Hva er FN? // ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چییە؟
FN ناوی نەرویجییە بۆ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان UN. UN کورتکراوەی ناوە ئینگلیزییەکەیە (United Nations)، FN کورتکراوەی ناوە نەرویجییەکەیە (De forente nasjoner). نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ ئاشتی و دادپەروەری و هاوکاریی نێوان گشت وڵاتانی جیهان دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە، واتە ڕێک دوای جەنگی جیهانی دووهەم. ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە بۆ ڕێگریکردن بوو لە سەرهەڵدانی جەنگی گەورەی زیاتر.
زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەوان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک جەنگ، هەژاری، نەخۆشی و گۆڕانی کەشوهەوا. ئەم ڕێککەوتنە ناوی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لۆگۆی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج بازنە و نەخشەیەکی جیهانیی سپی هەیە. لە دەوری نەخشەکە دوو لقی زەیتون هەیە. لقە زەیتونەکان هێمای ئەوەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجی پاراستنی ئارامی و دروستکردنی ئاسایشە لە جیهاندا.
ڕۆژی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ساڵێک لە ٢٤ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان چ کارێک دەکات؟
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین کار و ئەرکی گرنگ ئەنجام دەدات. لە خوارەوە دەتوانیت دەربارەی هەندێکیان بخوێنیتەوە.
ئاشتی و ئاسایش
نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ جیهانێکی سەلامەتانەتر دەکات. هەندێک جار ناکۆکی لە نێوان وڵاتاندا دروست دەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە. ئەگەر جەنگ ڕووبدات، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت سەرباز بنێرێت بۆ پاراستنی خەڵک. هەروەها دەتوانێت یارمەتی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکان لە دوای جەنگ بدات.
هاوکاریی فریاگوزاری
نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە لە ناوچەکانی جەنگ یان کارەساتی سروشتی یان هەژاریدا دەژین. دەتوانن خۆراک و ئاو و دەرمان و شوێنی خەوتن دابین بکەن. هەندێک جار نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە بە ناچاری هەڵدێن و زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن.
مافی مرۆڤ
نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ ئەوە دەکات کە مرۆڤەکانی جیهان بە دادپەروەرانە و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان لیستێکی ئامادە کردووە کە تیایدا هاتووە کە مرۆڤەکان چ مافێکیان هەیە. ئەو لیستە ناوی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە. مافی مرۆڤ بریتیە لە مافی ژیان بە سەلامەتی و چوونە قوتابخانە و مافی دەربڕینی بۆچوون و مامەڵەی یەکسان بە چاوپۆشین لەوەی تۆ کێیت یان کێ نیت. پێویستە هەموو وڵاتانی ناو نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەوی لە مافەکانی مرۆڤ بکەن.
مافنامەی جیهانیی منداڵان
منداڵان زیاتر پێویستیان بە پاراستن هەیە و هەر بۆیەشە مافی زیاتریان هەیە. ئەم مافانە پێیان دەوترێت ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ. تیایدا هاتووە کە منداڵان هەموو، مافی پارێزگاریلێکردنیان هەیە و دەبێت هەست بە دڵنیایی بکەن و ژیانێکی باشیان هەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکان بەئاگا دەبێت لەوەی کە سەرجەم وڵاتان یاساکانی ناو مافنامەکە جێبەجێ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی منداڵان لە هەر شوێنێک بژین، دۆخێکی باشیان هەبێت.
ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لیستێکە لە ١٧ ئامانج پێکهاتووە، کە جیهان دەکاتە شوێنێکی باشتر هەم بۆ مرۆڤ و هەم بۆ سروشت. ئامانجەکان بریتین لە کۆتاییهێنان بە هەژاری و دڵنیابوون لەوەی هەمووان دەتوانن بچنە قوتابخانە. هەروەها باس لە ڕاگرتنی گەرمبوونی جیهان و گرنگیدان بە ئاژەڵ و ڕووەک و هەسارەکەمان دەکات.
کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

گرنگترین ئەرکی کۆبوونەوەی گشتی باسکردنە لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە گەورەکانی جیهان. کۆبوونەوەی گشتی لە نوێنەرانی هەموو وڵاتانی ئەندام پێکدێت. هەر وڵاتێک دەتوانێت قسەی خۆی بکات و دەنگ لەسەر چارەسەرە پێشنیار کراوەکان بدات. کۆبوونەوەی گشتی هەموو پایزێک لە بینای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت. بینای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێتە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا.
بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگە؟
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی گرنگە چونکە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی جیهان ببێتە شوێنێکی باشتر. نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، وەستاندنی جەنگ، یارمەتیدانی خەڵکانی هەژار یان ئاوارە و پاراستنی سروشت و ژینگەکەمان دەکات. هەروەها بەئاگا دەبێت لەوەی که هەموو مرۆڤه کان، بەتایبەتی منداڵان مافیان هەیه و به شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.