Jødisk påske – Pesach // جەژنی قیامەی جوولەکە – پێساخ
کاتێک مەسیح/عیسا بە سواری کەر لە ڕۆژی یەکشەممەی چڵەخورمادا چوو بۆ شاری ئۆرشەلیم، خۆی و شوێنکەوتووەکانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگی جەژنی قیامەی جوولەکەکان چوو، کە پێی دەڵین پێساخ. پێساخ جەژنی قیامەی جوولەکەکانە، و یادکردنەوەی ئەو سەردەمەیە کە ئیسرائیلییەکان لە میسر لە سەردەمی فیرعەوندا کۆیلە بوون.

چیرۆکی موسا
لە کتێبی یەکەمی مووسا لە پەیمانی کۆن لە کتێبی ئینجیلدا باس لەوە کراوە کە ئیسرائیلییەکان بە خۆشحاڵییەوە لە میسر پێشوازییان لێکرا. دوای ماوەیەک، فیرعەون کە پاشایەکی میسری بوو، نیگەران بوو لەوەی ژمارەی ئیسرائیلییەکان لەوێ زۆر بوون. هەربۆیە ئیسرائیلییەکان کران بە کۆیلە و فیرعەون بڕیاری دا کە هەموو ئەو منداڵە نێرانەی کە لەدایک بوون بکوژرێن. منداڵێکی ساوای کوڕ کە ناوی مووسا بوو، دایکی نەیویستووە منداڵەکەی بکوژرێت. بۆیە خستییە ناو سەبەتەیەکەوە و سەبەتەکەی لەسەر کەناری ڕووباری نیل دانا. هیوای خواست کەسێک بیدۆزێتەوە و بە باشی بەخێوی بکات. کچەکەی فیرعەون مووسای لەناو سەبەتەکەی سەر ڕووبارەکەدا دۆزییەوە. ئەویش بە باشی مووسای لەناو خێزانی فیرعەون بەخێو کرد.

کاتێک مووسا گەورە بوو، خودا لەناو دارستانێکی سووتاودا خۆی پیشانی مووسا دا. خودا پێی وت کە دەبێت یارمەتی کۆیلەکانی میسر بدات، و پێی وت کە مووسا تۆ خۆتیش ئیسرائیلیت. ئەو کەسەی ئێستا تۆ پێت وایە باوکتە، هەر ئەو کەسە بوو کە گەلەکەی تۆی کردە کۆیلە و دەیچەوساندنەوە. خودا بە موسای وت کە داوا لە فیرعەون بکات بۆ ئەوەی کۆیلەکان ئازاد بکات. مووسا دەبوو پێشەوایەتی ئیسرائیلییەکان بکات بۆ ئەوەی میسر بەجیبهێڵن و ڕووبکەنە وڵاتێکی تر کە پێی دەوترا وڵاتی کەنعان.

دە بەڵا و کارەساتەکان و یەکەم جەژنی قیامە
مووسا چووە لای فیرعەون بۆ ئەوەی ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات، بەڵام فیرعەون داواکەی ڕەتکردەوە. هەربۆیە خودا دە بەڵا و کارەساتی بۆ سەر میسردا نارد. نموونەی ئەو بەڵایانەی کە خودا بۆ میسری نارد تاعون و تاریکی و کوللـە بوو. لە کۆتاییدا لە هەموو بەڵاکان خراپتریان بەسەردا هات. ئەویش ئەوە بوو کە خودا فریشتەیەکی یەزدانی نارد کە بە شەقامەکانی شاردا دەڕۆیشت و یەکەم منداڵی هەموو خێزانەکانی دەکوشت.
ئیسرائیلییەکان پێشوەختە لە ڕێگەی مووساوە ئاگادارکردنەوەیەکیان لە خوداوە پێگەیشتبوو. بۆیە دەبوو بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە فریشتەی مەرگ، بەرخێک سەربڕن و خوێنەکەی بکەن بەسەر چوارچێوەی دەرگاکانیانەوە. فریشتەکە بەلای ئەو ماڵانەدا تێپەڕی کە خوێن لەسەر چوارچێوەی دەرگاکانیان درابوو، بەڵام خۆی دەکرد بەناو هەموو ماڵەکانی تردا. بۆ ڕاگرتنی ئەم بەڵای دەیەمە، فیرعەون دەبوو ڕێگە بە ئیسرائیلییەکان بدات کە میسر بەجێبهێڵن. هەر ئەم ڕووداوەیە کە بۆتە بناغەی جەژنی قیامەی جوولەکەکان.

جوولەکەکان بە چ شێوەیەک ئاهەنگی جەژنی قیامە دەگێڕن؟
لە یەکەم ئێوارەی جەژنی پێساخ کە جەژنی قیامەی جوولەکەکانە، جوولەکەکان ژەمە نانێک دەخۆن کە پێی دەوترێت ژەمی سێدەر. ژەمە خواردنەکە بیرهێنانەوەیەکە بۆ جوولەکەکان بۆ کۆچکردنیان لە وڵاتی میسر. ژەمەکە بە بەرەکەتکردنی شەرابەکە دەست پێدەکات. لە سەرەتای ژەمەکەدا جوولەکەکان مۆمێک دادەگیرسێنن، کە پێی دەڵێن مۆمی سابات واتە مۆمی شەممە.

قاپی سێدەر بریتییە لە قاپێک خواردنی بچووکی جۆراوجۆر کە گرنگی و مانای تایبەتی خۆی هەیە.

١. مەتزا نانێکی بێ خەمیرەیە، واتە نانێک کە هەویرەکەی هەڵنەهاتبێت. نانێکی تیرییە. کاتێک جوولەکەکان لە میسر ڕایانکرد، کاتیان نەبوو چاوەڕێ بکەن تا هەویری نانەکەیان هەڵبێت.
٢. چاروسێت تێکەڵەیەکە لە سێو و شەراب و گوێز. بیرهێنانەوەی پێکهاتەی ئەو تێکەڵەی خشتەیە کە جوولەکەکان لە کاتی کۆیلەبوونیاندا بەکاریان دەهێنا کاتێک وەک کۆیلە دەبوو بۆ میسرییەکانی دروست بکەن.
٣. زروا/زێروا بریتیە لە ئێسکی ڕانی بەرخ، باڵێکی مریشک، یان ملەقۆەرتەی مریشک. ئەم خواردنە سیمبولێکە بۆ ئەو بەرخەی کرابووە قوربانی کە جوولەکەکان بەپێی کتێبی دووەهەمی مووسا فەڕز بوو لەسەریان کە ڕێک پێش هەڵهاتنیان لە میسر سەریبڕن و بیخۆن.
٤. چازەرێت بریتییە لە گیای تاڵ یان کاهوو کە بیرهێنەرەوەی یادگارییە تاڵەکانی میسرە.
٥. بەیتزا هێلکەیەکی زۆر کوڵێنراوە کە سیمبولی قوربانیی ڕۆژی پیرۆزە کە جگە لە پێشکەشکردنی قوربانیی پێساخ، دەگوازرایەوە بۆ پەرستگا.
٦. کارپاس بریتییە لە مەعدەنووس کە لەناو ئاوی خوێدا نوقم دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاوەکەی لە فرمێسک بچێت. ئەمەش بۆ یادکردنەوەی ئەو فرمێسکانەن کە جوولەکەکان لە کاتی کۆیلە بوونیان لە میسردا دەیانڕشت.
٧. ئاوی خوێ یان خوێیاوک سیمبولی فرمێسکی جوولەکەکانە، کە مەعدەنووس و هێلکەی تێدا نوقم دەکرێت.
ڕیزبەندی زنجیرەی ڕووداوەکانی شەوی سێدەر لە کتێبێکدا نووسراوە کە پێی دەگوترێت هاگادا. لەنێو ئەو شتانەدا کە لە کتێبی هاگادا نووسراوە، چیرۆکی کۆیلایەتی و دەرچوونی جوولەکەکانە لە میسر. هەروەها چەندین چیرۆک و بەسەرهات و ڕوونکردنەوە لەخۆدەگرێت دەربارەی ئەوەی کە بە چ شێوەیەک دەبێت ژەمە خواردنی سێدەر لە یەکەم شەوی پێساخدا ئەنجام بدرێت.

ئاهەنگی ژەمە خواردنی سێدەر هەم ناخۆش و هەم خۆشیشە. ناخۆشە چوونکە دەبێت جوولەکەکان یادی کاتە ناخۆشەکانیان لە میسر بکەنەوە، بەڵام هاوکات دڵیشیان خۆشە بەوەی کە توانیویانە ڕابکەن و خۆیان لە کۆیلایەتی ڕزگار بکەن.
