Advent // ئادڤێنت (چاوەڕوانیی هاتنی مەسیح)
بەو چوار هەفتەیەی دەکەوێتە پێش کریسمس دەوترێت ئادڤێنت یان چاوەروانی هاتنی مەسیح، کە بۆنەیەکی ئاینی کریستیانەکانە و لەو ماوەیەدا ئامادەکاری بۆ یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکرێت. وشەی ئادڤێنت بە مانای (هاتنی پیاوە مەزنەکە) دێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، خەڵکانێکی زۆر بە چاوپۆشین لەوەی کریستیانن یان نا، ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکەن.
لە ماوەی ئادڤێنتدا خەڵکی بە شیوازی جۆراوجۆر خۆیان بۆ کریسمس ئامادە دەکەن. زۆرینە ماڵەکانیان دەڕازێننەوە. لە قوتابخانە و باخچەكانی منداڵاندا گەلێک چالاکی ئەنجام دەدرێن. ڕەنگ مۆر وەک ڕەنگی تایبەت بە ئادڤێنت هەژمار دەکرێت.
کێکی کریسمس
زۆر کەس لە ماوەی ئادڤێنتدا چۆرەک و کێکی کریسمس دەکەن. وەک نەریتێک دەبێت هەر کەس یان ماڵێک حەوت جۆر کێکی گەورە دروست بکات، بەڵام زۆر ئاساییشە کە لە دووکان کێکی کریسمس بکڕدرێت. کێک یان چۆرەکی زەنجەفیل (pepperkake)، یەکێکە لە حەوت جۆر کێکەکان. هەندێکیش خانووی چۆرەکی زەنجەفیل دروست دەکەن.
لە بێرگن هەموو ساڵێک مەزنترین “شاری چۆرەکی زەنجەفیل” لە جیهاندا دروست دەکرێت. قوتابخانە، باخچەی منداڵان، دامودەزگا و خەڵکانی ئاسایی ئەو خانووە کێک زەنجەفیلیانە دروست دەکەن، پاشان تەسلیم بە کەسانێکی دەکەن کە خەریکی دروستکردنی شارێکن لە خانووی چۆرەکی زەنجەفیل.

وێنەکە لە Flickrەوە وەرگیراوە
وەرشەی کریسمس
لە ئادڤێنتدا زۆر کەس وەرشەی کریسمس ساز دەکەن. هاوڕێ و خزمەکانیان داوەت دەکەن و لەو کۆبوونەوەیەدا پێکەوە شتومەکی ڕازاندنەوەی کریسمس و دیاری کریسمس و کارتی پیرۆزبایی کریسمس دروست دەکەن. هەروەها هەر لەوێ هەندێک کەس هەن کە گۆرانییەکانی کریسمس دەڵێن یان خۆیان موزیکی گۆرانییەکانی تایبەت بە کریسمس لێدەدەن.

کۆتا کۆبوونەوەی کریسمس
قوتابخانە، باخچەی منداڵان، تیپی وەرزشی و ڕێکخراوەکان لە ئادڤێنتدا ئاهەنگ ساز دەدەن. بەو ئاهەنگانە دەوترێت کۆتا کۆبوونەوەی کریسمس.
کۆنسێرتی کریسمس و نمایشی کریسمس
زۆرێک لە گۆرانیبێژ و هونەرمەندان کۆنسێێرت و نمایشی هونەری ڕێکدەخەن. ئەم چالاکییانە بەزۆری لە کڵێساکاندا ئەنجام دەدرێن.
بازاڕی کریسمس
لە ئادڤێنتدا بازاڕی کریسمسیش زۆر بەناوبانگە. لەم جۆرە بازاڕانەدا کەشێکی سەردەمی کۆن دروست دەکرێت، کە تیایدا هەر کەس دەتوانێت بەرهەمی کاری دەست وەک دیاریی کریسمس و خواردنی دروستکراوی ماڵان بکڕێت.
ڕۆژژمێری ئادڤێنت
زۆربەی منداڵان ڕۆژژمێری ئادڤێنتیان دەدرێتێ. ڕۆژژمێری ئادڤێنت ٢٤ دیاریی تێدایە. منداڵەکان لە یەکی مانگی دێسەمبەرەوە هەتا ئێوارەی کریسمس واتا ٢٤ی دێسەمبەر، ڕۆژانە یەکێک لە دیارییەکان دەکەنەوە.
زۆر لە پۆلی قوتابخانەکانیش ڕۆژژمێری ئادڤێنتیان هەیە. یەکێک لە شێوازەکان ئەوەیە کە هەر قوتابییەک دیارییەکی بچووکی پێچراوە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. مامۆستا ناوی گشت قوتابییەکانی لە پارچە کاغەزی بچووک بچووکدا دەنوووسێت. ئیتر هەر ڕۆژە و یەکێک لە پارچە کاغەزەکان هەڵدەبژێردرێت. ئەوی ناوی لە کاغەزەکەدا دەرچوو، دیاریی پێچراوەی ئەو ڕۆژە وەردەگرێت. هەندێک لە گەورەساڵانیش ڕۆژژمێری ئادڤێنتیان هەیە، وە تەنانەت لە ئینتەرنێتیشدا ڕۆژژمێری ئادڤێنت هەیە. نەریتی ڕۆژژمێری ئادڤێنت لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٠ەوە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە هاتووە بۆ نەرویج.

مۆمی ئادڤێنت
تاجەگوڵینەی ئادڤێنت یان مۆمدانی ئادڤێنت جێگەی چوار مۆمی تێدایە. هەر ڕۆژی یەکشەممەیەک لە ئادڤێنتدا مۆمێک دادەگیرسێنرێت. لە یەکەمین یەکشەممەی ئادڤێنتدا مۆمێک و لە دووهەمین یەکشەممەدا دوو مۆم دادەگیرسێنرێت. لە چوارەمین یەکشەمەی ئادڤێنتدا، هەر چوار مۆمەکە دادەگیرسێندرێت. مۆمدانەکان دەشێت شکڵ و شێوەی جۆراوجۆریان هەبێت، و دەکرێت لە ئاسن، سیرامیک یان کانزای دیکە دروست کرابێتن. مۆمدانی ئادڤێنتیش بە هاوشێوەی ڕۆژژمێری ئادڤێنت و داری کریسمس لە ئەڵمانیاوە بۆ نەرویج هاتووە.

وێنەکە لەلایەن میریام زیڵێس لە پیکسەبەی گیراوە



