Mesopotamia // میزۆپۆتامیا

ڕووبارەکانی فورات و دیجلە لە ئێستادا دەکەونە نێوان هەر سێ وڵاتانی تورکیا و عێراق و سوریاوە. ٦٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە پێیان گوتراوە میزۆپۆتامیا، کە بە واتای “وڵاتی نێوان دوو ڕووبار” دێت.

ئەم نەخشەیە میزۆپۆتامیای کۆن نیشان دەدات، کە کەوتبووە چ ناوچەیەکەوە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی ئێستادا.

کەش و هەوای ناوچەکە هەمیشە گەرم و گونجاو بووە، بەڵام هاوکات زۆر وشک بووە. سەرەڕای ئەوەش زۆربەی ئەو میوانەی لە نەرویج دەفرۆشرێن لەم ناوچەیەوە دەهێنرێن. ناوچەکە بەپیت و بەرەکەتە. کەواتە هۆکار چییە کە سەرەڕای ئەوەی هێندە وشکە بەڵام هاوکات هێندە بە پیت و بەرهەمدار بێت؟

بە دڵنیایی ڕەنگە خۆت ئەوەت زانیبێ، کە بوونی دوو ڕووبارەکە هۆکاری بە پیتی خاکی ئەو ناوچەیەن. ئەگەر ئەو دوو ڕووبارە گەورانە نەبوونایە، ناوچەکە زیاتر دەبووە بیابان، و دەشێت هیچ شتێک لەو ناوچەیەدا نەڕوابایە.

Illuastrasjon som viser det en bygning, ørken og dyrket området ved eb elv. Skal illustrere en bygning og dets plassering i datidens mesopotomia
ڕووبارەکان دەرفەتی چاندنی زەوی و دروێنەکردنی بەرهەمی باشیان ڕەخساندبوو.

لە وەرزی بەهاردا کە بەفری شاخەکان دەتوانەوە، ڕووبارەکان لافاویان لێ هەڵدەستا. ئاوەکە بەرز دەبووەوە و بەسەر کەنار و پانتاییە وشکانییەکاندا دەڕژا. کاتێک ئاوەکە نزم دەبووەوە و ڕووبارەکان دەگەڕانەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان، قوڕ و لیتەیەکی بەپیت لەسەر کێڵگەکان بەجێدەمان. ئەم قوڕ و لیتە شلە خاکێکی باش و بە پیتی خۆراکی تێدابوو.

خەڵکی میزۆپۆتامیا چەندین تەکنیک و ئامرازی باشیان داهێناوە بۆئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە ئاوەکە وەربگرن. بەو هەموو ئاوەی کە هەیانبوو، توانیبوویان خاکەکە بەپیت بکەن و هەر شتێکیان بویستیایە بیچێنن. جگە لەوەش ڕێژەیەکی زۆری ماسی لە ڕووبارەکاندا هەبوون.

جووتیارە یەکەمینەکان

خەڵکی میزۆپۆتامیا، یەکەم خەڵکانێک بوون کە کاری جووتیاری و کشتوکاڵیان کردبێت. ئەوان یەکەم کەس بوون کە دەستیان بە چاندنی گەنم کرد. بە کێڵان و ئاودان و پەینکردنی خاکەکە بۆیان دەرکەوت کە خاکەکە زۆر بەپیت و بەرهەمە. ئەمە وایکرد کە بتوانن لە ماوەی ساڵێکدا چەند جارێک دانەوێڵەی گەنم دروێنە بکەن. بەروبوومی زۆرتر و خۆراکی زیاتر وایکرد کە تەنانەت دەیانتوانی خۆراکی زیادە کۆبکەنەوە و هەڵبگرن (ئەمبار بکەن) بۆ ئەوەی لە کاتی تردا بەکاری بهێنن. بۆ یارمەتی وەرگرتن لە کارەکانیاندا، ئاژەڵی وەک گا و ئەسپیان بەکاردەهێنا. خەڵکی میزۆپۆتامیا یەکەم کەس بوون کە دەستیان بە ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە.

لە میزۆپۆتامیا شت زۆر هەبوو بۆ ئەوەی مرۆڤ پێی بژی، ئەمەش وایکرد کە خەڵکێکی زۆر ڕوو لەم ناوچەیە بکەن. بەم شێوەیە یەکەم شارەکانی جیهان لێرەوە پەیدابوون. ئەمەش چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر بوو. ئیتر وردە وردە شارەکانیان بە باشی ڕێکخست. هەروەها قوتابخانە و خزمەتی سەربازیشیان هەبوو. میزۆپۆتامیا بە پەرستگاکانی کە پێیان دەوترێت زیگورات و بە کارە بیناسازییە نایابەکانی تر ناسراوە. خەڵکەکەی چەندین پیشەی جیاواز و جۆراوجۆریان هەبوو. هەندێک کەس پێیان وایە، کە خەڵکی میزۆپۆتامیا یەکەم خەڵکی خاوەن کولتوور و ڕۆشنبیری بوون.

داهێنانەکان

لە باشووری میزۆپۆتامیا وڵاتی سۆمەر هەبوو. سۆمەرییەکان خاوەنی چەندین داهێنانی گرنگن، لەوانە لە بواری ماتماتیک و ئەندازەدا. سیستەمێکی ژمارەیان دروست کرد کە ژمارە ٦٠ ژمارەی بنەڕەتی بوو. ئێمە ئێستا بەشێک لەو سیستمە بەکاردەهێنین. کاتژمێرێک ٦٠ خولەک و خولەکێک ٦٠ چرکەیە. بازنە دابەش دەکەین بەسەر ٣٦٠ پلەدا.

لە نێوان ساڵانی ٣٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ی پێش زایین سیستمێکی نووسینیان بە ناوی نووسینی بزماری داهێنا. سەرەتا نووسینی بزماری بە شێوەی نووسینی وێنەیی بوو. پاشان وردە وردە ئاسانکاری تێدا کرا و وێنەکان گۆڕدران بە هێما و نیشانە. سۆمەرییەکان لەسەر تاتە قوڕ و لە ناو بەرد دەیاننووسی. ئەم هونەری نووسینە بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە نێوانیاندا وڵاتی میسر بڵاوبووەوە. نموونە لە داهێنانەکانی تریان بریتین لە تایە و گاسنی زەوی کێڵان. جگە لەوەش کیل یان ڕاگریان بۆ بەلەمەکانیان دانا، بۆ ئەوەی بە ئاسانی وەرنەگەڕێت، هەروەها چارۆکەیان بۆ بەلەمەکانیان بەکارهێنا، بەمەش پێویستیان بەوە نەما کە بەردەوام خەریکی سەوڵ لێدان بن.

شارەکان

سۆمەرییەکان شاری جوان و نایابیان دروست کرد. گەورەترین شاری سۆمەر ناوی ئوروک بوو. شاری ئوور شارێکی تری گرنگی بازرگانی بوو، کە کەوتبووە سەر دەریا. زۆر جار هەر شارێک بۆ خۆی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو و پاشای تایبەت بە خۆی هەبوو. پاشاکان دەسەڵاتێکی زۆریان هەبوو، بەو پێیەی سەرکردەی ئایینیش بوون. لە شارەکاندا پاشا و دەست و پێوەندەکانی و پیاوانی ئاینی واتە قەشەکان و پیشەوەرەکان دەژیان.

زۆرجار لە دەوری شارەکان بۆ پاراستنی لە دوژمنان دیوار یان حەسار دورست دەکرا. ئەو جووتیارانەی لە ناوچەکانی دەوروبەری شار دەژیان، دەبوو باج بدەن بە پاشا لە شێوەی دانەوێڵە و گۆشت و ماسی و سەوزە. سۆمەرییەکان بۆ بەدەستهێنانی شتومەک و کاڵا پارەیان بەکارنەدەهێنا. ئەو شتومەکانەی پێویستیان بوو بە گۆڕینەوە بەدەستیان دەهێنا. بازرگانان بە کەشتی دەچوونە دەرەوەی وڵات و مس و زێڕیان بۆ خۆیان دەگۆڕییەوە. پیشەوەرەکان خواردنیان بە کەلوپەلی وەک سیرامیک و زەڕەنگەری و جلوبەرگ و کەرەستەی جۆراوجۆری ناوماڵ دەگۆڕییەوە.

وشە گرنگەکانی ناو تێکستەکە


ڕێکخستن

واتە ڕێکخستنی شتێک بەجۆرێک کە کۆیەکی سروشتی (گونجاو؟) پێکبهێنێت.

کۆکردنەوە

واتە پێکەوە دانان، کۆکردنەوە، هەڵبژاردن بۆ مەبەستێکی دیاریکراو.

هەڵگرتن/ئەمبارکردن

واتا هەڵگرتن و پاراستن بۆ بەکارهێنانەوەی لە ئایندەدا.

ئاسانکردن

واتا شتێک ئاسانتر بکرێت.

دروست بوون/پەیدابوون

واتە شتێک بێتە ئاراوە، دەست پێبکات یان سەرهەڵبدات.

سوودلێوەرگرتن

واتە سوودوەرگرتن لە شتێک، بەکارهێنانی بۆ شتێک کە شتێکی ترت پێببەخشێت.

چاندن

واتە بەرهەمهێنانی شتێک، بۆ نموونە وەک ڕووەک.

شت گۆڕینەوە

واتە شتێک بدەیت و لەبری ئەوە شتێکی تر وەربگریت.

دوورینەوەی بەرووبووم/ دروێنەکردن

واتە دوورینەوەی ئەو بەرووبووم و بەرهەمانەی کە چێندراون.

لافاوهەڵسان

واتە کەوتنە ژێر ئاوەوە، ئاوەکە دەڕژێتە سەری.

بەرزبوونەوە/ نزمبوونەوە

بەرزبوونەوە واتە شتێک زیاد دەکات یان بەرز دەبێتەوە. کەمبوونەوە واتە شتێک کەم دەبێتەوە یان دەچێتە خوارەوە.

پیتانکردن/پەینکردن

واتە خاک ئەو ماددانەی تێبکرێت کە بەهای خۆراکی بەرزیان تێدایە، ئەوەش بۆ ئەوەی ڕووەکەکان باشتر بڕوێن و گەورە بن.


فیلمێک بە زمانی ئینگلیزی دەربارەی ژیان لە میزۆپۆتامیا.

Ilustrasjon1: Karl Musser, translated labels by User:Mathias-S, CC BY-SA 2.5, via Wikimedia Commons