوانیت خۆت لە لەدایکبوونەوە بەدوور بگرێت. ئەو کاتە لە ژیان لەسەر زەوی ڕزگارت دەبێت، و دەتوانیت لەگەڵ خوداوەندەکاندا بژیت. ئەمەش بە مۆکشا ناودەبرێت.
خوداوەندەکان
لە ئایینی هیندۆسیدا ملیۆنان خوداوەند و چەندین نەریت و چیرۆک و بەسەرهاتی جیاواز هەیە. هەندێک لە خوداوەندەکان بە تایبەت گرنگن، بۆ نموونە خوداوەندەکانی براهما و ڤیشنو و شیڤا. براهما ئەو خوداوەندەیە کە جیهان دروست دەکات و حوکمڕانی بەسەر هەموو شتە دروستکراوەکاندا دەکات. ڤیشنو ئەو خوداوەندەیە کە چاودێری جیهان دەکات و چارەنووسی مرۆڤەکان کۆنتڕۆڵ دەکات. خوداوەند شیڤا هەموو ژیان لەناو دەبات، بەڵام هەر ئەویشە کە ژیانی نوێ دروست دەکاتەوە. هەرچەندە خوداوەندەکان زۆرن، بەڵام کەسێکی هیندۆس پێێ وایە کە هەموو خوداوەندەکان لە ڕاستیدا کۆپییەکی ڕۆحی جیهانی براهمانن. ئەوەش هێزێکە کە لە هەموو شتێکدا بوونی هەیە کە دەژی.
پەرستگاکانی هیندۆسی
پەرستگاکان خانووی ڕۆحین بۆ هیندۆسەکان. چۆنیەتی دیزاین و ڕازاندنەوەی پەرستگاکان بەپێی شوێنە جیاوازەکان لە جیهاندا دەگۆڕێن و جیاوازن، بەڵام وێنە و پەیکەری خوداوەندەکان لە هەموو شوێنێکدا هەر یەک شێوەن. هەر پەرستگایەکی هیندۆسی بۆ ڕێزلێنان لە یەکێک لە خوداوەندەکان دروستکراوە، بەڵام لەوانەیە پەیکەر یان وێنەی چەندین خوداوەندی تێدابێت.
دەقە پیرۆزەکان
لە ئاینی هیندۆسیدا چەندین دەقی پیرۆز هەیە. ئەو دەقانە باس لەوە دەکەن کە لە ژیاندا چی ڕاست و چی نادروستە و باس لەوە دەکەن کە هیندۆسەکان بە چ شێوەیەک دەبێت ئایینەکەیان ئەنجام بدەن. زۆرێک لە دەقەکان تەمەنیان لە چەند هەزار ساڵێک زیاترە. زۆرێک لە هیندۆسەکان کاتێک سەردانی پەرستگاکە دەکەن گوێ لە دەقە پیرۆزەکان دەگرن. لەو کاتانەدا براهیمینییەکان دەقەکانیان بۆ دەخوێننەوە. براهیم قەشەیەکە.
پوجا
پوجا واتە پەرستنی خودا. هیندۆسەکان دەتوانن لە پەرستگایەک یان لە قوربانگای ماڵەکانیان یان لە دەرەوە لە سروشتدا خوداپەرستی خۆیان بکەن. پوجا لەبەردەم پەیکەر یان وێنەی خوداوەندەکاندا ئەنجام دەدرێت. هیندۆسەکان پەیکەری خوداوەندەکان دەشۆن و گوڵ و خواردن و شیر لەبەردەمیان دادەنێن. خەڵک مۆم و بخوور دادەگیرسێنن، گۆرانی دەڵێن و نوێژ دەکەن.
ژیانی ڕۆژانە
لە ئایینی هیندۆسیدا ڕەچاوکردنی هەموو زیندەوەران گرنگە. بۆیە ڕێنمایی و یاسایەکی گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ نابێت زیان بە زیندەوەران بگەیەنێت. مانگا بە پیرۆز دادەنرێت. مانگا شیر دابین دەکات، کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی. مرۆڤ بە کۆرپەیی شیری دایک دەخواتەوە، بەڵام شیری مانگا بە درێژایی ژیانمان دەخۆینەوە. هیندۆسەکان وا تەماشای مانگا دەکەن کە وەک دایکێکە بۆ هەمووان. مانگا چەندین ئەرکی گرنگی هەیە، هەربۆیە خەڵکانێکی زۆر لە ئایینی هیندۆسیدا پەیوەندییەکی بەتینیان لەگەڵ مانگادا هەیە و بەو هۆکارەشەوەیە کە نایانەوێت گۆشت بخۆن.
ئایینی هیندۆسی شێوازێکی ژیانە. ئەوەی مرۆڤ دەیکات گرنگە و یەکلاکەرەوەیە، نەک ئەوەی بیری لێدەکاتەوە. نیشاندانی ڕێز گرنگە، بۆ نموونە گرنگە ڕێزت بۆ کەسە بەتەمەنەکان هەبێت. کاتێک منداڵان چاویان بە کەسانی بەتەمەن یان ئەندامانی خێزانەکانیان دەکەوێت، بە سڵاوکردن و بە جووتکردنی هەردوو لەپی دەستیان پێکەوە ڕێزگرتنی خۆیان نیشان دەدەن. لە بەرامبەردا منداڵەکان بەرەکات لەوانەوە وەردەگرنەوە.
فیستیڤاڵ و ڕێوڕەسمەکانی هیندۆسی
هیندۆسەکان چەندین جەژنی جۆراوجۆریان هەیە. ئەستەمە بتوانین بزانین ژمارەی ئەو جەژنانە چەندە. گەلێک جەژنی بچووک هەن کە لە شوێنی جیاواز جیاواز بەڕێوەدەچن و جەژنی گەورەش هەن کە لە سەرانسەری جیهانی هیندۆسیدا بەڕێوەدەچێت. جەژنەکان دەشێت سەبارەت بە ڕووداوە ئەفسانەییەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژانە بن یاخود هەردووکیان، دیوالی و هۆلی دوو جەژنی ئایینی هیندۆسین. دیوالی جەژنی ڕووناکییە. ڕووناکی یارمەتی خوداوەندەکان دەدات تا تاریکی بڕەوێننەوە و چاکە بەسەر خراپەدا سەردەخات. هۆلی جەژنی ڕەنگەکانە. هۆلی پێشوازییە لە دەستپێکی بەهار و هەموو ڕەنگەکان هێمای خواستنی ئومێدی ساڵێکی تازەی ئاڵ و واڵا بە چەندین جۆر ڕووەکی ڕەنگاوڕەنگەوە.
ڕێوڕەسمەکانی تێپەڕین و گواستنەوە لە ئایینی هیندۆسیدا گرنگن. ڕێوڕەسمەکان یان کردارە جۆراوجۆرەکان ئاماژەن بۆ گواستنەوەی هیندۆس لە قۆناغێکی ژیانەوە بۆ قۆناغێکی تر، بۆ نموونە وەک چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیری یان قۆناغی گواستنەوە لە منداڵییەوە بۆ گەنجێتی. گواستنەوەیەکی دیکە لە ڕێوڕەسمی پەتی پیرۆزدا بەرجەستە دەکرێت. لەم ڕێوڕەسمەدا منداڵانی نێرینە پەتێکی سووریان پێدەدرێت کە لە مەچەکیانی دەبەستن. بەوە پێشوازی و بەخێرهاتنیان لێدەکرێت بۆ ناو ئاین و ئیتر ئێستا ئامادەن بۆ فێربوونی دەقە پیرۆزەکان. جەژن و ڕێوڕەسمەکان لە وڵات و ناوچە جیاوازەکان و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە شێوەی جیاواز جیاواز بەڕێوەدەچن.
شوێنە پیرۆزەکان لای هیندۆسەکان
ژمارەیەکی زۆری هیندۆسەکان لە هیندستان دەژین. بۆیە زۆر شوێن لە هیندستان لای هیندۆسەکان پیرۆزن. هیندۆسەکان پێیان وایە کە بوونیان لە شوێنە پیرۆزەکان ڕزگاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕووباری گەنگ و زنجیرە چیای هیمالایا بە شوێنی ئیلاهی/خودایی دادەنرێن. هیندۆسەکان پێیان وایە خوداوەندی شیڤا پەیوەستە بە چیای هیمالایا و ڕووباری گەنگەوە. خۆشۆردن و مەلەکردن لە گەنگدا کردارێکی باوە. جۆرێکە لە پاکبوونەوە و ڕزگاربوون. خەڵکانێکی زۆر وەک زیارەتکار و حەج بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکان دەچنە ڕووباری گەنگ و شاری پیرۆزی ڤاراناسی.
دەربارەی ئایینی هیندۆسی زیاتر بزانە و فێربە
Bildekort: Divali // کارتی وێنەیی: دیوالی
Bildekort med ord, bilde og lyd som handler om høytiden Divali
Divali // دیوالی
En kort lesetekst med bilder og lyd om lysfesten Divali
Høytidskalender: Divali (ekstern lenke)
Les om Divali. Veilederkorpset i Stavanger kommune har publisert en flerkulturell kalender som viser ulike høytider.
Høytidskalender: Holi (ekstern lenke)
Les om Holi. Veilederkorpset i Stavanger kommune har publisert en flerkulturell kalender som viser ulike høytider.