Informasjon om norsk grunnskole // قوتابخانەی بنەڕەتی لە نەرویج

قوتابخانەی بنەڕەتی لە نەرویج

قوتابخانەی بنەرەتی لە نەرویج ماوەی دە ساڵ دەخایەنێت و بەسەر قوتابخانەی سەرەتایی و قوتابخانەی ناوەندیدا دابەش دەبێت. قوتابخانەی سەرەتایی بۆ حەوت ئاست یاخود پۆل دابەش کراوە، ئاستی/پۆلی ١-٧. قوتابخانەی ناوەندی بۆ سێ ئاست/پۆل دابەش کراوە، ئاستی ٨-١٠. منداڵ لەو ساڵەدا کە تەمەنی شەش ساڵی پڕ دەکاتەوە دەچێتە بەر خوێندن و لە پۆلی یەک دەست پێدەکات و هەر ساڵ دوای پشووی هاوینە دەچێتە قۆناغێکی خوێندنی بەرزتر.

ساڵێکی خوێندن لە ناوەڕاستی مانگی ئاوگوستەوە دەستپێدەکات هەتا دەوروبەری ٢٠ی مانگی جوون (مانگی شەش). لە “ساڵنامەی قوتابخانەدا” ئەو رۆژانە دەبینیتەوە کە منداڵەکان لەو ساڵی خوێندنەدا پشوویانە و ناچنەوە قوتابخانە. ئەو ساڵنامەیە دەتوانیت لە قوتابخانە وەریبگریت یان لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی شارەوانیدا بیدۆزیتەوە.

قوتابخانەی گشتی بەخۆڕاییە

لە نەرویج قوتابخانەی حکومی و قوتابخانەی ناحکومی/ئەهلیش هەیە. شارەوانی بەپرسە لە قوتابخانە حکومییەکان کە بۆ هەمووان بە خۆڕاییە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە وانەخوێندن و کەرسەتەکانی خوێندن و سەرجەم چالاکییەکانی تر کە بەشێکی پرۆسەی خوێندن و فێربوون بە خۆڕایین. گشت ئەو منداڵانەی لە تەمەنی بەزۆرخوێندنی قوتابخانەدان، مافیان هەیە بچنە قوتابخانەی بنەڕەتیی حکومی. تەمەنی بەزۆرخوێندن لە تەمەنی شەش ساڵییەوەیە هەتا شانزەساڵیە.

نەچوونەوە و مۆڵەت وەرگرتن

لە نەرویج گشت ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی بەزۆرخوێندندان ئەرکی سەرشانیانە کە بچنە خوێندنی بنەڕەتی. واتا لە هەموو ڕۆژەکانی قوتابخانەدا دەبێت لە قوتابخانە و وانەکاندا ئامادەبن. دایک و باوکان بۆیان نییە خۆیان بڕیار لەوە بدەن کە قوتابییەکە کەی بچێتە قوتابخانە و کەی نەچێت. هەموو ڕۆژێک قوتابخانە ناوی قوتابییە هاتوو و نەهاتووەکان تۆمار دەکات. ئەگەر قوتابییەک نەخۆش کەوت و نەیتوانی بچێت بۆ قوتابخانە، دایبابەکان دەتوانن لە ماڵەوە بیانهێڵنەوە و نەیاننێرنەوە بۆ قوتابخانە. دایبابەکان بەرپرسن لەوەی کە لە کاتی نەخۆشکەوتنی منداڵەکانیان قوتابخانە ئاگادار بکەنەوە. باشترە کە قوتابخانە پێش دەستپێکردنی وانەکان ئاگاداربکرێنەوە، خۆ ئەگەر قوتابییەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر نەخۆش بوو، ئەوا دەبێت لەلای دکتۆرەوە مۆڵەتی نەخۆشی بهێنێت. ئەگەر قوتابیەکە پێویستی بەوە بوو کە لە دەرەوەی ڕۆژانی پشوو ە کورت و درێژەکان نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، دەبێت دایک و باوکی پێشوەختە داوانامەی مۆڵەت وەرگرتن پێشکەش بکەن و لەبارەی هۆکاری نەچوونەوە ڕوونکردنەوە بدەن. شارەوانی ئەگەر زانی داوانامەکە ڕەوایە ڕەزامەندی دەردەبڕێت کە بۆ ماوەی تا دوو هەفتە مۆڵەت بدات. ئەو قوتابیانەی سەر بە ئاین و باوەڕێکی دیکەن لە دەروەی باوەڕی کڵێسای نەرویجی مافی ئەوەیان هەیە کە لە ڕۆژانی پیرۆزی ئاین و باوەڕەکانیاندا مۆڵەت وەربگرن. دەبێت پێشوەختە بۆ ئەو ڕۆژانە داوای مۆڵەت پێشکەش بکرێت.

بەها گرنگەکانی قوتابخانەی نەرویجی

بەهاکانی قوتابخانەی نەرویجی لەسەر مافەکانی مرۆڤ بونیادنراوە. نەشکاندنی بەهای مرۆڤ یەکێکە لەو بەها گرنگانەی کە دەبێت لە سەرجەم ئەو شتانەی لە قوتابخانەدا ئەنجام دەدرێت لەبەرچاو بگیرێت.

هەموو قوتابیان دەبێت لە قوتابخانە ئاسوودە و هەست بە دڵنیایی بکەن

قوتابخانە دەبێت بە ڕێز و متمانەپێدانەوە قوتابی بگرێتە خۆی. بە هیچ جۆرێک نابێت قوتابیان ڕووبەڕووی جیاوازی و هەراسانکردن ببنەوە. دەبێت قوتابییان هەست بە وابەستەیی بە پۆل و قوتابخانەوە بکەن. سەرجەم کارمەندانی قوتابخانە دەبێت چاوێکیان لەسەر ئەوە بێت و دڵنیابن کە قوتابییەکان لە دۆخێکی باشدان. ئەگەر کارمەندێکی قوتابخانە زانی یان پێی وابوو کە قوتابییەک مۆبە و هەراسان کراوە، یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان لە دۆخێکی باشدا نییە، ئەوا دەبێت ئەو کارمەندە ئەم هەنگاوانە بنێت:

  • ئەگەر گونجا، دەبێت یەکسەر هەوڵی وەستاندنی شکاندنی قوتابییەکە بدا
  • بەڕێوەبەر ئاگادار بکاتەوە
  • لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت چی ڕووی داوە

ئەگەر قوتابییەک هەستی بە نائاسوودەیی و نادڵنیایی کرد لە قوتابخانە، ئەوا بەڕێوەبەر بەرپرسە لەوەی کە پلانێک دابنێت و بڕیارنامەی کار دەربکات لەپێناو ئەوەی قوتابییەکە هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بکاتەوە لە قوتابخانە. ئەم هەنگاوە بە ئەرکی چالاکیی قوتابخانە ناودەبرێت.

ڕەوشت و ڕەفتار

قوتابخانە ڕێنمایی تایبەتی بە ڕەوشت و ڕەفتارەوە هەیە کە قوتابیان دەبێت پابەند بن پێوەیان. لە قوتابخانەی نەرویجیدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە کار لەگەڵ بابەتی ڕەوشت و ڕەفتاردا دەکرێت. ئەگەر قوتابخانە زانی کە قوتابییەک پەیڕەوی ڕێنماییەکان ناکات، سەرەتا لەگەڵ خودی قوتابییەکەدا قسە دەکەن. ئەگەر قوتابییەکە پاش ئەوەش هەر بەردەوام بوو لە شکاندنی ڕێنمایی و ڕێساکان، ئەوا قوتابخانە پەیوەندی بە دایک و باوکییەوە دەکات بۆ ئەوەی ئاگادار بن لەوەی ڕووی داوە و بۆ ئەوەش کە لە ماڵەوە لە بارەی ئەو بابەتەوە لەگەڵیدا قسە بکەن. هەروەها دەشێت هەر پۆلێک ڕێنمایی تایبەت بە ڕەوشتی خۆیان هەبێت کە مامۆستا و قوتابییەکانی پێکەوە لە سەریان ڕێکدەکەون. لەو ڕێنماییانەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت لەناو پۆلدا چۆن ڕەفتار بکەن لە پێناو ئەوەدا کە هەست بە ئاسوودیی بکەن و هاوکات بە باشی فێرە خوێندن بن.

دەبێت هەمان هەل و دەرفەتی خوێندن بۆ هەموو قوتابیان بڕەخسێندرێت

قوتابخانە دەبێت هەمان هەلی خوێندن و بەرەوپێشچوون بۆ گشت قوتابییان بڕەخسێنێت، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە چ ڕەگەز و خێزان یان بیروبۆچوونێکن. قوتابخانە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە قوتابییەکان جیاوازن و دەبێت کەشێک وا بخوڵقێنێت کە قوتابییەکان هەست بکەن کە بەشێکن لە قوتابخانە و کۆمەڵگەکەن. پرۆسەی خوێندن و فێرکردن دەبێت زانیاری و حەزی فێربوون لای قوتابی دروستبکات بە درێژایی ژیانیان. قوتابخانە دەبێت یارمەتی قوتابییەکان بدات لە:

  • وەک مرۆڤێک گەشە بە خۆیان بدەن
  • توانایان لە وانەکاندا پێش بخەن
  • هەست بەوە بکەن کە بەشێکن لە کۆمەڵ
Bilde av en dame som møter elever med åpne armer

خوێندن و فێرکردنی گونجێنراو

سەرجەم قوتابییان دەبێت وانەی گونجێنراویان پێ بدرێت. قوتابیان ئاستیان جیاوازە و بە شێوەی جیاواز فێردەبن. هەربۆیە دەبێت قوتابخانە پرۆسەی فێربوونەکە بە جۆرێک بەڕێوەبەرێت کە هەموو قوتابییەکان بە باشترین شێوە سوود لە وانەکە ببینن.

وانەی تایبەت

هەندێک لە قوتابییان پێوسیتییان بە وانەی تایبەت هەیە. ئەگەر دایباب یاخود قوتابخانە پێی وابوو کە قوتابییەکە بەباشی فێرنابێت، دەبێت قوتابخانە ئاسانکاری بکات بۆئەوەی کە قوتابییەکە وانەی تایبەتی پێ بوترێتەوە. خۆ ئەگەر ئەو هەونگاوە سوودی نەبوو، ئەوا دەبێت قوتابخانە و بەشی خزمەتگوزاریی دەروونی-پەروەردەیی (PPT) بە هاوکاریی تۆی دایباب بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا قوتابییەکە پێویستیی بە بڕیار و بەرنامەی کاری زیاتر هەیە بۆ پێدانی خوێندنێکی باش و بەسوود. گرتنەبەری ڕێوشوێنی لەو جۆرە بە وانەی تایبەت ناودەبرێت. دەشێت وانەی تایبەت بۆ نموونە ئەوە بێت کە قوتابییەکە بەپێی ئامانجی فێربوونی دیکەی جیاواز لە قوتابییەکانی تر بخوێنیت، کەرەستەی فێربوونی تر بەکاربەرێت، و یان لەلایەن مامۆستایەکی تایبەتەوە (لە کاتی وانەکان و کاتی پشووەکاندا ) یارمەتی وەربگرێت.

هاریکاری نێوان ماڵەوە و قوتابخانە

لە یاسای خوێندن و فێرکردندا هاتووە کە قوتابخانە و دایبابان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیان دەکەوێتە سەرشان لە پرۆسەی خوێندندا لە قوتابخانەی بنەڕەتی. ئەم هاریکارییە هەم لە سەر ئاستی نیشتیمانی و هەم لەسەر ئاستی یەکە بە یەکەی قوتابخانەکان دەچێت بەڕێوە.

هاوکاری لەسەر ئاستی نیشتیمانی

دەزگا حکومییەکان سیستمێکی هەڵبژاردنی دایبابانی نیشتیمانی بۆ قوتابخانەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی بە ناوی (FUG) دامەزراندووە. FUG ڕێنمایی و پێشنیار بە ماڵ و قوتابخانە دەدات. هەروەها FUG لەو کەیسانەشدا کە تایبەتن بە هاریکاریی نێوان ماڵ و قوتابخانەدا ڕێنمایی بە دەسەڵاتدارانی حکومی دەدات.

هاوکاری لەگەڵ قوتابخانەدا

دایبابان لە قوتابخانە بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی دەستەیەکی هەڵبژێردراوی کار بە ناوی- دەستەی هەڵبژێردراوی دایبابان (FAU). FAU لەگەڵ قوتابخانەدا هاوکاری دەکات و ڕێمنایی و پێشنیار بە بەڕێوەبەری قوتابخانە دەدات. لە زۆربەی قوتابخانەکاندا نوێنەرێکی دایبابان بۆ هەر پۆلێک هەڵدەبژێردرێت. نوێنەرەکە بۆ ساڵیکی خوێندن هەڵدەبژێردرێت و دەبێت لەگەڵ مامۆستایانی پۆلەکەدا هاریکاری بکات. ئەو نوێنەرە بە ناوی سەرجەم دایبابانی پۆلەکەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکان دەکات.

هاوکاری ناو پۆل

هەموو قوتابخانەکان لە دەستپێکی ساڵی خوێندندا کۆبوونەوەیەکی دایبابان سازدەدەن. زۆربەی قوتابخانەکان لە ساڵێکدا دوو کۆبوونەوەی دایبابان سازدەدەن و هەندێک زیاتریش لە دووجار. کۆبوونەوەکانی دایبابان بۆ هەموو دایبابانی پۆلەکە کراوەیە. لە کۆبوونەوەکانی دایباباندا زانیاری لەبارەی قوتابخانە و ساڵی خوێندن و ڕێوشوێنەکانی قوتابخانە دەدرێت. هەروەها لەو کۆبوونەوانەدا زانیاری دەربارەی ناوەرۆکی وانە و بەرنامە فێرکارییەکان و دەربارەی هەر شتێکی تر کە گرنگ بن و پێویست بن تۆی دایک یان باوک بیزانن پێدان دەدرێت. لە کۆبوونەوەکاندا دایبابەکان دەتوانن ئاشنا بن بە یەکتری و یەک بناسن. ناسینی یەکتریی دایبابان گرنگە بۆ منداڵەکانیش کە لە کاتی قوتابخانەوە و کاتی دەرەوەی قوتابخانەش پێکەوەن و پەیوەندییان هەیە.

هاوکاری سەبارەت بە منداڵەکەت

دایبابەکان کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لە ژیانی چوونە قوتابخانەی منداڵاندا. زۆر گرنگە کە قوتابخانە و دایبابانی قوتابییان هاریکارییەکی باشی یەکتری بکەن، ئەمەش لە پێناو ئەوەدا کە قوتابییەکە لە خوێندنەکەیدا سەرکەوتووبێت. تۆ وەک دایک یان باوک پێویستە لە کۆبوونەوەی دایبابان و کۆبوونەوەی تایبەت بە منداڵەکەتدا بەشداری بکەیت. گەلێک گرنگە کە گرنگیپێدانی خۆت بۆ ژیانی ڕۆژانەی منداڵەکەت لە قوتابخانە پیشان بدەیت. جا لە پێناو ئەوەی قوتابخانە کارئاسانی باش بۆ منداڵەکەت بکات، گرنگە کە ئەو زانیارییانەی لەبارەی منداڵەکەتەوە هەتە لەگەڵ قوتابخانەدا بەشی بکەیت:

  • لەگەڵ منداڵەکەتدا سەبارەت بەوەی لە قوتابخانە چیکردووە و چی فێربووە قسە بکەیت
  • کات تەرخان بکە بۆ منداڵەکەت لە کردنی ئەرکەکانی قوتابخانە کە دەبێت لە ماڵەوە ئەنجامیان بدات
  • لەو چالاکییانەی قوتابخانە ڕێکیان دەخات بەشداری بکە
  • کاتێک پێویستیت بەوەیە سەبارەت بە شتێک پرسیار بکەیت یان گفتوگۆ بکەیت یان زانیارییەک بدەیت و وەربگریت پەیوەندی بە قوتابخانەوە بکە.

گفتوگۆی گەشەپێدان و پێشخستن

گفتوگۆی گەشەپێدان و پێشخستن کۆبوونەوەیەکە لەنێوان قوتابی و دایباب و مامۆستای ڕابەری پۆلدا. لەو کۆبوونەوەیەدا قوتابی و دایباب و مامۆستاکە دەربارەی دۆخی قوتابییەکە لە قوتابخانەدا قسەدەکەن. ئامانج لەم گفتوگۆیە ئەوەیە کە چۆن قوتابخانە و دایبابان هاوکاری یەکتری بکەن بۆ پشتگیریکردن و پێشخستنی توانای قوتابییەکە لەڕووی فێربوون لە وانەکان و لە ڕووی سۆسیالیشەوە. ئامانجێکی تری گرنگ ئەوەیە کە ڕێگەیەک ببیننەوە بۆ چۆنیەتی دۆزینەوەی ئەوەی کە قوتابییەکە چۆن بتوانێت خۆی بە باشترین شێوە بخوێنێت و فێربێت.
قوتابی و دایبابەکان لانی کەم لە ساڵێکی خوێندندا دووجار لە کۆبوونەوەی گفتوگۆی گەشەپێدان و پێشخستندا ئامادە دەبن. پێش چوونە کۆبوونەوەکە گرنگە کە لەگەڵ منداڵەکەتدا پێکەوە بدوێن. بیرکەرەوە لەوەی کە ئایا پرسیارت هەیە ئاراستەی قوتابخانەی بکەیت. هەروەها قوتابخانە ئەرکەی سەرشانیەتی کە ئەگەر پێویست بکات لە دەرەوەی کۆبوونەوەکانیشدا پەیوەندیت پێوە بکات.

دەکرێت کۆبوونەوەی گفتوگۆی گەشەپیدان و پێشخستن لەنێوان دایباب و مامۆستادا بێ ئامادەبوونی منداڵەکە ئەنجام بدرێت.

ئەرکی نهێنی پاراستن

هەموو ئەوانەی لە قوتابخانەدا کاردەکەن ئەرکی پاراستنی نهێنییان لەسەر شانە. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەوان ناتوانن ئەو زانیارییە تایبەتییانە لەبارەی تۆوە یان منداڵەکەتەوە لەڕێگەی کارەوە وەریانگرتووە بیگەیەنن بە خەڵکانی تر. ئەوی سەرپێچی لە ئەرکی نهێنی پاراستندا بکات رووبەڕووی سزا دەبێتەوە. لەم ڕێنماییەدا دوو ڕیزپەڕ هەن:

١. ئەگەر منداڵەکەت پێویستی بە یارمەتی یان پشتگیریکردن لە کەسانی دەرەوەی قوتابخانەوە هەبوو، دەتوانیت ڕەزامەندی بدەیت بە قوتابخانە کە زانیاریی پێویست بە ئەو/ئەوانە بدات کە دەبێت یارمەتی منداڵەکە بدەن. پێدانی ڕەزامەندی لەلایەن تۆوە بەو مانایە دێت کە تۆ ڕێگە بە قوتابخانە دەدەیت زنایاری لەبارەی منداڵەکەتەوە بە کەسانی تر بدات. تۆ و قوتابخانە لەسەر ئەوە رێک دەکەون کە چی شتێک دەبێت بوترێت و بدرێت. ئەو ڕەزامەندی پێدانە بۆ کاتێکی دیاریکراوە و دەتوانیت هەر کات بخوازیت رەزامەندییەکەت بکشێنیتەوە.

٢. ئەگەر قوتابخانە بیانوویەکی هەبوو و پێی وابوو منداڵێک ڕووبەڕووی خراپ بەخێوکردن بۆتەوە یا مەترسی ئەوەی لەسەرە کە تووشی لێدان و پێدان بێتەوە، ئەرکە لەسەر قوتابخانە کە منداڵپارێزی ئاگاداربکاتەوە.

موتەرجیم/وەرگێڕ

گرنگە کە قوتابخانە و دایبابان پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ و باشیان لەگەڵ یەکدا هەبیت و لەیەکتر تێبگەن. هەندێک جار پێویست بەوە دەبێت کە موتەرجیم بەکاربهێنرێت. هەم ئێوە و هەم قوتابخانەش دەتوان داوای موتەرجیم بکەن. ئەگەر ئێوە بۆ نموونە پێویستان بە موتەرجیم بۆ کۆبوونەوەی دایبابان هەبوو، دەبێت پێشوەختە سەبارەت بەو داخوازییەتان قوتابخانە ئاگاداربکەنەوە. دەبێت قوتابخانە داوای موتەرجیمەکە بکات و پارەکەی بدات. موتەرجیمکەش ئەرکی نهێنی پاراستنی هەیە. ڕێگە پێدراو نییە کە منداڵ وەک موتەرجیم بەکاربهێنرێت.

بەشە سەرەکیەکەی کۆسەرچاوەکانی پلانی خوێندن

بەشە سەرەکیەکەی کۆسەرچاوەکانی پلانی خوێندن، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو بەها و پرینسیپانە کامانە کە کارکردی بۆ سەر پرۆسەی خوێندن و فێربوون هەیە. ئەمەش پەیوەندی بە خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکانەوە هەیە.

ئەم بەشە سەرەکیەی کۆسەرچاوەکانی پلانی خوێندن، قورسایی دەخاتە سەر ئەوەی، کە قوتابیەکان دەرفەت بۆ گەشەکردنی وشیاری ژینگەیی خۆیان، توانایی ڕەخنە گرانەو ئاگاهی ئەتیکییان وەربگرن. هەروەها قوتابییەکان دەبێت فێربن کە، مامەڵەی دیموکراتی لە پراکتیکدا چییە و چی دەگەیەنێت. قوتابییەکان پلە بە پلە زانیاری و تێگەیشتنی بەردەوامیان گەشە پێدەرێت.

دەبێت کاردانەوەیان لەسەر فێربوونی خۆیان هەبێت و بتوانن ئەوەی کە فێری بوون لە زەمینەی جۆراو جۆردا بەکاربهێنن. قوتابییەکان دەبێت ڕاهێنان لە سەر دارشتنی پرسیارو دۆزینەوەی وەڵام بە تەنیا و لەگەڵ کەسانی تردا بکەن. قوتابییەکان دەبێت فێری پرۆسەی فێربوونن بن. هاوکاری، بیرکردنەوەی نوێ، داهێنان، توانایی هەڵسەنگاندن، لێکدانەوە، خەیاڵکردن و گەڕان و لێکۆڵینەوە گرنگن.

کۆسەرچاوەکانی پلانی خوێندن

یاسای خوێندن، خوێندن لە قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان بەڕێوەدەبات، و کۆسەرچاوەکانی پلانی خوێندنیش، ناوەرۆکی خوێندن بەڕێوە دەبات. کۆسەرچاوەکانی پلانی خوێندن، لە بەشێکی سەرەکی و پلانی تایبەتی خوێندن بۆ هەر وانەیەک بەجیا پێکهاتووە.

پلانی خوێندن بۆ وانەکان

لە پلانەکانی خوێندنی وانەکاندا دیاریکراوە کە قوتابییەکان دەبێت لە ئاست و قۆناغە جیاوازەکاندا چی فێربن. هەر قوتابخانەیک بڕیار دەدات لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی قوتابییەکانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پلانی خوێندن.

هەڵسەنگاندن

قوتابیان دەبێت لە ساڵی یەکەمی خوێندنەوە لەلایەن مامۆستاکانیانەوە هەڵسەنگاندنی بەردەوامیان لە وانەکاندا بۆ بکرێت. ئەم هەڵسەنگاندنانە گرنگن بۆ قوتابیەکان، بە مەبەستی وەرگرتنی خوێندنی گونجێندراو، سەرەڕای ئەوەش دەبێت هەڵسەنگاندنەکان یارمەتی دەربێت، بۆئەوەی قوتابی تێبگات کە خۆی چۆن بتوانێت بەباشترین شێوەی گونجاو فێرببێت. هەڵسەنگاندنی بەردەوام لە وانەکان و هەڵسوکەوت و ڕەفتاردا بەدرێژایی ساڵ بەقوتابیی ئەنجام دەدرێت، و هەڵسەنگاندنەکانیش بەشێوەی نووسراو و زارەکی ئەنجام دەدرێن. هەڵسەنگاندنی قوتابیەکان لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا بە شێوەی نمرەدانان نییە. لە قوتابخانەی ناوەندی هەڵسەنگاندن بە نمرە و بێ نمرە دەبێت. سیستمی نمرە لە یەکە هەتا شەشە، و شەش باشترین نمرەیە. هەموو قوتابییەکان دەبێت کاری خۆیان، پێشکەوتنی خۆیان و توانایی خویان هەڵبسەنگێنن بە مەش دەگۆترێت خۆهەڵسەنگاندن.

قوتابیانی خاوەن زمانێکی دایکیی جیاواز لە زمانی نەرویجی

ئەو قوتابیانەی زمانێکی دایکیی جیاوازیان هەیە لە زمانی نەرویجی و سامی، مافی خوێندنی تایبەتیان بۆ فێربوونی زمانی نەرویجی هەیە هەتا ئەو کاتەی فیری نەرویجییەکی وا دەبن کە بتوانن بچنە پۆلی ئاسایی و وانە ئاساییەکان بخوێنن. خوێندنی تایبەتی زمان، دەشێت سێ شت بگرێتەوە:

  • خوێندنی تایبەتی فێربوونی زمانی نەرویجی_ سەعاتی تایبەت بۆ فێربوونی زمانی نەرویجیە.
  • خوێندنی جوتزمانی لە وانەکاندا _ قوتابی یارمەتی بەزمانی دایک وەردەگرێت بۆ تێگەیشتنی وانەکان
  • خویندن بە زمانی دایک_ قوتابی دەتوانێت زمانی دایک بخوێنیت

قوتابخانە دەبێت هەڵسەنگاندنی دیاریکردنی ئاستی زمانی نەرویجی قوتابییەکان بکات، بۆ ئەوەی بزانرێت کە قوتابییەکە مافی خوێندنی تایبەتی زمان هەیە. ئەگەر ئەنجامگیریی هەڵسەنگاندنەکە بگاتە دەریخستکە قوتابی مافی خوێندنی تایبەتی زمانی هەیە، دەبێت بڕیاری تایبەت لەسەر ناوەرۆک و ڕادەی ئەم زمان فێربوونە تایبەتە بدرێت. تۆش وەکوو دایک و باوک، مافی تانەدانت لە بڕیارەکە هەیە.

خوێندنی تایبەتی زمانی نەرویجی

ئەو قوتابییانەی تازە هاتوونەتە نەرویج و زمانی نەرویجی باش نازانن، دەتوانن وانەی تایبەت بە فێربونی نەرویجی وەربگرن. پلانێکی فێربوونی تایبەت بەمە هەیە. پاش ئەوەی وردە وردە فێری نەرویجی دەبن، دەتوانن لەگەڵ کەمێک یارمەتیدا پەیڕەوی وانەی ئاسایی خوێندنی نەرویجی بکەن. ئامانج لە خوێندنی تایبەتی زمانی نەرویجی ئەوەیە، کە قوتابییەکە زمانی نەرویجی فێرببێت بۆ ئەوەی لە دەرەنجامدا پێویستی بە یارمەتی نەمێنێت و بچێتە پۆلی خوێندنی ئاسایی. لەوانەیە ئەمە کاتی زۆر بخایەنێت، کە زۆرجار بۆ فێربوونی نەرویجی بە تەواوەتی و سوود وەرگرتنی تەواو لە هەموو وانەکان بە زمانی نەرویجی لە پۆلدا چەند ساڵێک دەخایەنێت.

خوێندنی وانە جووت زمانی

هاوکات کە قوتابی فێری نەرویجی دەبێت، دەبێت بەردەوامیش بێت لە فێربوونی وانەکانی تریشدا. لەوانەیە پێویست بێت کە قوتابییەکە بۆ تێگەیشتن لە وانەکان یارمەتی بە زمانی دایک وەربگرێت. مامۆستای وانە و مامۆستای جووتزمانە پێکەو هاوکاردەبن لەوەی، کە قوتابیەکەی دەبێت چی بە زمانی دایک بخوێنیت و فێربێت. ئەمە پێیی دەوترێت خوێندنی وانە بە جووت زمان. ئەمەش بە مانای ئەوە دیت کە قوتابییەکە خوێندن لە وانەکاندا بە هەردوو زمان وەردەگرێت. ئە گەر پێویست بکات قوتابی مافی خوێندنی بە جووتزمانە هەیە.

خوێندن بە زمانی دایک

خوێندن بە زمانی دایک بریتییە لە فێربوو و خوێندنی زمانی دایک، و ئامانج لەمە ئەوەیە کە ئەگەر قوتابی زمانی دایکی باشتر فێربوو کار ئاسانی دەکات بۆ قوتابیەکە بۆ فێربوونی زمانی نەرویجی. قوتابخانە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ قوتابییەکە بکات کە ئایا پێویستی بە خوێندنی زمانی دایک هەیە یان نا. ئەگەر قوتابخانەکە بۆی دەرکەوت، کە پێویستی پێیەتی، ئەوا قوتابیەکە مافی خوێندنی بە زمانی دایکی دەبێت.

ڕەخساندنی هەلی سەرەتایی بۆ قوتابیانی تازە هاتوو

ئەم هەل و دەرفەتە تایبەتە بە فێربوونی زمانی نەرویجی پێش دەستپێکردن بە پۆلی ئاسایی و بۆ ئەو قوتابییانە دەڕەخسێندرێت، کە ماوەیەکی کورتە هاتوونەتە نەرویج. شارەوانی دەتوانێت هەلی سەرەتایی و ئامادەکاری بۆ قوتابییە تازە هاتووکان لە گرووپ و پۆل یان قوتابخانەی خۆیان ڕیک بخات. چوونە ئەو کڵاس و خوێندنە ئازادانەیە بەڵام ئەو قوتابییانەی سەرەتا دەچنە ئەم کلاسانەوە باشتر دەتوانن فێرە نەرویجی بن و ئامادەبن بۆ ئەوەی دواتر بچنە پۆلی ئاساییەوە. خوێندن لەو بەرنامە سەرەتاییەدا زامنی تێکەڵاوبوون و ڕەخسانندی ژینەگەیەکی باشی فێربوون دەکات.

وانەخوێندن لە دەرەوەی پۆل و قوتابخانە

لەهەموو ئاستەکاندا چوونە گەشت و سەردانی مۆزەخانە و هەروەها چالاکی جیاواز لە دەرەوەی پۆل شتێکی ئاساییە. ئەم وانە خوێندنە یەکسانە بەو وانە خوێندنەی کە لە ناو قوتابخانەدا دەخوێندرێت، و بەشداربوونیش بۆ هەمووان بەزۆرە.

لە زۆر قوتابخانە ئاسایە، کە قوتابییەکان بچن بۆ هەفتەی خوێندن لە دەرەوەی قوتابخانە (leirskole)، کە چەند ڕۆژێک دەخاێنێت و قوتابییەکانیش لەوێ بەشەو دەمێننەوە. مەبەستی چوونەکە ئەوەیە کە قوتابیان لە وانەکان و لە باری کۆمەڵایەتییەوە بەهێزتربن. ئەم گەشتە کە قوتابخانە ڕێکی دەخات بێ بەرامبەرە.

ئەگەر لەسەر گەشت و وهەفتەی خوێندن لەدەرەوەی قوتابخانە (leirskole) پرسیارێکت هەبوو دەتوانیت لە گەڵ مامۆستای ڕابەری پۆل قسە بکەیت و زانیاری زیاتر وەربگریت لەسەر ئەوەی گەشتەکە یان هەفتەی خوێندن لەدەرەوەی قوتابخانە بەڕێوە دەچێت و پلانی بۆ دانراوە. پرەنسیپی خوێندنی گونجێنراو لە خوێندنی وانەکانی دەرەوەی قوتابخانەش پیادە دەکرێت.

کارێکی پڕ بەهایە گەر هەموو قوتابییەکان بەشداری بکەن. گرنگە بۆ قوتابییەکان کە بەشێوازی جۆراوجۆر فێربن و ئەم جۆرە گەشتانە گرنگی و کاریگەریی مەزنی هەیە بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی لە پۆلدا. ئەگەر شتێک هەیە کە وابکات، گرانباری بۆ منداڵەکەت دروستبکات لە بەشداری کردنیدا، دەبێت لەگەل ڕابەری پۆلدا بۆ دۆزینەوە ڕێگەچارەسەر قسە بکەیت، بەشێوەیەک کەکار ئاسانی بۆ منداڵەکەت بکات.

ئەرکی کردنی وانەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە

شتێکی ئاسایە کە قوتابیان دوای تەواوبوونی قوتابخانە ئەرکی خوێندنی ماڵەوە وەربگرن. ئاسایی ئەو ئەرکانەی قوتابییەکە وەریان دەگرێت پێشتر لە قوتابخانە و لە پۆلدا خوێندویەتی. ودەبێت لە ماڵەوە جارێکی تر پێایایدا بچێتەوە ڕاهێنانیان تێدابکات. کارێکی باش دەبێت کە تۆش وەک دایباب بە گرنگییەوە هاریکاریی منداڵەکەت لە کردنی ئەرکەکانی خوێندن لە ماڵەوە بکەیت.

هەموو قوتابخانەکان دەرفەت و هەلی یارمەتیدانی قوتابیانیان لە کردنی ئەرکەکانی خوێندندا هەیە. ئەوەی کام ئاست و قۆناغ دەرفەتی یارمەتی ئەرکی قوتابخانە وەردەگرێت لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر جیاوازە. لە هەندێک شارەوانی ئەم دەرفەتە لە لایەن ڕێکخراوە خۆبەخشەکانەوە ئەنجام دەدرێت. دەتوانیت لە قوتابخانەکە پرسیار بکەیت کە چ جۆرە دەرفەتێکیان هەیە بۆ یارمەتیدان لە ئەرکەکانی قوتابخانەدا.

کاتی دەستبەتاڵیی قوتابی

منداڵ و گەنجان لە کاتی قوتابخانەدا زۆر شت فێردەبن، بەڵام لە کاتی دەستبەتاڵی و دەرەوەی کاتی قوتابخانەشدا فێر دەبن.

سیستمی پێش و پاش خوێندن لە قوتابخانە (SFO)

منداڵ و گەنجان لە کاتی قوتابخانەدا زۆر شت فێردەبن، بەڵام لە کاتی دەستبەتاڵی و دەرەوەی کاتی قوتابخانەشدا فێر دەبن. سیستمی پێش و پاش خوێندن لە قوتابخانە (SFO) هە موو قوتابخانەیەک، سیستمی پێش و پاشی خوێندنی لە قوتابخانە (SFO) بۆ قوتابیانی ئاستی ١ هەتا ٤ هەیە. سیستمی پێش و پاشی خوێندن لە قوتابخانە، دەرفەتێکە بۆ ئاگالێبوون، سەرپەرشتی و چالاکییەکانی کاتی دەست بەتاڵی لە کاتی پێش و پاش قوتابخانە. سیستمی SFO لە قوتابخانە لە هەموو شارەوانییەکدا خۆڕایی نییە، بەڵام لە هەندێک شارەواندا بەخۆڕاییە.

چالاکییەکانی کاتی دەستبەتاڵی

زۆربەی منداڵان و گەنجان لە چالاکییە ڕێکخراوەییەکاندا لە کاتی دەستبەتاڵیدا بەشداری دەکەن و ئەمەش زەمینەیەکی باش دەڕەخسێنێت بۆ فێربوونی زیاتر. ئەگەر هاوڕێیانی قوتابخانە ئارەزووەیەکی هاوبەشیان هەبێت، دەتوانن ساناتر هاوڕێ بگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروست کردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیی باش بۆ قوتابییەکان. دایبابان ڕۆڵێکی گرنگ لە چالاکی منداڵەکانیان لە کاتە دەستبەتاڵیەکاندا دەگێرن. زۆر جار دایک و باوکان هاوکاری یەکتر دەکەن لە هێنان و بردنی منداڵاکانیان بۆ ڕاهێنانەکان، و بۆ بەشداری کردنیان لە چالاکیە ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکاندا. زۆرێک لە دایک و باوکان دەبنە ڕاهێنەر یان بە شێوەی جیاواز یارمەتی دەدەن، بەو شێوەیە منداڵاکانیان لە چالاکییەکانی کاتی دەستبەتاڵیدا بەشداری دەکەن. شتێکی باشە گەر دایبابان پێکەوە دەربارەی دەرفەت و چالاکییەکانی کاتی دەستبەتاڵی قسە بکەن. زۆربەی مامۆستاکان ئاگادارن کە قوتابییەکان لە چ جۆرە چالاکیەکدا بەشدارن.

یادی جەژنی لەدایکبوون

بانگ کردن بۆ یادی ڕۆژی لە دایکبوون دیاردەیەکی ئاساییە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە لە قوتابخانەی سەرەتایین. هەندێک لە منداڵەکان حەساسیەتیان هەیە، یان خوی تایبەتیان لە خواردندا هەیە، کە ئەمەش وادەکات بەشداری کردنیان لەو بۆنانەدا زەحمەتتر بێت. ئەگەر منداڵەکەت بەرگەی هەندێک خواردن نەگرێت و پێی نەکەوێت گرنگە کە پێش ڕۆژی یادی لەدایکبوونە دایک و باوکی ئەو منداڵە ئاگاداربکرێتەوە کە ئاهەنگەکەی بۆ دەگێڕن،. شتێکی ئاساییە کە منداڵ دیارییەک لەگەڵ خۆیدا بەرێت بۆ ئەو کەسەی کە یادی ڕۆژی لە دایکبوونیەتی. بیرۆکەیەکی باشە، کە قسە بکرێت لەسەر ڕۆژی لە دایکبون و هاوڕابوون لەسەر ئەو دیارییەی کە دەبرێت، ئەمەش لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکاندا تاوتوێ دەکرێت. گرنگە بیر لەوە بکەیتەوە،کە هەمووان بانگهێشت بکرێن و کەس نەکەوێتە دەرەوەی ئەم جۆرە یادانە.

ڕێنمایی و بەردەوامی لە خوێندن

مافی ڕێنمایی پەروەردەی کۆمەڵایەت

پێویستە قوتابخانە ڕۆڵی هەبێت لە گەشەپێدانی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیی قوتابی و گەشەکردنی پیشەیی و خوێندن. ڕاوێژکاری ئەم ڕێنماییە پەروەردە کۆمەڵایەتییە دەبێت یارمەتی قوتابی بدات بۆ دۆزینەوەی شوێنی گونجاوی خۆیان لە قوتابخانەدا. ئەمەش یارمەتی ئەو قوتابییانە دەدات کە گیرۆدەی کێشەی کەسایەتی یان کۆمەڵایەتی یان خۆشەویستین ،کە کاریگەری دەبێت لەسەر خوێندنی قوتابی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە قوتابخانە. یارمەتییەکەش پێکهاتووە لە ڕوونکردنەوەی کێشەکان و قەبارەکەی، وە ڕوونکرنەوەی ئەوەی کە قوتابخانە تا چەند دەتوانێت یارمەتی بدات، هەروەها قوتابیش دەتوانێت یارمەتی لەدەرەوەی قوتابخانەش وەربگرێت. ڕاوێژاکاری پەروەردەی کۆمەلایەتی دەتوانێت یارمەتی دەربێت لە دۆزینەوەی لایەنە پەیوەندیدار و یارمەتیدارەکان لەم بوارەدا.

ڕێنماییکردنی خوێندن و پیشە

ڕاوێژکارەکان لە قوتابخانە ناوەندی دەبێت زانیاری بە قوتابیان و دایکان و باوکان بدەن کە چ جۆرە خوێندنیک لە قوتابخانەی ئامادەیی داوابکەن. ڕێنماییکردنی خوێندن و پیشەیی دەبێت یارمەتی قوتابیەکان بدات بۆ بە ئاگابوون لە بەهاکان و حەز و مەرجە پێش وەختەکانی خۆیان. ئەمەش وا لە قوتابی دەکات کە خۆی باشتر بناسێت و پەرە بە تواناکانی بدات بۆ هەڵبژاردنی خوێندن و پیشە.

ڕاوێژکارەکان دەبێت یارمەتی قوتابییەکان بدەن لە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی بژاردەکانیان و ئەو کاریگەرییانەی لە بژاردەکانیان دەکەوێتەوە ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی هەڵەی خوێندن یان پیشە. قوتابییەکان پێویستە زانیاری و ڕێنمایی وەربگرن لەسەر :

  • هەڵبژاردنی پیشەکان
  • دەرفەتی خوێندن لە نەرویج و وڵاتانی تر
  • بازاڕی کار لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی
  • بازاڕی کار لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی

گواستەنەوە بۆ قوتابخانەی ئامادەیی

ئەو قوتابیانەی قوتابخانەی بنەڕەتی تەواو دەکەن، مافی خوێندنیان لە قوتابخانەیی ئامادەیی هەیە. لەکاتێکدا کە قوتابیان لە پۆلی ١٠ دەخوێنن دەتوانن داوای خوێندنی ئامادەیی دەکەن. ئەو قوتابیانەش کە دێنە نەرویج و لە کۆتا قوناغی ناوندیدان، دەشێت پێش دەستپێکردنیان بە خوێندنی ئامادەیی پێویستیان بە خوێندنی بنەڕەتی زیاتر بێت. هەندێک شارەوانی ساڵێک خوێندنی زیادە لە قوتابخانەی بنەڕەتیی پێشکەش دەکات.

لە هەندێک شوێنی تر قوتابییەکان دەتوانن بچنە خوێندنی بنەڕەتی بۆ گەورەساڵان یان لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە بەشی ڕەخسانندی هە و ئامادەکاریی بخوێنن. لە زۆر شوێن بەم بەشانە دەوترێت پۆلە تێکەڵەکان، لەوێ لە قوتابخانە ئامادەییەکەدا دەتوانن خوێندنی زیاتری قۆناغی ناوەندی بخوێننی.

Informasjon om norsk grunnskole på kurdisk sorani

Alle foto er hentet fra shutterstock.com