Landsdeler og fylker i Norge // هەرێم و پارێزگاکانی نەرویج

Denne teksten finnes på flere språk. Tanken er at teksten skal være et supplement til andre læremidler og andre aktiviteter i opplæringen. Det er altså ikke meningen at disse ressursene skal stå alene, men at de kan brukes i innledning til arbeid med temaet.

Teksten kan, for eksempel, brukes sammen med tospråklig lærer for å aktivere elevenes kunnskaper om temaet, og å bidra til at eleven lærer fagspråk.

کامانەن هەرێمەکانی نەرویج؟ وڵات بەسەر چەند پارێزگادا دابەش بووە؟

.

شتێکی ئاساییە کە نەرویج بەسەر پێنج هەرێمدا دابەش کرابێت: نوور نۆرگە (باکووری نەرویج)، ترۆندێلاگ، ئوێستلاندە (ڕۆژهەڵاتی نەرویج)، سوێرلاندە (باشووری نەرویج) و ڤێستلاندە (ڕۆژئاوای نەرویج). هەر هەرێمێک لە یەک یان چەند پارێزگایەک پێکدێت.

لە نەرویج ١٥ پارێزگا هەیە. پارێزگاکان یەکەی بەڕێوەبردنن، واتە بە شێوەیەکی سیاسییانە بەڕێوەدەبرێن. ئەنجومەنی پارێزگاکان خۆیان پارێزگاکان بەڕێوەدەبەن. ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

نوور نۆرگە (باکووری نەرویج)

هەرێمی نوور نۆرگە (باکووری نەرویج) دەکەوێتە دوورترین ناوچەی باکووری وڵاتەکە. ئەم پارێزگایە لە سێ پارێزگای فینمارک، ترۆمس و نوردلاند پێکدێت.

بەشی هەرە زۆری باکووری نەرویج دەکەوێتە باکووری بازنەی جەمسەری باکوورەوە. لە باکووری بازنەی جەمسەری باکوور، بەشێکی وەرزی زستان کاتی تاریکییە و لە بەشێکی هاویندا خۆری نیوەشەو midnattssol هەیە. لە کاتی تاریکبووندا، مرۆڤ لە هیچ کاتێکی شەو و ڕۆژدا ناتوانێت خۆر ببینێت. بە پێچەوانەشەوە لە ماوەی کاتی خۆری نیوەشەودا، مرۆڤ دەتوانێت هەم لە کاتی ڕۆژ و هەم لە کاتی شەودا خۆر ببینێت. هەتا زیاتر بەرەو باکوور بڕۆین، ژمارەی ئەو ڕۆژانە زیاتر دەبن کە خۆری نیوەشەو کاتی تاریکییان تێدایە. لە ناوچەی نوردکاپ لە ٢٠ی نۆڤەمبەرەوە تا ٢٢ی جەنیوەر کاتی تاریکییە، وە لە ١٤ی مانگی مای تا ٢٩ی مانگی جوولای کاتی خۆری نیوەشەوە.

لە باکووری نەرویج دەتوانیت لە زستاندا شەبەنگە ڕووناکیی باکوور nordlys ببینیت. شەبەنگە ڕووناکیی باکوور بریتییە لە ڕووناکیی سەوز و پەمەیی کە لە ئاسماندا دەجوڵێت و شەپۆل دەدات.

پارێزگای فینمارک

فینمارک دەکەوێتە ئەوپەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی نەرویجەوە و هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ڕووسیا و فینلاند. فینمارک لە ڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین پارێزگا و لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە بچووکترین پارێزگای نەرویجە. نوردکاپ شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە لە فینمارک. زۆرجار نوردکاپ بە باکووریترین خاڵی نەرویج و ئەوروپا ناودەبرێت. ئەوە تەواو ڕاست نییە، چونکە کنیڤشێلئۆدن Knivskjellodden نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە باکوورەوە دوورە.

ژمارەیەکی زۆری گەلی سام لە فینمارک دەژین. وە لە زۆر شوێنی پارێزگاکەدا زمانی سامی لەگەڵ زمانی نەرویجی هاوتا و یەکسانن. پەرلەمانی سام ئۆرگانێکی هەڵبژێردراوە لەلایەن خەڵکەوە کە ئەرکی دەستەبەرکردنی ماف و زمان و کولتووری سامییە. پەرلەمانی سامی لە شاری کاراشۆکە.

پارێزگای ترومس

ترومس دووەم باکووریترین پارێزگای نەرویجە. ئەم پارێزگایە سنووری لەگەڵ فینلاند هەیە. ترومسۆ گەورەترین شاری پارێزگاکەیە، و هەروەها گەورەترین شاری باکووری نەرویجە. شاری ترومسۆ کڵێسایەکی بەناوبانگی بە ناوی Ishavskatedralen ئیسهاڤس کاتێدراڵی لێیە. شێوەی بیناکە لە شێوەی سەهۆڵبەندان و شاخە.

پارێزگای نورلاند

نوردلاند پارێزگایەکی درێژ و تەسکە، کە هاوسنوورە لەگەڵ سوید. بودۆ گەورەترین شارە لە پارێزگای نوردلاند.

لوفوتێن دەکەوێتە پارێزگای نوردلاند و لە چەندین دوورگە پێکهاتووە. لە مانگی جەنیوەر تا مانگی ئاپریل، بڕێکی زۆر لە ماسی سکرەی لە لوفوتێن ڕاودەکرێت. سکرەی ماسی تۆرشکە (کۆدی ئەتڵەسی) کە لە بەشێکی زۆی ساڵدا لەوپەڕی باکووری دەریای بارێنتس Barentshavet دەژی. ماسی سکرەی لە ماوەی مانگی جەنیوەر تا ئاپریل دێنە کەناراوەکان بۆ هێلکەدانان. بەشێکی زۆری سکرەییەکان وشک دەکرێنەوە. ئەو ماسییانەی کە وشک دەکرێنەوە پێی دەوترێت ماسی وشککراوە. زۆربەی ماسییە وشککراوەکان هەناردەی وڵاتانی دیکەی وەک ئیتالیا و نەیجیریا دەکرێت.

بازنەی باکووری جەمسەری باکوور بەناو پارێزگای نوردلانددا تێدەپەڕێت. لە باکووری بازنەی جەمسەری باکوور کاتی تاریکبوون و خۆری نیوەشەو هەیە.

تروندێلاگ

ترۆندێلاگ دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵات و هەم هەرێمێک و هەم پارێزگایەکە لە نەرویج. وەک هەرێمێک بە ناوی میدت-نۆرگە (ناوەڕاستی نەرویج)یش ناودەبرێت. ترۆندێلاگ فیوردی درێژ و زەوی کشتوکاڵی بەپیت و شاخی بەرزی هەیە. فیورد، ڕووباری باریکن کە بە نێوان چیاکاندا دەڕۆن. درێژترین فیۆرد لە ترۆندێلاگ بریتییە لە ترۆندهیمسفیۆردن (Trondheimsfjorden) و ترۆلهێتا بەرزترین شاخە لەوێ. ترۆندێلاگ سنووری لەگەڵ وڵاتی سوید هەیە.

گەورەترین شاری پارێزگای ترۆندێلاگ بریتییە لە ترۆندهایم. شاری ترۆندهایم سێیەم گەورەترین شاری نەرویجە. کڵێسای نیداروس، کاتێدڕاڵێکی بەناوبانگە لە شاری ترۆندهایم. کڵێسای نیدارۆس باکووریترین کاتێدڕاڵی سەدەی ناوەڕاستە لە جیهاندا.

ڕوێروس شارۆچکەیەکە دەکەوێتە شاری ترۆندێلاگەوە. ڕوێروس دەکەوێتە بەرزاییەکانی شاخەکانی ڕوێروس. ئەم شارۆچکەیە بۆیە لەوێ دروستکرا، چونکە لە ساڵی ١٦٤٤دا مسیان لە شاخەکانی ئەوێ دۆزییەوە، کانەکانی مس دروستکرا. خەڵکی بۆ کارکردن لە کانەکانی مسدا ڕوویان لە ڕۆرۆس کرد. ئیتر شارۆچکەی ڕوێروس بەم شێوەیە گەشەی کرد.

ئوێستلاندە (پارێزگای ڕۆژهەڵاتی وڵات)

پارێزگای ئوێستلاندە دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە. ئوێستلاندە لە شەش پارێزگا پێکدێت. ئەوانیش بریتین لە ئۆسلۆ، ڤێستفوڵد، تێلێمارک، بوسکێرود، ئاکەرشهوس و ئینلاندێت. ئوێستلاندە دیمەنی سروشتی جۆراوجۆری هەیە بە جۆرێک کە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچە کشتوکاڵییە تەختەکان و بەشی ڕۆژئاوای ناوچە شاخاوییەکانن. هەروەها ئەم ناوچەیە چەندین دەریاچەی گەورەی هەیە، وەک میۆسا و تیریفیوردن. ڕۆژهەڵاتی نەرویج گەورەترین و پڕ دانیشتووترین هەرێمە لە نەرویج. نزیکەی نیوەی دانیشتوانی نەرویج لە پارێزگای ئوێستلاندە دەژین.

ئۆسلۆ

ئۆسلۆ پایتەختی نەرویجە و گەورەترین شاری نەرویجە. شارەکە دەکەوێتە قووڵایی ئۆسلۆفیوردەوە. شوێنە ناسراوەکانی ئۆسلۆ بریتین لە کۆشکی شاهانە، ستۆرتینگ (پەرلەمان)، باڵەخانەی ئۆپێرا و پارکی فرۆگنەر. فرۆگنەرپارکن پارکێکە کە بە پەیکەرە زۆرەکانی ناسراوە.

پارێزگای ڤێستفوڵد

ڤێستفوڵد دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئۆسلۆفیوردەوە و لە ڕووی ڕووبەرەوە بچووکترین پارێزگایە. پارێزگاکە کەنار دەریایەکی درێژ و کۆمەڵێک دوورگەی هەیە کە چەندین دوورگە و دوورگەی ناڕووەکی و دوورگەی بەردینی بچووکی تێدایە. توێنسبێرگ گەورەترین شاری ڤێستفوڵدە و هەروەها بە کۆنترین شاری نەرویج دادەنرێت.

لە ڤێستفوڵد زۆر گەڕان بۆ دۆزرینەوەی شوێنەواری سەردەمی ڤایکینگەکان ئەنجام دراوە، لەنێویاندا دۆزینەوەی کەشتیی ئوسێبێرگ. کەشتیی ئوسێبێرگ لە تەپۆلکەیەکی گەورەی ناشتن (گردە گۆڕ) لە شاری تونسبێرگ دۆزرایەوە. کەشتییەکە وەک کەشتییەکی ناشتنی یان گۆڕی دوو ژن بەکارهاتووە.

پارێزگای تێلەمارک

تێلەمارک لە کەناراوەکانەوە تا شاخە بەرزەکان درێژ دەبێتەوە. شاری شییەن و پورشگرون گەورەترین شارەکانی ئەو پارێزگایەن.

شارۆچکەی ڕیوکان کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدایە UNESCO، دەکەوێتە شاری تێلەمارکەوە. شارۆچکەکە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەلایەن کۆمپانیای نۆرسک هایدرۆوە دامەزراوە بۆ بەرهەمهێنانی پەینی کیمیاوی، ئەمەش بۆ زیادکردنی ئاسایشی خۆراک لە نەرویج و ئەوروپا.

گاوستاتۆپن بەرزترین شاخی شاری تێلەمارکە. یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی گاوستاتۆپن گاوستابانێنە (شەمەندەفەری کارەبایی گاوستا). گاوستابانێن تەلەفریکێکە کە لە تونێلێکدایە و لە دامێنی شاخەوە تا لوتکەی شاخ دەڕوات.

پارێزگای بوسکەرود

بوسکەرود دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئۆسلۆفیوردەوە و لە کەناراوەکانەوە تا هاردانگەرڤیدا درێژ دەبێتەوە. هاردانگەرڤیدا نزیکەی هەشت هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و گەورەترین بەرزە پانتاییەکانی باکووری ئەوروپایە Høyfjellsplatå. بەرزە پانتاییەکان یان پانتاییە بەرزە سەر چیاییەکان ناوچەیەکی گەورە و تاڕادەیەک تەختە کە لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە. پانتاییە بەرزەکان هەندێک جاریش بە نەرویجی پێی دەوترێت ڤیدە vidde.

گەورەترین شارەکانی بوسکەرود بریتین لە درامن، کۆنگسبێرگ و هوێنەفۆس. درامن دەکەوێتە سەر ڕووباری درامنسئێلڤا کە لە نێوان گەورەترین ڕووبارەکانی نەرویجدایە. کۆنگسبێرگ زیاتر بە کانەکانی زیو ناسراوە. کانە زیوەکان لەکار وەستاون، بەڵام کراونەتە مۆزەخانە.

پارێزگای ئاکەرشهوس

پارێزگای ئاکەرشهوس سێیەم بچووکترین پارێزگایە لە ڕووی ڕووبەرەوە بەڵام دووەم گەورەترین پارێزگایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە و نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەسی تێدا دەژی. پارێزگاکە لە ئۆسلۆفیۆردەوە لە باشوورەوە تا میۆسا لە باکوور درێژ دەبێتەوە. ئاکەرشهوس دیمەنی سروشتێکی جۆراوجۆری هەیە کە هەم کەنار دەریا و هەم دیمەنی زەوی کشتوکاڵی و هەم دارستانی تێدایە.

ئەیدسڤۆڵ دەکەوێتە باکووری پارێزگای ئاکەرشهوسەوە، ڕێک دەکەوێتە باشووری میۆساوە. ئەیدسڤۆڵ بە باڵەخانەی ئەیدسڤۆڵ بەناوبانگە. لەم باڵەخانەیەدا بوو کە یەکەمین دەستووری وڵاتی نەرویج لە ساڵی ١٨١٤دا نووسرایەوە.

فڕۆکەخانەی سەرەکی نەرویج دەکەوێتە گاردەرمون کە تەقریبەن لە ناوەڕاستی پارێزگای ئاکەرشهوسدایە.

پارێزگای ئوێستفوڵد

ئوێستفوڵد پارێزگایەکە کە دەکەوێتە هەرە خوارووی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویجەوە. ئەم پارێزگایە سنووری لەگەڵ سوید هەیە. گەورەترین شارەکانی ئەم پارێزگایە بریتین لە فرێدریکستاد و سارپسبۆرگ. درێژترین ڕووباری نەرویج، گلۆما، بەناو سارپسبۆرگدا تێدەپەڕێت و دەرچەی لە فرێدریکستاد هەیە.

فرێدریکستاد و هالدن دوو شاری ناسراون لە ئوێستفۆڵد. شارە کۆنەکەی فرێدریکستاد بە باشترین شاری قەڵادار لە باکووری ئەوروپا دادەنرێت کە تا ئێستا مابێتەوە و پارێزرابێت. مێژووی خودی پێکهاتەی قەڵاکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٧.

قەڵای فرێدریکستن قەڵایەکی مێژووییە کە دەکەوێتە شاری هالدن. قەڵاکە لە ساڵی ١٦٦١ بۆ پاراستن و بەرگری لەسەر سنووری وڵاتی سوید دروستکراوە. لە ئێستادا قەڵای فرێدریکستن شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگە.

پارێزگای ئینلاندە

ئینلاندە لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین پارێزگایە و تاکە پارێزگایە کە کەنار دەریای نییە. ئەم پارێزگایە لە ناوچە کشتوکاڵییە بەپیتەکانی ڕۆژهەڵاتەوە درێژدەبێتەوە تا دەگاتە شاخە بەرزەکان لە ڕۆژئاوا. ئەم پارێزگایە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سوید. گەورەترین شارەکانی بریتین لە هامار و لیلەهامەر و یۆڤیک. هەموو ئەم شارانە دەکەونە سەر دەریاچەی میۆسا کە گەورەترین دەریاچەیە لە نەرویج.

دوو ناوچەی شاخاویی ناسراو لە نەرویج بریتین لە شاخی دۆڤەر (دۆڤەرفییەل) و یۆتوونهایمن. هەردووکیان دەکەونە پارێزگای ئینلاندەوە. بەرزترین دوو شاخی نەرویج، بە ناوەکانی گالدهیۆپیگن و گلیتەرتیند، دەکەونە ناوچەی شاخاویی یۆتوونهایمنەوە.

ئینلاندە گەورەترین پارێزگای وڵاتە لە ڕووی زۆریی ژمارەی خانووچکە (hytte)وە، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی نەوەد هەزار خانووچکە یان خانووی کاتی پشوودان لە دەرەوەی شار و گووندەکان. زۆربەی خانووی پشووەکان دەکەونە تەنیشت شوێنە گەشتیارییە ناسراوەکانەوە، بۆ نموونە تریسیل و هافییەل و کڤیتفییەل کە هەموویان شوێنی ناسراون کە خەڵکی لە وەرزی زستاندا بۆ خلیسکانی سەر بەفر و لە وەرزی هاویندا بۆ چالاکییەکانی دیکەی ناو سروشت دەچن بۆیان.

سوێرلاندە

لە سوێرلاندە (باشووری وڵات) تەنیا یەک پارێزگا هەیە ئەویش ئاگدەرە. سوێرلاندە کۆمەڵێک دوورگە و شوێنی مەلەکردنی خۆشی هەیە. سوێرلاندە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ سەفەرکردن بۆی لە پشووی هاوینەدا، و چەندین کەنار دەریا و شوێنی کامپینگ و خانووی پشوودانی بەدرێژایی کەناراوەکانی هەیە.

سوێرلاندە بە شارۆچکە بچووکەکانی بەناوبانگە کە شەقامەکانیان تەسک و خانووە دارینەکانیان بە ڕەنگی سپی بۆیاخ کراون، بۆ نموونە شارۆچکەکانی ڕیسوێر و گریمستاد کە بەردەوام بە خانووە دارینە ڕەنگ سپییەکانیانەوە دەناسرێنەوە. دوو گەورەترین شاری سوێرلاندە بریتین لە کریستیانساند و ئارێندال.

دوا شوێن و خاڵی هەرە خوارووی نەرویج لیندێسنێسە. بورجی فانۆسی لیندێسنێس لە ساڵی ١٦٥٦ دروستکراوە و کۆنترین بورجی فانۆسییە لە وڵاتی نەرویج. تا ئێستاش کاردەکات و مۆزەخانەیەکیشی لێیە کە هەر تایبەتە بە بورجەکەوە.

هەرێمی ڤێستلاندە

هەرێمی ڤێستلاندە (ڕۆژئاوا) لە سێ پارێزگای میۆرە و ڕۆمسداڵ، ڤێستلاند و ڕۆگالاند پێکدێت. سروشتی ڕۆژئاوای نەرویج بە فیوردی درێژ و قووڵ و ناوچەی چڕ و شاخە بەرزەکانی تایبەتمەندە. درێژترین فیوردی نەرویج، سۆگنەفیورد دەکەوێتە ڤێستلاندەوە. درێژییەکەی ٢٠٤ کیلۆمەترە. گەورەترین شارەکانی ئەم پارێزگایە بریتین لە بێرگن، ستاڤانگەر، ئۆلێسوند و هاوگەسوند. ڤێستلاند بە خواردنە دەریاییەکانی بەناوبانگە، بە تایبەت ماسی سەلەمون و ماسی کلیپ. هەروەها بە پیشەسازی نەوت ناسراوە.

پارێزگای ڕۆگالاند

گەورەترین شاری ڕۆگالاند ستاڤانگەرە. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ نەوت لە دەریای باکوور دۆزرایەوە. بڕیاردرا ئۆفیسی سەرەکیی بۆ پیشەسازی نەوت لە شاری ستاڤانگەر بێت. لە سەرەتاوە تەنها چوار کارمەند لەوێ دەستبەکاربوون. یەکێک لەوانە خەڵکی عێراق بوو بە ناوی فاروق ئەلقاسم.

پارێزگای ڤێستلاند

گەورەترین شاری ڤێستلاند شاری بێرگنە. شاری بێرگن دووەم گەورەترین شاری نەرویجە و زۆرجار بە پایتەختی ڕۆژئاوای نەرویج ناودەبرێت. بریگن (Bryggen) شوێنێکی ناسراوە لە شاری بێرگن.

بریگن لە بێرگن

لە نەرویج ڕێژەیەکی زۆری سەهۆڵبەندان هەن. سەهۆڵبەندان بریتییە لە ڕووبەرێکی فراوان کە لە سەهۆڵ پێکهاتووە. لە هەندێک شوێن لە وەرزی هاویندا ئەوەندە ساردە کە بەفر ناتوێتەوە. ئیتر ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی بەفر زیاتر و زیاتر دەبێت. ئیتر وردە وردە بەفرەکە دەبێتە سەهۆڵ. کاتێک ڕووبەری سەهۆڵەکە زۆر گەورە و قورس دەبێت بە جۆرێک کە دەست دەکات بە خلیسکان لە بناری شاخەکەدا، ئەوا لە ئەنجامدا سەهۆڵبەندانێک دروست دەبێت. یوستێداڵسبرین گەورەترین سەهۆڵبەندانە لە نەرویج. یوستێداڵسبرین (Jostedalsbreen) دەکەوێتە پارێزگای ڤێستلاندەوە.

پارێزگای میۆرە و ڕومسدال

گەورەترین شاری میۆرە و ڕومسدال شاری ئۆلەسوندە. لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری ئۆلەسوند ئاگرێکی گەورە کەوتەوە. نزیکەی تەواوی ناوەندی شاری ئۆلەسوند سووتا. شارەکە بە شێوازی هونەری نوێ ئاوەدانکرایەوە. تەلارسازانی ئەڵمانی پلانی تەلارسازیی نوێیان بۆ شارەکە دانا.

بەرزترین تاڤگەی نەرویج دەکەوێتە شاری میۆرە و ڕومسدالەوە، کە ناوی تاڤگەی ڤینو (Vinnufossen)ە. لە تاڤگە هەرە بەرزەکانی نەرویجدا ڕێژەیەکی زۆری ئاو نییە. پلیکانەی میدسوند Midsundtrappen قادرمەیەکی ٢٢٠٠ پلیکانەی هەیە. کە لەلایەن شێرپاکانی نیپاڵەوە دروستکراوە.

Bilder som ikke er merket er lisensiert fra AdobeStock

لە ماڵپەڕی Samfunskunnskap.no زیاتر دەربارەی نەرویج فێربە و بزانە

لە ماڵپەڕی Samfunnskunnskap.no فیلم و تێکست و ئەرکی بەسوود دەربارەی نەرویج بە چەند زمانێک دەبینیتەوە.

lenkeikonDette er Norge: Fakta om Norge (samfunnskunnskap.no)