Fornybare energikilder // سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە
لە ژیانی ڕۆژانەماندا کارەبایەکی زۆر بەکاردەهێنین. ئەم کارەبایە لە سەرچاوەی جۆراوجۆری وزەوە وەردەگرین. دوو جۆر سەرچاوەی وزە هەیە: سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە و سەرچاوەکانیی وزەی نوێنەبووەوە. لەم تێکستەدا دەڕوانینە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە.
ئەوەی کە سەرچاوەیەکی وزە نوێ دەبێتەوە بەو مانایە دێت کە تەواو نابێت و دەتوانین بەردەوام بەکاری بهێنینەوە. وزەی نوێ بەردەوام لە ڕێگەی پرۆسەکانی ناو سروشتەوە دروست دەبێت کە بۆ خۆی بەڕێوەدەچێت. نموونە بۆ ئەم جۆرە سەرچاوەی وزەیە بریتین لە وزەی ئاو، وزەی با و وزەی خۆرە. گشت ئەم سێ سەرچاوانەی وزە لە خۆرەوە وزەی خۆیان وەردەگرن. خۆر بە شێوەی کەمێک جیاواز وزە بە وسێ سەرچاوەیەی وزە دەبەخشێت.
هێزی ئاو
وزەی ئاو ئەو وزەیە کە لە ئاوی ڕۆیشتووەوە وەردەگیرێت. لە نەرویج ڕێژەیەکی زۆری ئاوی ڕۆیشوومان لە ئاوی تاڤگە و ڕووبارەکانەوە دەست دەکەوێت، و دەتوانین بۆ بەرهەمهێنانی وزە سوودی لێ وەربگرین. ئەوە خۆرە وا دەکات کە ئاوی سەر زەوی لە جووڵەدا بێت. خۆر بە جۆرێک ئاو گەرم دەکات کە ببێتە هەڵم. پاشان ئاوەکە بە شێوەی هەور لە ئاسمان کۆدەبێتەوە، کە لە کۆتاییدا بە شێوەی باران دەبارێتەوە سەر زەوی. ئاوەکە لەسەر زەوی دەڕژێتە ناو ڕووبارەکان و پاش ئەوەش دەڕژێتە ناو دەریاوە.
هێزی با
هەروەها خۆر هەواش گەرم دەکات کە دەبێتە هۆی ئەوەی بجووڵێت، کە ئێمە بە با ناوزەدی دەکەین. کاتێک هەوا دەجووڵێت، دەتوانین وزەی لێ بەرهەم بهێنین. بە دانانی ئاشی هەوایی (تۆربینی با) دەتوانین سوود لەم وزەیە وەربگرین. ئاشە هەواییەکان داهێنانێکی نوێ نییە، بەڵکوو ماوەیەکی زۆرە بەکاردێت، لەوانە بۆ وردکردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستکردنی ئارد.
وزەی خۆر
وزەی خۆر دەتوانرێت هەم بۆ گەرمکردنی ئاو و هەم بۆ گەرمکردنەوەی ناو ماڵەکانمان بەکاربهێنرێت. هەروەها دەتوانرێت وزەی خۆر بۆ دروستکردنی کارەباش بەکاربهێنرێت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەوترێت پانێڵەکانی وزەی خۆری یان تەختەخانەی هەڵمژی خۆری (Solceller).