Jødedommen // ئاینی جوولەکە
ئاینی جوولەکە نزیکەی پێش چوار هەزار ساڵ لەمەوپێش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەریهەڵداوە. وشەی جوولەکە ئاماژەیە بۆ کەسێک کە سەر بە گەلی جوولەکە بێت، جا چ لە ڕووی ئایینییەوە، یان لە ڕووی کولتوورییەوە، یاخود لە ڕووی نەتەوەییەوە بێت.
نزیکەی ١٥ ملیۆن جوولەکە لە جیهاندا هەن. زۆربەیان لە ئیسرائیل یان لە ئەمریکا دەژین. بە هاوشێوەی ئاینی کریستیان (مەسیحیەت) و ئیسلام، باوەڕبوون بە یەک خودایی لە ئاینی جوولەکەشدا سەنتراڵە. لەناو سێ ئایینە یەکتاپەرستەکاندا، ئایینی جوولەکە کۆنترین ئاینە.
ئایینی جوولەکە چەند ئاراستەیەکی جیاوازی هەیە، کە ئایینەکە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەدەنەوە و پراکتیزەی دەکەن. جوولەکەی ئۆرتۆدۆکسی، جوولەکەی کۆنەخوازیی کۆنسەرفاتیڤ و جوولەکەی چاکسازی، نموونەی ئاراستە جیاوازەکانن.
باوەڕ و ئیمان
جوولەکەکان باوەڕیان بە یەک خودا هەیە. خودا جیهانی دروست کردووە و لە ڕێگەی یاساکانیەوە ڕێنمایی مرۆڤەکان دەکات. ئایینی جوولەکە بە پەیمانی نێوان خودا و ئیبراهیم دەستی پێکرد، کە تێیدا خودا ڕێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ئیبراهیمدا کرد. خودا بەڵێنی دا کە ئیبراهیم دەبێتە باوکی نەتەوەیەکی گەورە، گەلی ئیبراهیمیش خاکی کەنعان وەربگرن. لە بەرامبەردا ئیبراهیم و نەوەکانی دەبوو شوێن خودا بکەون و بەپێی یاساکانی ئەو بژین.
بەها گرنگەکان لە ئایینی جوولەکەدا بریتین لە خێرخوازی و لێبوردن و دادپەروەری. باوەڕ یان ئیمان کاریگەری لەسەر زۆر لایەنی ژیانی ڕۆژانە دادەنێت. یاسا و داب و نەریتی ورد هەیە کە پەیوەندی بە خواردن و جل و بەرگ و نوێژ و جەژنەکانەوە هەیە. جوولەکەکان بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە دەیانەوێت پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ خودادا بپارێزن.

کەسایەتییە پیرۆزەکان
لە ئاینی جوولەکەدا، پیاوسالاری ئیبراهیم و کوڕەکانی ئیسحاق و یاقوب بە کەسایەتی پیرۆز دادەنرێن. ئەوان وەک باوباپیرانی گەلی جوولەکە سەیر دەکرێن و لە پەیمانەکەی لەگەڵ خودادا سەنتراڵن.
موسا بە گەورەترین پێغەمبەر دادەنرێت. لە چیای سینا دە فەرمانەکەی لە خوداوە وەرگرت. یارمەتی گەلی جوولەکەی دا بەوەی لە کۆیلایەتی لە میسر ڕزگاری کردن.
ئایینی جوولەکە هیچ قەدیسێکی پیرۆزی نییە، بەڵام چەندین کەسایەتی پیرۆزی هەیە. ئەمانە نموونەی ئیمان و سەرکردایەتی و گوێڕایەڵین بۆ خودا.

کتێبە پیرۆزەکان
تەناخ کتێبێکی پیرۆزە کە بنەمای باوەڕ و نەریتی جولەکەکان پێکدەهێنێت. تەناخ هەم ڕێبەرێکی مێژووییە و هەم ڕێبەرێکی ڕۆحییە، کە یاساکانی خودا و مێژووی ئیسرائیل دەگەیەنێت. تەناخ لە سێ بەش پێکدێت. گرنگترین بەشیان تەوراتە. تەورات پێکهاتووە لە پێنج کتێبەکانی موسا، کە یاسا و ڕێنمایی ئێتیکی (ئەخلاقی) و گێڕانەوەی مێژوویی تێدایە.
تەلمود تێکستێکە کە تەناخ لێکدەداتەوە. تەلمود باس لەوە دەکات، کە مرۆڤ دەبێت بە چ شێوەیەک ژیانێکی ئایینیانە بژی و ڕێسا و ئەرکەکانی جوولەکەکان ڕوون دەکاتەوە. ئەو کەسانەی تەناخ لێکدەدەنەوە شارەزای یاساکانن و پێیان دەوترێت حاخام.

ماڵی پەرستنی خودا
ماڵی پەرستنی خودای جوولەکەکان پێیان دەوترێت سیناگوگە. سیناگوگە واتە پەرستگاکان گرنگترین شوێنی کۆبوونەوەیە بۆ چالاکییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەو شوێنەیە کە جوولەکەکان بۆ نوێژ و خوێندن و پێکەوە خزمەت و پەرستنی خودا کۆدەبنەوە. هەروەها پەرستگاکە بۆ وانەوتنەوە و ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕانی جەژن و چالاکییەکانی تر بەکاردەهێنرێت کە خەڵک لەدەوری یەکتر کۆبکاتەوە.
گرنگترین پێکهاتەی پەرستگاکە ئارۆن ها-کۆدەشە کە بە واتای سندوقی پیرۆز دێت. لەو سندووقە پیرۆزەدا دەستنووسەکانی تەوراتی تێدا پارێزراوە. دەشێت پەرستگاکان لەڕووی قەبارە و دیزاینەوە جیاواز بن، بەڵام هەمیشە ڕوویان لە یورشەلیم (قودس) دەبێت.






جەژن و ڕێوڕەسمەکان
ئاینی جوولەکە چەندین جەژن و ڕێوڕەسمی هەیە کە یادی ڕووداوی گرنگ لە مێژووی ئاینەکە و لە ژیانی جوولەکەکاندا دەکەنەوە. لە گرنگترین جەژنەکان شەبات (شەممە)، پێسح، یۆم کیپور و هانۆکاهن.
هەموو هەفتەیەک جەژنی شەبات بەڕێوەدەچێت، کە لە کاتی خۆرئاوابوونی ڕۆژی هەینییەوە هەتا کاتی خۆرئاوابوونی ڕۆژی شەممە دەخایەنێت. ڕۆژی شەبات یان شەممە کاتی پشوودان و نوێژکردن و پێکەوەبوونە. پێسح ئاهەنگی یادکردنەوەی کۆچکردنی جوولەکەکانە لە میسر و ڕزگاربوونیان لە کۆیلایەتییە.
یۆم کیپور پێی دەوترێت ڕۆژی کەفارەت. ئەمە پیرۆزترین ڕۆژی ساڵە، کە بۆ بەخۆداچوونەوە و تەوبەکردن و ڕۆژووگرتن بەکاردێت. هانوکا فێستیڤاڵی چراکانە کە بە داگیرساندنی مۆم لەناو مۆمدانێکدا کە پێی دەوترێت مێنۆرا بەڕێوەدەچێت.

