Rettsstaten // دەوڵەتی یاسا
هەموو وڵاتان یاسا و ڕێسای خۆیان هەیە کە دەبێت خەڵکی پەیڕەویان بکەن. بەڵام لە هەندێک وڵات یاسا و ڕێساکان بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا ناچەسپێندرێت. لەو وڵاتانەدا بۆی هەیە هەندێک کەس بەبێ هیچ هۆیەک بخرێنە زیندانەوە، هەندێکیش دەتوانن سەرپێچی یاسا بکەن بێ ئەوەی سزا بدرێن.
لە نەرویج بەو شێوەیە نییە. لەبەرئەوەی نەرویج دەوڵەتی یاسایە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت هەمووان پەیڕەویی لە هەمان یاسا و ڕێساکان بکەن، وە دادگاکان بە ئاگا دەبن لە سزادانی ئەو کەسانەی کە سەرپێچیی یاسا دەکەن.
لەو وڵاتانەی کە دەوڵەتی یاسا نین و یاسا تیایاندا سەروەر نییە، یاساکان بەهەمان شێوە جێبەجێ ناکرێن. بۆ نموونە لەو جۆرە وڵاتانەدا دەشێت خەڵکانی دەوڵەمەند یان دەسەڵاتدار بە پارەدان بە پۆلیس یان دادوەر خۆیان لە سزادان ڕزگار بکەن.
ئەگەر خەڵکانێک سنووری خێرایی دیاریکراوی لێخوڕین ببەزێنن و لەلایەن پۆلیسەوە ڕابگیرێن، دەتوانن پارە بدەن بە پۆلیس بۆ ئەوەی لە دۆسیەکەدا شکاتیان لێ نەکرێت. ئەمە پێی دەگوترێت بەرتیلدان. یان ڕەنگە دادوەری دادگاییکردنەکە بناسن و ئیتر بەو جۆرە سزایەکی سووکتر وەربگرن.
لەو وڵاتانەدا کە دەوڵەتی یاسا نین، هەروەها پۆلیس دەتوانێت کە خەڵکانێک بخاتە زیندانەوە بەبێ ئەوەی سەرپێچییەکی یاسایان کردبێت. دەشێت ئەمە ڕووبدات ئەگەر مرۆڤ بیروڕای سیاسی جیاواز یان ئاینێکی جیاوازی لەگەڵ ئەوانەدا هەبێت کە لە دەسەڵاتدان.
لە نەرویج بەو شێوەیە نییە. لێرە ئەگەر خەڵکانێک بە سەرپێچیکردنی یاسا تۆمەتبار بکرێن، ئەوا هەمووان دادپەروەرانە دادگایی دەکرێن و پۆلیس بەئاگا دەبێت لەوەی یاسا بە یەکسانی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت، ئیتر بەچاوپۆشین لەوەی چەندە پارە یاخود دەسەڵاتیان هەیە.
ئەگەر سەرۆک وەزیرانی نەرویج بە خێراییەکی زۆر لێبخوڕێت، ئەوا بە هەمان شێوەی گشت خەڵکانی تر سزا دەدرێت. ژیانکردن لە دەوڵەتی یاسادا بەم شێوەیە.
ئەرک و ڕاهێنان
١. بۆچی دەشێت ژیان لە دەوڵەتی پۆلیسیدا نا ئەمین و ناپارێزراو بێت؟
٢. لەو وڵاتەی کە تۆ لێوەی هاتوویت پەیوەندیی نێوان خەڵک و پۆلیس چۆنە؟
لیستی وشەکان
دەوڵەتی یاسا – دەوڵەتێکە کە یاسا تیایدا یەکسانە بۆ هەمووان
دادگاییکردن – ناکۆکییەکە کە لەلایەن دادوەرێکەوە لە دادگایەکدا بڕیاری لەسەر دەدرێت
دەوڵەتی پۆلیسی – دەوڵەتێکە کە سەرکردەکان و پۆلیس دەتوانن هەرکەسێکیان بوێت زیندانی بکەن و سزای بدەن
بەرتیل – پارەدانە بە شێوەیەکی نایاسایی بە فەرمانبەرێکی دەوڵەت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات
Rettsstat – En stat hvor loven gjelder likt for alle
Rettssak – En uenighet som blir avgjort av en dommer i en domstol
Politistat – En stat hvor lederne og politiet kan fengsle og straffe hvem de vil
Bestikkelse – Ulovlig betaling til en statlig ansatt for at de skal hjelpe deg