Id al-fitr // جەژنی ڕەمەزان

زۆرجار جەژنی ڕەمەزان تەنها بە جەژن ناودەبرێت. ئەم جەژنە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگرتنی ساڵانە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت. مانگی ڕۆژووگرتن پێی دەوترێت ڕەمەزان و هەموو موسوڵمانێکی گەورەساڵ، کە لە توانایاندایە بەڕۆژوو دەبن. ئەوانەی بەڕۆژوو دەبن لە ساتەوەختی هەڵهاتنی خۆرەوە هەتا ساتی خۆرئاوابوون نان و ئاو ناخۆن. لە ڕەمەزاندا گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بتوانین لەگەڵ یەکتردا میهرەبان و باش بین. لە جەژندا سوپاسگوزاری بۆ خودا دەکرێت کە هێز و توانای بەخشیوە بۆ بە گرتنی ڕۆژوو. ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی جەژنەکە بە ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوت دەست پێدەکات.

لە جەژندا ئەوی باوە، ئەوەیە کە هەر کەس لەگەڵ خێزان و هاوڕێیانی خۆیدا دەبێت. جەژن ڕۆژێکیشە بۆ منداڵان. زۆرجار منداڵان دیاری یان پارە لە خێزانەکانیان وەردەگرن. ئەو پارە و دیارییانە پێیان دەوترێت جەژنانە. شتێکی باو و ئاساییە کە خەڵکی جلوبەرگی جوان بپۆشن. بەشێک لە خانمانیش دەستەکانیان بە خەنە دەڕازێننەوە.

پێش جەژنی ڕەمەزان، شتێکی باوە، کە ئەوانەی بۆیان دەگونجێت باجی ڕۆژووگرتن بدەن کە پێی دەوترێت زەکاتی سەرفیترە. پارەکە دەدرێت بەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانن خواردنی جەژن یان دیاری یان جل و بەرگی نوێی بۆ جەژن پێ بکڕن.

خواردن بەشێکی گرنگە لە گێڕانی ئاهەنگی جەژن. ئەندامانی خێزان و هاوڕێیان پێکەوە بۆ خواردنی نانی جەژن کۆدەبنەوە کە بریتییە لە خواردن و بابەتی شیرینی. خواردنی سەر خوان و مێز لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر یان لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی تر جیاوازیی هەیە.

ئاساییە کە خەڵکی بە دەستەواژەی “جەژنت پیرۆز بێت” سڵاو لەیەکتری بکەن. کە بە واتای هیواخواستنی جەژنێکی خۆش دێت. زۆر کەس کارتی جەژنەپیرۆزە دەدەن بەیەکتر یان دەینێرن بۆ یەکتر.