Buddhismen // بوودیزم (ئاینی بوودایی)
ئاینی بوودایی ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە باکووری هیندستان سەری هەڵداوە.
ئاینەکە سەرەتا لە پیاوێکەوە دەستی پێکرد بە ناوی سیدارتا گاوتاما.
بوودا
سیدارتا گاوتاما شازادەیەک بوو. لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لەدایکببوو و لە کۆشکێکدا ژیانێکی خۆشی بەسەر دەبرد. ڕۆژێک کە لە دەرەوەی کۆشک بوو کەسێکی نەخۆش،کەسێکی پیر، کەسێکی مردوو و کەسێکی زاهیدی بینی. زاهید ئەو کەسەیە کە ژیانێکی سادە هەڵدەبژێرێت. ئەوەی شازادە لە دەرەوەی کۆشکەکە بینی، وای لێکرد بڕیار بدات کە واز لە کۆشک و هاوسەرەکەی و منداڵە تازە لەدایکبووەکەی بێنێت و ویستی خۆیشی وەک زاهیدێک بژی. زاهیدەکان پێیان وایە ئەگەر ژیانێکی سادانە بژین، دەتوانن ژیرتر بن و زیاتر و باشتر لە شتەکان تێبگەن. سیدارتا سەردانی چەندەها زاهیدی کرد و لێیانەوە زۆر شت فێربوو. هەروەها سیدارتا زۆر بەڕۆژوو دەبوو و مێدیتەیشنی دەکرد، واتا زۆر دەچووە خەڵوەتەوە.
مێدیتەیشن یان تەئەمول و چوونە خەڵوەتەوە واتە بە تەواوی بە هێمنی دابنیشیت و هەوڵبدەیت بیر لە هیچ شتێک نەکەیتەوە. سیدارتا دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٦ ساڵ وەک زاهیدێک ژیاوە، وا پێدەچوو هێشتا هیچ وەڵامێکی نەدۆزیبێتەوە و نەیتوانیبوو ژیرتر و داناتر بێت. پاشان بڕیاریدا لە ژێر دارێک دابنیشێت و جارێکی تر هەڵنەسێتەوە تا ئەو کاتەی ژیرتر و داناتر دەبێت. دوای چوار ڕۆژ مانەوە لەژێر دارەکەدا، لەناکاو سیدارتا تێگەیشت کە جیهان چۆنە. بیری کردەوە: “ئازادیم دۆزییەوە”. ئێستا ئیتر بوو بە بوودا. بوودا وشەیەکی هیندییە بە واتای “ئەو کەسەی تێدەگات” دێت.
باوەڕ
بوودا خودایەک نەبوو، بەڵکو پیاوێکی ژیر بوو کە لە زۆر شت تێدەگەیشت. بوودا خەڵکی فێرکرد کە بۆچی گرنگە مرۆڤ لە ژیاندا میهرەبان و ڕاستگۆ بێت. دوای مردنی بوودا، ئامۆژگاری و فێرکارییەکەی بەردەوام بوو. ئەمە ئەو ئامۆژگاری و فێرکارییەیە کە ئەمڕۆ بە ئاینی بوودا دەیناسین. ئەم فێرکارییە پێی دەوترێت دارما.
بووداییەکان باوەڕیان بە لەدایکبوونەوە هەیە.کەسێکی بوودایی پێی وایە کاتێک دەمریت سەر لە نوێ لەدایک دەبیتەوە. ئەوەی لەم ژیانەدا دەیکەیت بڕیار لەوە دەدات کە ژیانی داهاتووت چۆن دەبێت. ئەگەر لە ژیانی ئێستاتدا باش نەبیت، ئەوا لە دونیای پاش مردن ژیانت سەخت و ناخۆش دەبێت. ئەم ئامۆژگاری و فێرکارییە پێی دەوترێت کارما.
بوودا بە خەڵکی گوتووە کە لە جیهاندا کێشە وگرفت زۆرە، ئازار زۆرە و زۆر کەسیش بارودۆخیان باش نییە. هەروەها بوودا وتویەتی کە دەتوانرێت بەرامبەر بە هەموو ئازارەکان شتێک بکرێت. مرۆڤەکان دەتوانن کار بکەن لەسەر ئەوەی زیاتر لە شتەکان تێبگەن، میهرەبانتر بن، هەوڵ بدەن واز لە ڕق و کینە بێنن، بیرنەکردنەوە لە شتە خراپەکان، وە هەروەها کاربکەن لەسەر ئەوەی دوورکەونەوە لە تەماع و چاوچنۆکی و حەزی بوون بە خاوەنی زیاتر و زیاتر. ئەگەر مرۆڤەکان بتوانن ئەم کارە بکەن، دەتوانن ئازاد بن و ژیان و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. بوودا ئەم ئازادییە بە نیرڤانا ناودەبات. نیرڤانا ڕزگاربوونە بە تەواوەتی لە ئازارچێشتن و لە لەدایکبوونەوە. هەروەها نیرڤانا بریتییە لە حاڵەتی بەختەوەری، نەرم و نیانی، ئازادی و ڕوونی و ڕەوانییەکی زۆر.
چوار ڕاستییە ڕەسەنەکە
ئامۆژگاری و فێرکارییەکەی بوودا دەتوانرێت لە چوار ڕستەی فێرکاریدا کورت بکرێتەوە. ئەمانە باس لەوە دەکەن کە هۆکار چییە خەڵکی لە ئازارێکی زۆردا دەژین و چۆن دەتوانرێت ئەمە بگۆڕدرێت.
١. هەموو شتێک هەندێک ئازار یان زەحمەتی تێدایە.
٢. بۆیە ئازار هەیە چونکە مرۆڤەکان چاوچنۆکن یان هەرگیز ڕازی نین بە بەشی خۆیان. خەڵک هەمیشە شتێک زیاتریان دەوێت.
٣. ئەگەر مرۆڤەکان لە ژیانیاندا واز لە چاوچنۆکی و تەماع بێنن، ئەوا ئازار و ناخۆشییەکان بەرەو نەمان دەچن.
٤. ئەگەر مرۆڤێک بیەوێت کۆتایی بە هەموو ئەو شتانە بهێنێت کە ئازار بەخشن، ئەوا دەبێت ڕێگای هەشتانەی ڕەسەن بگرێتەبەر.
ئەگەر ئێمەی مرۆڤ کاربکەین بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە شتەکان، ژیانێکی باشترمان دەبێت وکۆتایی بە ئازارەکان دێت.
ڕێگای هەشتانەی ڕەسەن
بوودا گوتی: مرۆڤەکان دەبێت لەوە تێبگەن کە لە ژیانیاندا چی شتێک هەڵەیە پێش ئەوەی بتوانن ژیانیان “چاک بکەنەوە”. هەروەها بوودا گوتی کە مرۆڤەکان دەبێت ڕێگای هەشتانەی ڕەسەن پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی بگەن بە نیرڤانا.
١. تێڕوانینێکی دروستت هەبێت. لە چوار ڕاستییە ڕەسەنەکان و یاسای کارما و لەدایکبوونەوە تێبگەیت.
٢. بیرکردنەوەیەکی دروستت هەبێت. بە خۆشەویستیەوە بیر لە کەسانی تر بکەرەوە، ببەخشە بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە کە لە بەرامبەردا چیت دەست دەکەوێت.
٣. قسەی دروستت هەبێت. ڕاستییەکان بڵێ و لە پاشەملە قسە مەکە و درۆ مەکە و قسە و قسەڵۆک مەکە.
٤. مامەڵە و ڕەفتاری دروست هەبێت. پەیڕەوی لە پێنج ڕێنماییەکەی ژیان لە ئایینی بوودایدا بکە
- دوورکەوتنەوە لە کوشتن.
- دوورکەوتنەوە لە دزیکردن .
- دوورکەوتنەوە لە خیانەت و زینای سێکسی.
- دوورکەوتنەوە لە درۆکردن.
- خۆپاراستن لە سەرخۆشبوون.
٥. شێوازی ژیانی دروستت هەبێت. هەبوونی کارێکی باش، پارە پەیدا نەکردن بە ڕێگەیەکی خراپ، وەک دزیکردن، کوشتن یان فریودانی کەسانی تر.
٦. هەوڵدانی دروستت هەبێت. کاری زۆر بکە و هەوڵبدە بۆ ئەوەی ببیتە مرۆڤێکی باشتر و ژیرتر.
٧. سەرنجی دروستت هەبێت. خۆت ڕابهێنە کە کاتێک کارێک دەکەیت بیر لە شتی تر نەکەیتەوە، بەڵکو بیر لەوە بکەرەوە کە ئێستا دەیکەیت و ئەنجامی دەدەیت.
٨. وردی و تەرکیزکردنێکی دروستت هەبێت. خۆت ڕابهێنە کە ئارامی لە سەر و دڵتدا هەبێت و هاوکات سەر و مێشک دڵێکی بەهێزت هەبێت.
تێکست و سیمبولەکان
لە ئایینی بوودادا چەندین کتێبی پیرۆز یان دەق و تێکستی پیرۆز هەن. تێکستەکان باس لە ژیانی بوودا و ئامۆژگاری و فێرکارییەکەی دەکەن. سەرەتا ئامۆژگاری و فێرکارییەکەی بوودا بە شێوەی زارەکی لە مامۆستایەکەوە بۆ خوێندکارێکی تر دەگێڕدرایەوە، بەڵام دواجار پێویست بوو تێکستەکان بنووسرێنەوە بۆ ئەوەی ئامۆژگاری و فێرکارییەکە لەدەست نەچێت.
لە پەرستگاکانی ئاینی بوودایدا زۆرجار پەیکەری گەورەی بوودا هەن و زۆرێک لەوانە بەرهەمی هونەریی زۆر بەنرخن.
لە زۆرێک لە پەرستگاکاندا قوربانگا هەیە کە پەیکەری بوودایان لەسەرە. زۆرجار ڕێوڕەسمی پوجا لەوێ ئەنجام دەدرێت کە بریتییە لە پەرستنی بوودا لە شێوەی گۆرانی وتن و مێدیتەیشن و پێشکەشکردنی گوڵ و بخور.
زۆربەی بووداییەکان لە ماڵەوە شێوە و فیگەری بوودایان هەیە. حەزیان لە داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵە لەبەردەم فیگەری بوودا. هەندێک لە بووداییەکان ڕۆژانە مێدیتەیشن واتا تەئەممول دەکەن.
مونک و ڕاهیبەکان (پیاوانی ئاینی)
مونک و ڕاهیبەکان، کە پیاوانی ئاینین کەسانی پسپۆڕی بووداین. تێکستەکانی کتێبە پیرۆزەکان زۆر دەخوێننەوە. مێدیتەیشن واتا تەئەمول و چوونە خەڵوەتەوە دەکەن، و وانەی ئامۆژگاری و فێرکارییەکانی بوودا دەڵێنەوە. ئەوان خاوەنی زۆر شت نین، تەنها ئەوە نەبێت کە پێویستیانە. ئەوان لەسەر ئەو خواردن و دیارییانە دەژین کە خەڵک دەیانداتێ.
زیاتر دەربارەی ئایینی بوودایی فێربە
- Tekstene er utviklet av Veilederkorpset i Stavanger og etter avtale tilrettelagt, bearbeidet og oversatt av morsmål.no
- Alle bilder er hentet fra Adobe Stock