Demokrati og diktatur // دیموکراتی و دیکتاتۆری
دیموکراتی – پێکەوە بڕیاردان
دیموکراتی، کە پێشی دەگوترێت دەسەڵاتی گەل، پێناسەی سیستمێکی بەڕێوەبەرییە، کە تیایدا خەڵک بواری ئەوەی بۆ دەڕەخسێنرێت لە بڕیارە گرنگەکاندا بەشداری بکەن ئەویش لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە. دیموکراتی جیاوازە لە سیستمی بەڕێوەبردنی تری وەک دیکتاتۆری، کە لەو سیستمەدا تاکە کەسێک دەسەڵات بەڕێوە دەبات و بڕیار دەدات. سیستمی بەڕێوەبردنی نەرویج بە دیموکراتی ناودەبرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەموو ئەوانەی لە نەرویجدا دەژین دەتوانن بەشداربن لە وەی کۆمەڵگەکەیان چۆن بێت. منداڵان و گەنجانیش لەو بابەتانەدا کە پەیوەستە بە ژیانیانەوە دەتوانن ڕای خۆیان بڵێن .
دیموکراتی وشەیەکی یۆنانییە و لە دوو وشەی لێکدراو پێکدێت، “دێموس” کە بە مانای گەل دێت لەگەڵ وشەی “کراتەین” کە بە مانای بەڕێوەبردن دێت. بیرۆکەی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردنی گەل پێش ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە لەلایەن یۆنانییەکانەوە لە ئەسینا هاتۆتە ئاراوە. لە نەرویج پارتی سیاسی جۆراوجۆرمان هەن کە بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەی ئەوەی کۆمەڵگە چۆن بەرێوە ببرێت. لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، گشت هاوڵاتیانی نەرویجیی تەمەن سەرو ١٨ ساڵی دەتوانن دەنگ بەو پارتە بدەن کە زیاتر لەگەڵیاندا هاوڕان.

ئازادیی ڕادەربڕین
لە دیموکراتیدا ئازادی ڕادەربڕین هەیە، واتە هەموو کەس بۆی هەیە بۆچوونی خۆی بە وتن یان بە نووسین دەربڕێت، بەبێ ئەوەی بەهۆی ئەوەوە سزا بدرێت. هەر لە منداڵییەوە فێردەکرێین کە بیروبۆچوون و هەستی خۆمان بە ئازادانە دەربڕین. هاوکات فێر دەکرێین کە ڕێزی ئەوانەی بەرامبەریشمان بگرین کە بۆچوونێکی جیاوازیان لەوەی ئێمە هەیە. لەگەڵ گەورەبوونیشدا بۆچوونەکانت زیاتر و زیاتر لەبەرچاو دەگیرێن.
دیموکراتی – میدیای ئازاد
لە سیستمی دیموکراتیدا، ماسمیدیا هەوڵدەدات کە بیروبۆچوونی جیاواز بەکاربهێنێت. پارتە سیاسییەکانی نەرویج میدیای جیاواز بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە خەڵک، بەتایبەتی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان. کاتێک نوێنەری پارتەکان باس لەوە دەکەن کە دەیانەوێت چۆن کۆمەڵگە و سیستمی ژیانیان بەڕێوەبەرن. ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، ڕادیۆ و ئینتەرنێتەوە بەدوای بەرنامە و بۆچوونەکانیاندا بچین .

دیکتاتۆری – خەڵکانێکی کەمینە بڕیار دەدەن
لە هەندێک وڵات جۆری دەسەڵات بە شێوەیەکە، کە پێی دەگوترێت دیکتاتۆری. لە سیستمی دیکتاتۆریدا تەنها کەسێک یان چەند کەسێکی کەم دەتوانن بڕیار بدەن کە وڵات چۆن بەڕێوە ببرێت. لەم سیستمەدا ڕێگە پێدراو نییە کە دژی بۆچوونی ئەوانە بیت کە وڵات بەڕێوە دەبەن. ئەگەر خەڵکانێک بیانەوێت شتێک بڵێن یان بنووسن کە دەەسەڵات حەزی پێ نەکات، بۆی هەیە ئەو کەسانە ڕاوبنرێن یان بەند بکرێن. هەندێک کەسیش بەهۆی بیر و بۆچوونەکانیانەوە دەکوژرێن .
دیارە کە هەر سیستمێکی دیکتاتۆری بەپێی ئەوەی کێ (یان چەند کەس) وڵات بەڕێوە دەبەن یان بەپێی ئەوەی تا چ ڕادەیەک ڕێگیری لە ئازادی دەگیرێت پۆلێن دەکرێن، لەوانە:
- ئەگەر کۆی هێز و دەسەڵات لای یەک دیکتاۆر کۆبێتەوە، ئەوا بە دیکتاتۆریەتی تاکە کەسی یان خاوەندەسەڵاتی ڕەها ناودەبرێت، بۆ نموونە ئەدۆلف هیتلەر لە ئەڵمانیا، جۆزێڤ ستالین لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و فرانسیسکۆ فرانکۆ لە ئیسپانیا.
- ئەگەر هێز و دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێکدا کۆبووبێتەوە، ئەوا بە دیکتاتۆریەتی پێکەوەیی یان دەسەڵاتی ڕەهای کەمینە (ئولارکی) ناو دەبرێت، نموونە وڵاتانی ئەنجوومەنی سەربازی و دەسەڵاتی تاک پارتییەکانن.
دیکتاۆری – تەنها یەک دەنگ گوێی لێ دەگیرێت
لە وڵاتی دیکتاتۆریدا، دەسەڵاتداران دەبنە خاوەنی ماسمیدیا و کۆنترۆڵی دەکەن. ڕۆژنامە و ڕادیۆ ۆ تەلەفزیۆن دەبێت تەنها باس لەو شتانە بکەن کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت بگوترێن یان خەڵکی بیانبیستن. ڕێپێدراو نییە مرۆڤ بۆچوونی خۆی دەربڕێت یا بنووسێت.

