17. mai – Norges nasjonaldag // ١٧ی مای – ڕۆژی نیشتیمانی
١٧ی مای ڕۆژی نیشتیمانیی نۆروێژە. بۆیە بەبۆنەی ئەوەی نۆروێژ لە ١٧ی مای ١٨١٤ دەستووری بنەڕەتیی خۆی نووسیوەتەوە ئاهەنگ دەگێڕین. نۆروێژ پێش ١٨١٤ بۆ ماوەی چوار سەد سال بەشێک بوو لە دانمارک. پاشای دانمارک خاوەنی بەرزترین دەسەڵات بوو لە نۆروێژ و نۆروێژەکان دەبوو ملکەچی ئەو یاسایانە بن کە دانمارک بڕیاری لەسەر ددەدان. لە ساڵی ١٨٨٤ گەلێک ڕووداو لە ئەوروپادا ڕوویاندا و نۆروێژەکان خوازیار و چاو لەڕێی ئەوە بوون ببنە خاوەنی وڵات و یاسای خۆیان.
دەستووری بنەڕەتی لە ئایسڤۆڵ نووسرایەوە
١١٢ (سەد و دوانزە) کەس لە پیاوانی دەوڵەت لە ئایدسڤۆڵ بۆ نووسینەوەی دەستووری بنەڕەتیی نۆروێژ کۆبوونەوە، کە لە شوێنی جیاجیای نۆروێژەوە هاتبوون. ئەو گرووپە بە ئەنجوومەنی نیشتیمانی ناوزەد کران و بۆ نووسینەوەی دەستووری بنەڕەتی ماوەی شەش هەفتەیان پێچوو. لە ١٧ی مای نووسینەوەی دەستوورەکە کۆتایی پێهات، و لەلایەن کریستیان فرێدریک پاشاوە واژۆی لەسەر کرا، هەر بۆیەشە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی نیشتیمانیی نۆروێژ دیاری کراوە.

سەرچاوە: ویکیپیدیا
١٧ی مای ڕۆژی ئاڵایە
١٧ مای بۆ قوتابیانی خوێندگەکان و زۆرێک لە خەڵک ڕۆژێکی پشووە. بە فەرمی کراوە بەناوی ڕۆژی ئاڵا، ئەمە واتە ئەو باڵەخانانەی خاوەنداری دەوڵەت یان شارەوانی دەگەڕێنەوە، دەبێت ئاڵا هەڵبکەن. خەڵکی زۆر لە ١٧ مای ئاڵا هەڵدەکەن. ئاڵای نۆروێژ لە ١٨٢١ دروستکراوە. ڕەنگەکانی ئاڵاکە بریتین لە: سوور، سپی و شین، کە نیشانەی ئازادییە. خاچەکەش سیمبولی نۆروێژ و کریستیانی بوونەوەی وڵاتەکەیە.

جلوبەرگی ئاهەنگ
شتێکی ئاسایی ئەوەیە کە لە ڕۆژی نیشتیمانیدا خەڵک جوانترین جلوبەرگەکانیان پێبپۆشن. زۆرێک پۆشاکی نیشتیمانی کە ناسراوە بە “بوناد” یان جلوبەرگەی دیکەی نیشتیمانی، لەبەردەکەن.
لە ١٧ی مای، چالاکیەکان و ڕێکخستنی بۆنە لە قوتابخانەکان، باخچەکان و ناو سەنتەری شارەکان ساز دەکرێن.
ڕێپێوانی منداڵان
١٧ی مای بە ڕۆژی منداڵانیش ناودەبرێت. لە سەرانسەری وڵاتدا، منداڵانی قوتابخانەکان بە شەکانەوەی ئاڵای نۆروێژ و گوتنەوەی دروشم و گۆرانی لە ڕێپێوانی ڕێکخراودا دەڕۆن. گرووپی موزیکی ناسراو بە “کۆرپس” موزیک دەژەن. لەو ڕۆژەدا زۆرینە، سروودی نیشتیمانیی “بەڵێ، خۆشمان دەوێت” دەڵێنەوە. تێکستی سروودەکە لە ساڵی ١٨٥٩ نووسراوە (بیۆرنستێرنە بیۆرنسون). ڕیکارد نوردرۆکی، کە مامۆستای بیۆرنستێرنە بوو، لە ساڵی ١٨٦٣ ئاواز بۆ تێکستی سروودە نیشتیمانییەکە دانا.

دەتوانیت خێزانی پاشایەتی لە بالکۆنەکەدا ببینیت؟

(واتە خوێندکارانی قوتابخانە کە جلوبەرگی شین یان سوور دەپۆشن لە ماوەی جەژنەکانی ڕوس)
ئاهەنگگێڕانی قوتابیانی دوا قۆناغی ئامادەیی (ڕوس)
قوتابیانی دوای قۆناغی ئامادەیی، کە پێیان دەگوترێت “ڕووس”، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی خوێندنی ئامادەییەوە ئاهەنگ دەگێڕن.ئەوان وایە کە پاش ١٣ ساڵ خوێندن لە قوتابخانە، شایستەن کە ئاهەنگ بدەن. هەر بۆیە جلوبەرگی تایبەتی خۆیان لەبەر دەکەن. لەسەر پۆشاکەکانیان بە قەڵەم ڕەنگی سڵاو و ناو دەنووسن. لە مانگی پێنجدا گەلێک ئاهەنگی جۆراوجۆر ساز دەدەن. وێنەی جۆراوجۆری خۆیان دەگرن، بە پاسی تایبەتی دێن و دەچن و دەنگی موزیکی تەجیلی پاسەکانیان بەرز دەکەنەوە. هەندێکیشیان گاڵتە و گەپ لەگەڵ مامۆستاکانیاندا دەکەن و لە بەرەباییەکی زووی ١٧ی مای دەچن لە خەو هەڵیان دەستێنن. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، کە ڕۆژی نیشتیمانییە، بە گرووپ دەچنە رێپێوانەکان و سەما و چالاکییە سەیر و تایبەتی ساز دەکەن.
خێزانی پاشا
پاشای نۆروێژ ناوی هارالدە و شاژن ناوی سۆنیایە. پاشا و شاژن و ئەندامانی دیکەی خێزانی پاشا هەموو ساڵێک لە ١٧ی مای، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیدا، لە بالکۆنی کۆشکی پاشایەتی لە ئۆسلۆ ڕادەوەستن و سڵاو لە منداڵانی ڕێپێوان دەکەن.
ڕێپێوانی منداڵان بە شەقامی سەرەکیی ناو ئۆسلۆ کە ناوی کارل یوهانە تێپەڕ دەبێت. ڕێپێوانەکە بە بەردەم کۆشکی پاشایەتی دەڕوات، و تێکڕا منداڵ و مامۆستاکانیان بە ڕاوەشاندنی دەستیان سڵاو لە خێزانی پاشا دەکەن. ئەندامانی خێزانی پاشاش وەڵامی سڵاوەکانیان دەدەنەوە. زیاتر لە سەد قوتابخانەی ئۆسلۆ لەو ڕێپێوانی منداڵانەدا بەشداری دەکەن.

لە چەپەوە: شازادە ئینگرید ئالێکساندرا، شازادە سڤێرە ماگنوس، ولیعەهدە مێتێ ماریت، ولیعەهد هاکۆن، شاژن سۆنیا و پاشا هارالد.
Bilder i innlegget er hentet fra:
- Bilde 1: Maleriet heter Eidsvold 1814 og er malt av Oscar Wergeland. Kilde: Wikipedia.
- Bilde 2: Norges flagg.Vegard Ottervik,Pixabay
- Bilde 3: Barnetoget i Oslo foran slottet.Morten Johnsen, Wikipedia.
- Bilde 4: Russetog, Dmitry Valberg, Flicr. CC BY-NC-ND 2.0
- Bilde 5: Kongefamilien på balkongen på slottet. Shutterstock.