FN – en møteplass for fred // نەتەوەیەکگرتووەکان شوێنێکی کۆبوونەوە بۆ ئاشتی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥، پاش ماوەیەکی کەم لە تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم دامەزرا. هیواش ئەوە بوو کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هەبێت، کە ببێتە ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی جەنگ لە ئایندەدا و کار بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بکات. ٥١ وڵات ڕێککەوتنێکیان بە ناوی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرد. جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٤٥ بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر بۆیە ٢٤ی ئۆکتۆبەر بە ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان داندراوە. لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن.


سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن سکرتێری گشتییەوە سەرکردایەتی دەکرێت. سکرتێری گشتی لەلایەن ئەنجومەنی گشتییەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دیاری دەکرێت. سکرتێری گشتی باڵاترین بەرپرسیارێتی هەیە لە بەڕێوەبردنی کارەکانی ڕۆژانەی نەتەوە یەکگرتووەکان. یەکێکی تر لە ئەرک و کارە گرنگەکانی ئەوەیە کە لە ڕێگەی سیاسییەوە کاربکات بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ململانێ و جەنگ یان تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی. هەروەها ئەمینداری گشتی دەبێت ئەو کێشە و گرفتانەی دەبنە هۆی هەڕەشەکردن لە ئاشتیی جیهانی، بباتە ئەنجوومەنی ئاسایش لەوێ باسیان بکەن.
کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی گەورەیە و لە کۆمەڵێک بەش پێکدێت کە بەرپرسیارن لە بوارە جیاوازەکان کە نەتەوە یەکگرتووەکان کاریان تێدا دەکات. کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابەش دەکرێت بەسەر سێ بواری سەرەکیدا کە بریتین لە ئاشتی و ئاسایش، مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی بەردەوام.
ئاشتی و ئاسایش
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی سەرەکی لە کارکردن بۆ ئاشتی و ئاسایش هەیە. ئەرکی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایش پاراستنی ئارامی و ئاسایشی جیهانە. ئەگەر ئاشتی بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا ئەنجوومەنی ئاسایش هانی لایەنەکان دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ نموونە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی نێوەندگیری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا. هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێت بڕیارەکانی بە زۆر بسەپێنێت، ئەویش لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیاری سزا و ئابڵۆقەی ئابووری یان لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکیی سەربازییەوە. نموونەی کردەوەی سەربازی، هەبوونی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەو هێزانە لە کارمەندانی سەربازی پێکدێن کە لە وڵاتانی ئەندامی جۆراوجۆرەوە وەرگیراون.
ئەنجومەنی ئاسایش لە نوێنەرانی پانزە وڵاتی ئەندام پێکهاتووە. پێنج لەو وڵاتانە ئەندامی هەمیشەیین، ئەوانی تر هەر جارە و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا و چین ئەندامی هەمیشەیین. لە نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێت هێزی سەربازی بەکاربهێنێت و هەموو وڵاتانی ئەندام دەبێت پابەند بن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.
مافەکانی مرۆڤ
یەکێکی دیکە لە بوارە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارکردنە بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو مرۆڤەکان. هەر لە ساڵی ١٩٤٨ەوە “جاڕنامەی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ” کە بە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤیش ناسراوە پەسەند کرا و بڕیاری لەسەر درا. هەموو وڵاتانی ئەندام پابەندکراون بەوەی کە دڵنیایی بدەن لە ڕێزلێگرتنی مافەکانی مرۆڤ.
نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە جیهاندا دەکات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کە وڵاتانی ئەندام بۆ پاراستن و بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ کۆببنەوە.
پەرەسەندنی بەردەوام
سێیەم بواری سەرەکی بریتییە لە پەرەسەندنی بەردەوام. ئەم کارە لە ئامانجەکانی پەرەسەندنی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کورتکراوەتەوە. 17 ئامانج دیاریکراوە، لەوانە بۆ نموونە وەستاندنی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و بنبڕکردنی هەژاری و برسێتی و دەستەبەرکردنی یەکسانی جێندەری و خوێندن و پەروەردەیەکی باشن. ئامانج لەمە ئەوەیە کە دەبێت هەتا ساڵی ٢٠٣٠ ئامانجەکانی پەرەسەندنی بەردەوامیی بەدەست بهێنرێت.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆمەڵەی گشتی ساڵانە بە دانیشتن کۆدەبێتەوە. دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەزۆری لە مانگی سێپتەمبەرەوە تا مانگی دێسەمبەر بەردەوام دەبێت. کۆمەڵەی گشتی لە نوێنەرانی هەموو وڵاتانی ئەندام پێکدێت و ئەرکی سەرەکی ڕاسپاردەکردنە بۆ وڵاتانی ئەندام سەبارەت بە پرسەکانی تایبەت بە هاوکاری نێودەوڵەتی، ئاشتی و ئاسایش، گەشەپێدان و مافەکانی مرۆڤ. ئەم ڕاسپاردانە پێیان دەوترێت بڕیارنامە. بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەکی زۆری هەیە. هەرچەندە بڕیارنامەکە تەنها ڕاسپاردەیەکە بۆ وڵاتانی ئەندام، بەڵام وەک ڕای گشتیی نێودەوڵەتی سەیری دەکرێت. بۆ ئەوەی بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی گشتی پەسەند بکرێت، زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویستە. هەر وڵاتێکی ئەندام یەک دەنگی هەیە و هەر دەنگێک بە یەکسانی هەژمار دەکرێت.
هەندێک لە ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و سندوقی تەمویل و بەرنامەی جیاواز پێکدێت کە کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەن. هەندێک لەوانە بریتین لەمانە:

یونیسێف – سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم ڕێکخراوە کاردەکات بۆ یارمەتیدانی منداڵان لە هەموو جیهان. بەڵگەنامەی بەڕێوەبەریی یونیسێف پێی دەوترێت پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان. لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە کە منداڵان مافی پاراستنی تایبەتیان هەیە.

یونسکۆ – ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی، کولتوری و پەیوەندییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ڕێگەی هاوکاریی نێوان ئەم بوار و بابەتانەوە، یونسکۆ بەشداری لە ئاشتی و ئاسایشدا دەکات. ئەوان دەیانەوێت زانیاری بدەن و ئیلهامبەخش بن و هاوکات مرۆڤەکان بەشداری پێبکەن بۆ بەرەوپێشبردنی لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە یەکتر و هەسارەکەمان.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)- ئەم ڕێکخراوە کاردەکات بۆ ئەوەی کە هەموو مرۆڤەکان لە باشترین بارودۆخی تەندروستیدا بن. کاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە و پێدانی زانیاریی جێی متمانەیە بە خەڵک سەبارەت بە تەندروستی و نەخۆشییەکان. بۆ نموونە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هێزێکی بزوێنەری پەرەپێدانی ڤاکسینی دژە نەخۆشییە مەترسیدارەکانە.

UNHCR – کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم ڕێکخراوە بەرپرسیارە لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی هەموو ئەو ماف و ئازادیانەی مرۆڤ کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوون.
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون کە بەشێک لەو کارانە نیشان دەدەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامی دەدات. لە جیهاندا ڕێککەوتنێکی بەرفراوان هەیە لەسەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگترین شوێنی کۆبوونەوەیە کە تیایدا هەموو وڵاتانی ئەندام دەتوانن پێکەوە قسە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی کە چ یاسا و ڕێسایەک دەبێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکرێت.
کارکردن لەگەڵ وشەکانی ناو تێکستەکە

ئەرکی وانەکە، وشە سەرەکییەکانی ناو تێکستە نەرویجییەکە لەخۆ دەگرێت.
- Oversett ordene ved hjelp av LEXIN.
- I høyre kolonne er ordet brukt i en setning som finnes i teksten. Oversett eller forklar hva setningen betyr.
- بە یارمەتی https://lexin.oslomet.no/#/ وشەکان بکە بە کوردی
- لە ستوونی لای ڕاست، وشەکە لە ڕستەیەکدا بەکارهاتووە کە لە تێکستەکەدایە. وەرگێڕان یان ڕوونی بکەرەوە کە ڕستەکە مانای چییە.
Kilder
- Fn-sambandet, https://fn.no/
- NDLA, FN – en verdensorganisasjon for fred – Samfunnskunnskap – NDLA