?Hva er demokrati // ?دیموکراتی چییە؟

Denne teksten finnes på flere språk. Teksten er en litt bearbeidet versjon av fagteksten med samme tittel på NDLA.no. NDLA er forkortelse for Nasjonal digital læringsarena. NDLA produserer gratis læringsressurser for videregående opplæring. Oversettelsene til ulike språk kan brukes i innledning til arbeid med temaet. Teksten kan også brukes sammen med tospråklig lærer for å aktivere elevenes kunnskaper om temaet, og til å bidra til at eleven lærer fagspråk.

Kilde: Zakariassen, E. S. (2024, 5. mars). Hva er demokrati?. NDLA. https://ndla.no/r/samfunnskunnskap/hva-er-demokrati/d3692431fa


دیموکراتی واتە حوکمڕانێتیی گەل. بەڵام کاتێک کە دەڵێین وڵاتێک دیموکراتییە، ئایا ئەمە بە مانای چی دێت؟ ئایا بە تەنها ئەوە بەسە کە هەموو کەسێک مافی دەنگدانی هەبێت، یان بابەتەکە زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێت؟

Fotografi av en hånd som holder en stemmeseddel delvis inne i sen orange stemmeurne
مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنە سیاسییەکاندا مافێکی بنەڕەتییە لەسیستەمی دیموکراتیدا.

جۆرە جیاوازەکانی دیموکراتی

زۆربەی وڵاتانی جیهان خۆیان بە دیموکراتی ناودەبەن. زۆرێک لەو وڵاتانە جۆرە دیموکراتییەکیان هەیە کە بە خراپی بەکاردەهێنرێت لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانین ئەمانە بە دیموکراتی ساختە ناو ببەین. ئەمانە ئەو وڵاتانەن کە هەوڵدەدەن خۆیان وەک وڵاتی دیموکراتی دەربخەن، بۆنموونە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام ناتوانرێت بە دیموکراتی ناو ببرێن بەهۆی ئەوەی بۆ نموونە ساختەکاری بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکاندا، نەبوونی مافی سیاسی، یان ئەوەی کە لەجێی کەسە هەڵبژێردراوەکان، خەڵکانی تر لە ڕاستیدا وڵات بەڕێوەدەبەن.

بە شێوەیەکی سەرەکی دوو ڕێگەی جیاواز هەیە بۆ ڕێکخستنی دیموکراتی: دیموکراتی ڕاستەوخۆ و دیموکراتی ناڕاستەوخۆ (هەروەها بە دیموکراتی نوێنەرایەتیش ناودەبرێت).

دیموکراتیی ڕاستەوخۆ

دیموکراتی ڕاستەوخۆ ئەو دیموکراتییەیە کە پرسە سیاسییەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە لە ڕێگەی ڕیفراندۆم (گشتپرسی)وە یەکلایی دەکرێنەوە. لە ئێستادا هیچ وڵاتێک تەواو دیموکراتییەکی ڕاستەوخۆی نییە، بەڵام هەندێک وڵات لە هەندێکی تر زیاتر پرس بە خەڵک دەکەن و ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن. لە نەرویج دوایین جار ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ساڵی 1994 ئەنجامدرا، کاتێک گەلی نەرویج دەنگیان بە دژی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دا.

دیموکراتی ناڕاستەوخۆ

دیموکراتی ناڕاستەوخۆ یان نوێنەرایەتی جۆرێکە لە دیموکراتی کە تێیدا خەڵک نوێنەرەکان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی وڵاتیان بۆ بەڕێوەبەرن. هەموو دیموکراتییە مۆدێرنەکان بە شێوەیەکی گشتی بەم شێوەیە بەڕێوە دەبرێن.

Foto av en blå skive med teksten EU. til høyre står det Ja, og til venstre står det nei. Den røde pila står på nei-siden
دیمەنێک لە ڕیفراندۆمی یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە نەرویج ئەنجام درا. ئەمە دواجار بوو نەرویج دیموکراتی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی نیشتمانی بەکارهێنا. ئایا ئاگاداری هیچ ڕیفراندۆمێکی تری لەم جۆرەن کە ئەنجام درابێت؟

چی شتێک وڵاتێک دەکاتە وڵاتێکی دیموکراتی؟

وشەی دیموکراتی لە وشەی یۆنانی demos (گەل) و kratos (حوکمڕانی) پێکهاتووە و بە واتای حوکمڕانێتیی گەل دێت. بیرۆکەی ئەوەی کە هەموو کەسێک بتوانێت کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا هەبێت، لەسەر ئەو بیرکردنەوەیە دامەزراوە کە مرۆڤەکان هەموو یەک بەهای یەکسانیان هەیە، هەروەک لە مادەی یەکەمی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێت:

مرۆڤەکان هەموو بە ئازادی لەدایک بوون و هەمان بەها و مافی مرۆڤیان هەیە. مرۆڤەکان ئەقڵ و ویژدانیان پێ بەخشراوە و پێویستە بە گیانێکی برایانە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن” (جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ١٩٤٨، مادەی یەکەم).

لێرەدا ئێمە بە پلەی یەکەم دیموکراتی وەک شێوازێکی بەڕێوەبردن لە وڵاتێکدا لەبەرچاو دەگرین. هەروەها دەتوانین دیموکراتی، یان شتێکی هاوشێوەی ئەو، لە یانە وەرزشییەکان، لە دەزگا ئابورییەکان، لە قوتابخانە، لەناو خێزان و لە نێو هاوڕێیانیشدا ببینینەوە.

ڕەنگە زۆربەی خەڵک وشەی دیموکراتی بەو وڵاتانەوە ببەستنەوە کە هەڵبژاردنی سیاسی ئەنجام دەدەن، ئەویش بە پێدانی مافی دەنگدان بە گشت هاوڵاتیانی گەورەساڵ. بەڵام ئایا خۆبەڕێوەبردن و حوکمڕانێتیی گەل لە وڵاتێکدا بە مانای چی دێت؟ بۆ ئەوەی ئەمە بزانین با لە نزیکەوە سەیری سێ بنەمای گرنگ بکەین کە دەبێت هەبن بۆ ئەوەی وڵاتێک بتوانێت خۆی بە دیموکراتی ناوببات:

  1. هەبوونی هەمان مافی دیموکراتی
  2. ڕەخساندنی هەمان دەرفەتی دیموکراتی
  3. پاراستنی بەرژەوەندی هەر تاکێک و کەمینەکان.

هەبوونی هەمان مافی دیموکراتی

بنەڕەتیترین شت کە وڵاتێک خۆی بە دیموکراتی ناو ببات ئەوەیە کە هەمووان هەمان مافی دیموکراتیان هەبێت. دیارە وشەی “هەمووان” بەزۆری بە واتای هەموو گەورەساڵانێک دێت کە هاوڵاتینامەیان هەبێت لە وڵاتەکەدا، واتا خاوەنی جنسییە بن. هەبوونی هەمان مافی دیموکراتی لە ڕێگەی مافی دەنگدان و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانەوە دەستەبەر دەکرێن.

مافی دەنگدان

ڕەنگە مافی دەنگدان گرنگترین مافی سیاسی بێت لە سیستمی دیموکراتیدا. بۆ نموونە لە نەرویج هەموو هاوڵاتیانی نەرویجی کە تەمەنیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوەیە، مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا. نموونەی زۆر هەیە کە گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کاتی خۆی مافی دەنگدانیان نەبووە. بۆ نموونە، ژنان، هەژاران و نەتەوە جیاوازەکان لە زۆربەی وڵاتان – لەنێویاندا نەرویج – بۆیان نەبووە دەنگ بدەن. لە ئێستادا لە هەندێک وڵات هێشتا بەو شێوەیەیە. ئەم جۆرە سنووردارکردنانەی مافی دەنگدان، وا دەکات کە وڵاتێک کەمتر دیموکراتی بێت.

بۆ ئەوەی مافی دەنگدان مانایەکی هەبێت، گرنگە هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی دیموکراتی و دادپەروەرانە ڕێکبخرێت. جگە لەوەش دەبێت ڕێگە و ڕێسایەک هەبێت کە ڕێگری لە فێڵکردن و دەستکاریکردن بکات، ئەوەی پێی دەوترێت ساختەکاری لە هەڵبژاردندا. هەروەها دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردن مانایەکی هەبێت بۆ ئەو سیاسەتەی کە وڵاتەکەی پێوە بەڕێوەدەچێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت کەسە هەڵبژێردراوەکان دەسەڵاتیان هەبێت. هیچ سوودێکی نییە هەڵبژاردنی سیاسی هەبێت ئەگەر کەسانی تر لە جێی کەسە هەڵبژێردراوەکان دەسەڵاتی ڕاستەقینەی وڵاتەکەیان بەدەستەوە بێت.

foto av en kvinnehånd som holder fram pekefinger som er merket med blekk
لە زۆرێک لە وڵاتان خەڵکی پەنجەیان مۆر دەکەن بۆ ئەوەی کەس لە هەڵبژاردنی سیاسیدا لە جارێک زیاتر دەنگ نەدەن. لە وێنەکەدا ژنێک دەبینیت کە دەنگی خۆی داوە. بۆچی بە تەنها دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا بەس نییە بۆ ئەوەی وڵاتێک بە دیموکراتی ناوببرێت؟

ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان

کاریگەریی سیاسی لە مافی دەنگدان زیاترە. جگە لەوەش لە سیستمی دیموکراتیدا هەموو کەسێک مافی خۆیەتی بەشداری لە سیاسەتدا بکات. ئەمەش هەموو کەس دەگرێتەوە بەچاوپۆشین لە تەمەنی. دەتوانین لە ڕۆژنامەیەکدا وتار بنووسین، بچینە خۆپیشاندان، دەست بە کۆکردنەوەی ئیمزا بکەین یان بچینە ناو سەندیکایەکی کرێکاری یان حزبێکی سیاسییەوە و وەک سیاسییەک خۆمان کاندید بکەین. بۆ مسۆگەرکردنی ئەمەش ئازادیی کۆمەڵ و ڕێکخراوەیی و ئازادی ڕادەربڕینمان هەیە. ئەمانە ئەو مافانەن کە هەموو کەسێک لە سیستمی دیموکراتیدا هەیەتی.

هەمان دەرفەتی دیموکراتی

دیموکراتییەکی باش دەبێت ئامانجی ئەوە بێت کە زۆرترین کەس لە سیستمی دیموکراتیدا بەشداری بکەن. کاتێک لە هەڵبژاردنێکی سیاسیدا دەنگ دەدەیت، لە بنەڕەتدا واتا بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی خۆت دەدەیت بەو کەسانەی کە دەنگیان پێدەدەیت. لە نەرویج ئەم ماوانە بۆ چوار ساڵن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن دەسەڵاتی لە کەسانی تر زیاتر دەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی کەسانی سیاسیی هەڵبژێردراو نەتوانن ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە خراپ بەکاربێنن، دەبێت سنووردار بکرێت.

بۆ دەستەبەرکردنی ڕەخساندنی هەمان دەرفەتی دیموکراتی، پێویستە زۆرترین کەس هان بدەین بۆ بەشداریکردن لە دیموکراتیدا و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی بەرپرسانی هەڵبژێردراو سنووردار بکەین. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە چەند ڕێگایەک هەیە. لە خوارەوە باس لە هەندێکیان دەکەین.

زیادبوونی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان

هەرچەندە هەمووان هەمان مافیان هەیە بۆ بەشداریکردن و کاریگەری خستنە سەر سیاسەت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە هەمووان بە کردەوە ئەو کارە بکەن. پێش هەموو شتێک خەڵک بۆیان هەیە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ نەدەن. لە هەڵبژاردنی پەرلەمان ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢٠%ی دەنگدەران مافی دەنگدانیان بەکارنەهێنا. بە کردەوە ئەستەمە هەمووان دەنگ بدەن، بەڵام ئامانجێکە بۆ دیموکراتییەکی وەک نەرویج کە زۆرترین کەس لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن.

زانیاری و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری

بۆ ئه وه ی خه ڵکی بتوانن له سیستمی سیاسی تێبگەن و بەئاگا بن، زانیاری و دەستڕاگەیشتن به زانیاری پێویسته. لە هەندێ وڵاتدا بە هۆی بەرزی ڕێژەی نەخوێندەوارییەوە، واتە زۆر کەس ناتوانن بخوێننەوە و بنووسن، گەیشتن بە دیموکراتی ئەستەمە. بۆیە مافی خوێندن پێشمەرجێکی گرنگە بۆ ئەوەی دیموکراتی بەڕێوەبچێت.

Bilde av elever som slitter i klassen. Noen av dem rekker opp hånda.
سیستەمی قوتابخانەیەکی باش بناغەیەکی گرنگە بۆ دیموکراتی. تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە کە ئەوەی ئێستا تۆ دانیشتوویت و دەیخوێنیتەوە لەسەر دیموکراتی، لە ڕاستیدا بەشێکی گرنگی دیموکراتییە؟

مرۆڤ جگە لە چوون بۆ قوتابخانە، دەبێت بتوانێت پەیڕەوی لەو سیاسەتەش بکات کە لە وڵاتدا بەڕێوەدەچێت. دیموکراتی پێویستی بە میدیای ئازاد و سەربەخۆ هەیە کە بتوانێت لەسەر ئەو شتانەی ڕوودەدەن ڕاپۆرت بنووسن و هەروەها بۆچوونی جیاواز بگەیەنێت و بارودۆخی ناڕەزایی کۆمەڵگا ئاشکرا بکات بەبێ ئەوەی سانسۆر بکرێت. کاتێک هەمووان دەستیان بە قوتابخانە و میدیا بگات، ئەوا دەرفەتی بەشداریکردنیشیان لە دیموکراتیدا دەبێت.

دابەشکردنی دەسەڵات

ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی حکومەت دەسەڵاتی سیاسیان لە زۆربەی خەڵک زیاترە. دەبێت لە سیستمی دیموکراتی نوێنەرایەتیدا بەو جۆرەە بێت کە تیایدا ئێمە خەڵکانێک هەڵدەبژێرین کە بە نوێنەرایەتیی ئێمە وڵات بەڕێوەبەرن. بەڵام چەند ڕێگایەک هەیە بۆ سنووردارکردنی ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. زۆربەی وڵاتانی دیموکراتی پەیڕەوی لە پرەنسیپی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە گرنگترین ئەرکەکانی دەوڵەت لە نێوان سێ دامەزراوەی جیاوازدا دابەشکراون.

جۆری دەسەڵات

ئەرک

دامەزراوە

یاسادانان

پەسەندکردنی یاسا و بودجە

ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو

پەرلەمان لە نەرویج

جێبەجێکار

دڵنیابوون لەوەی کە ئەوەی دەسەڵاتی یاسادانان بڕیاری لەسەر دەدات جێبەجێ بکرێ

حکومەت

دادوەری

یاساکان ڕوونبکاتەوە و بەپێی یاساکان حوکم دەربکات

دادگاکان

دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کەسانی جیاواز یان دامەزراوە جیاوازەکاندا زۆرجار لە گەلێک بواری زیاتر وەک لەم دابەشکردنە سێ بەشەی دەوڵەت بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە لە نەرویج هەندێک دەسەڵاتی ناوخۆییمان داوە بە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی شارەوانیی و پارێزگاکان. پێچەوانەی دابەشکردنی دەسەڵاتێکی لەم شێوە دیموکراتییە، دیکتاتۆریەتە، کە هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک کەسدا کۆدەبێتەوە.

ڕێگری لە گەندەڵی و پێشێلکردنی بێلایەنی

ئەگەر کەسانێک لەبەر ئەوەی پارەیەکی زۆریان هەیە یان بەهۆی ئەوەی هاوڕێی نزیکن یان خێزانن لەگەڵ خەڵکانێکی دەسەڵاتدار لەناو حکومەتدا، دەسەڵاتێکی سیاسیی زۆر بگرنەدەست، ئەمە بۆی هەیە کێشە بێت بۆ دیموکراتی. بیهێنە بەرچاوت سەرکردەیەکی دەوڵەمەندی بازرگانی پارە بدات بە سیاسەتمەداران بۆ ئەوەی دەنگ بە پرسێک بدەن کە کۆمپانیاکە دەیەوێت پارەی لێ دەست کەوێت. ئەمە پێی دەوترێت گەندەڵی و کاری نایاسایی. دیموکراتییەکی باش گەندەڵیی کەمی تێدایە.

ئەگەر سیاسەتمەدارێک بڕیار بدات بە مەبەستی سوودگەیاندن بە خۆی، هاوڕێیەکی نزیکی یان ئەندامێکی خێزانەکەی، ئەوا سیاسەتمەدارەکە بێلایەنیی خۆی پێشێل دەکات. بۆ نموونە ئەگەر دۆسیەیەک لەسەر مێزی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی هاتە پێشەوە کە هاوڕێیەکی نزیک یان خزمێکی تێوەگلاوە، دەبێت وەزیر خۆی بە لایەنگیر بناسێنێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو ڕایدەگەیەنێت کە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکات بەهۆی پەیوەندی زۆر بەهێزی لەگەڵ کەسێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدارە لە دۆسیەکەدا. ئەگەر کەسێکی دەسەڵاتدار لە حکومەتدا لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕاپۆرت نەدات، و بەم شێوەیە یاساکانی بێلایەنی پێشێل بکات، زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناچار بێت حکومەت بەجێبهێڵێت. لە حاڵەتی پێشێلکارییە گەورەکاندا بۆی هەیە سزا بدرێت.

یاساکانی دژە گەندەڵی و پێشێلکردنی بێلایەنی بەمەبەستی ڕێگریکردنە لەوەی خەڵکێک دەسەڵاتێکی زۆر بگرنە دەست، تەنها لەبەر ئەوەی پارەی زۆریان هەیە یان لەبەرئەوەی خەڵکانێکی خاوەن دەسەڵات دەناسن.

دەربارەی ناوەرۆکی فیلمەکەی خوارەوە

ئەو کورتە فیلمەی خوارەوە باس لە پرسەکانی بێلایەنی و متمانە بە سیاسەتمەداران دەکات. فیلمەکە بە زمانی نەرویجییە و لێرەدا باس لە کورتەیەک لە ناوەرۆکەکەی دەکەین:

بیهێنە بەرچاوت کە لەو شوێنەی تۆ دەژیت ڕێگایەکی خێرا دروست دەکرێت. ئەم ڕێگایە ڕاست بە باخچەی برای سەرۆکی شارەوانیدا تێدەپەڕێت. لەناکاو سەرۆکی شارەوانی ڕای خۆی دەگۆڕێت و دەڵێت نا بۆ دروستکردنی ڕێگاکە. دەشڵێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕێگاکە خراپە بۆ ژینگە. ئێستا ئەستەمە بزانین ئایا سەرۆکی شارەوانی بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت نەخێر بۆ دروستکردنی ڕێگاکە، یان هۆکاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەیەوێت باخچەی براکەی بپارێزێت. بەهۆی ئەم نادڵنیاییەوە، سەرۆکی شارەوانی لەم بابەتەدا لایەنگیرە، هەر بۆیە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ڕێگاوبانەکاندا بکات. لەم حاڵەتەدا شارەوانی دەبێت بۆ ئەم کەیسە، کەسێکی تر بدۆزێتەوە لە جێگەی سەرۆکی شارەوانی بۆ بڕیاردان. پێویستە سیاسەتمەداران دڵنیایی بدەن لەوەی کە خەڵکی دەتوانن متمانەیان پێیان هەبێت لەو بڕیارانەی دەری دەکەن، وە ئەو بڕیارانەی دەری دەکەن لەبەرژەوەندیی کۆمەڵگەدایە.


پاراستنی بەرژەوەندی تاک و کەمینەکان

لە دیموکراتیدا زۆرینە بڕیار دەدات. بەڵام ئەی ئەگەر زۆرینە ڕاوەدوی کەسانێک یان هەندێک گروپی تایبەتی ناو کۆمەڵگە بدەن؟ ئەی ئەگەر خەڵکانێک ماڵەکەیان لێ بسەندرێت یان مافی دەنگدان و ئازادی قسەکردن یان هاووڵاتیبوونیان لێ زەوت بکرێت؟ یان ئەگەر کەسێک زیندانی بکرێت یان بەبێ دادگاییکردن لەسێدارە بدرێت؟ دەتوانرێت ڕێگری لە تەواوی گروپەکانی کۆمەڵگا بکرێت لە پراکتیزەکردنی ئایین یان کولتوورەکەیان. تەنانەت دەتوانرێت هەوڵی قڕکردنی گروپە کەمینەکان بدرێت. هەموو ئەمانە ئەمڕۆ لە چەند وڵاتێکدا ڕوودەدەن کە خۆیان بە دیموکراتی ناودەبەن. بۆیە تاک و گروپە کەمینەکان پێویستیان بە مافێک هەیە کە ڕێگری لە پەلاماردان وجیاکاری بکات.

Sort-hvitt foto av en mann som står i en åpen bil. Det er tett i tett med folk rundt bilen.
هەرچەندە ئەدۆلف هیتلەر بە خێرایی سیستمێکی دیکتاتۆری لە ئەڵمانیا دامەزراند، بەڵام سەرەتا بە شێوەیەکی دیموکراتییانە هەڵبژێردرا. ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا لە ساڵی ١٩٣٣، ڕاوەدوی جولەکە و گروپە کەمینەییەکانی دیکەی لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد. ئەڵمانیای سەرەتای ساڵی ١٩٣٣ نموونەیە بۆ ئەوەی کە چۆن بڕیارێکی زۆرینە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکاریی دڕندانە بەرامبەر کەمینە و تاکەکان.

دڵنیایی و سەرەویی یاسا

دڵنیایی و سەروەریی یاسا پرەنسیپێکی گرنگە لە دیموکراتیدا و پێویستە تاکەکان بپارێزێت لەوەی کە بە هەڵە سزا بدرێن یان ڕووبەڕووی نایاسایی ببنەوە. لێرەدا چەند بنەمایەک دەخەینەڕوو کە پێویستە هەبن بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا هەبێت:

  • هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت دەیدەن دەبێت پەیڕەوی لە یاساکانی وڵات بکەن.
  • نابێت کەس بەبێ بڕیاری دادگا سزا بدرێت.
  • مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە کەیسەکەی لە دادگایەکی بێلایەندا هەڵبسەنگێندرێت.
  • مرۆڤ بە بێتاوان دادەنرێت تاوەکو پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت.
  • هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن؛ نابێت هیچ جیاکارییەکی نادادپەروەرانە هەبێت.
  • پێویستە هەموو کەس و لایەنەکانی دۆسیەیەک دەرفەتیان هەبێت بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان لەسەر ئەو بابەتە.

ئەو مافانەی کە کەمینەکان دەپارێزن

لە مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پاراستنی کەمینەکان و گروپە لاوازەکان کاری لە پێشینەیە. گەلانی ڕەسەن بەتایبەت پارێزگارییان لێ دەکرێت. گەلانی ڕەسەن بریتین لە کۆمەڵە خەلکێک کە جیاوازن لە خەڵکانی زۆرینەی وڵاتێک، و زۆر پێش دامەزراندنی سنوورە نیشتمانییەکان و دەوڵەت لە وڵاتەکەدا بوونیان هەبووە. بەزۆری گەلانی ڕەسەن لەلایەن دەسەڵاتداران و زۆرینەی دانیشتووانەوە تووشی پەلاماردان و جیاکاری بوون. مافی گەلانی ڕەسەن بە مەبەستی دڵنیابوونە لەوەی کە ئەو جۆرە پەلامار و جیاکارییانە ڕوونەدات، هەروەها یارمەتیدانی گەلانی ڕەسەنە بۆ پاراستنی کولتوور و زمانی خۆیان.

لە نەرویج گەلێکی ڕەسەنمان هەیە کە ئەویش گەلی سامە. بەڵام پێنج کەمینەی تری بەناو نەتەوەییمان هەیە: کڤێنەکان/فینلەندیی نەرویجی، فینلەندیی دارستان، جولەکە، ڕۆم و گەلی ڕۆمانی/تاتەرەکان. ئەمانە ئەو نەتەوانەن کە خاوەن کولتوری خۆیانن و پەیوەندییەکی درێژخایەنیان بە وڵاتەکەوە هەیە. کەمینە نەتەوەییەکان هەندێک لە مافەکانی خەڵکی ڕەسەنیان هەیە، بەڵام خەڵکی ڕەسەن لە هەندێک بواردا زیاتر پارێزگارییان لێ دەکرێت.

لە سیستمی دیموکراتیدا نابێت هیچ کەسێک بە هەر هۆکارێکەوە بێت تووشی پەلاماردان و جیاکاری بێتەوە. لە نەرویج یاسای تایبەت بە خۆمان هەیە کە لە جیاکاری دەمانپارێزێت، بۆ نموونە جیاکاری بەهۆی ئایین، نەتەوە، ڕەگەز، ئاراستەی سێکسی، ناسنامەی ڕەگەزی یان کەمئەندامییەوە.

ئەو مافانەی کە کەمینەکان دەپارێزن پێویستن بۆ ئەوەی بە بیرمان بهێنێتەوە کە بنەمای دیموکراتی ئەوەیە کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و هەمان بەهای مرۆڤ و مافی مرۆڤیان هەیە.

ئەرک و ڕاهێنانەکە وشەی سەرەکیی ناو تێکستە نەرویجییەکە لەخۆدەگرێت.

  • وشەکان بە یارمەتیی LEXIN یان لە ڕێگەی ترەوە بۆ زمانی کوردی وەربگێڕە.
  • لە ستوونەکەی لای ڕاست کۆمەڵیک وشە لە ڕستەدا بەکارهاتوون کە لە تێکستەکەدا هەن. مانای ڕستەکان وەربگێڕە بۆ کوردی یان واتاکانیان ڕوون بکەرەوە.

Hva er demokrati – ordliste

Kva er demokrati – ordliste

Det er mulig å skrive ut eller bruke innhold fra dette innlegget på flere måter.

Legg merke til at innhold kan være ulikt lisensiert.

Regler for bruk av teksten 

Kilde: Zakariassen, E. S. (2024, 5. mars). Hva er demokrati?. NDLA. https://ndla.no/nb/r/samfunnskunnskap/hva-er-demokrati/d3692431fa

Denne teksten har lisensen CC BY-NC-SA 4.0. Denne lisensen gir deg rett til å dele og bruke dette innholdet på visse vilkår:

  • Du må alltid oppgi hvem som har laget innholdet.
  • Du kan bare dele innholdet med samme lisens som det opprinnelige innholdet.
  • Du kan ikke benytte materialet til kommersielle formål.

Regler for bruk av bilder i teksten

Bildene i denne teksten kan ha ulike lisenser. Les mer om hvert bilde.

  1. Fotografi av en hånd som holder en stemmeseddel delvis inne i sen orange stemmeurnelhROJ0o1.jpg — Stemmeseddel, av Nguyen, S., NTB scanpix. (https://ndla.no/image/46857). CC BY-NC-SA 4.0.

  2. Foto av en blå skive med teksten EU. til høyre står det Ja, og til venstre står det nei. Den røde pila står på nei-sidensx9165b4.jpg — Barometer fra folkeavstemningen om EU viser nei-flertall, av Berntsen, T., VG, NTB scanpix. (https://ndla.no/image/649). CC BY-NC-SA 4.0.

  3. foto av en kvinnehånd som holder fram pekefinger som er merket med blekkAdobeStock_1614862740-1024x645.jpeg — stock.adobe.com

  4. Bilde av elever som slitter i klassen. Noen av dem rekker opp hånda.mzQKd7I5-1024x682.jpg — Elever i klassesituasjon på barneskole., av Kallestad, G., NTB. (https://ndla.no/image/53256). CC BY-NC 4.0.

  5. Sort-hvitt foto av en mann som står i en åpen bil. Det er tett i tett med folk rundt bilen.tacdf6d3.jpg — Hitler på den 5. partikongressen i Nürnberg, 1933, av Heritage, NTB . (https://ndla.no/image/774). CC BY-NC-SA 4.0.

Regler for bruk av lydfiler i innlegget

Lyden i dette innlegget har lisensen CC BY-NC-SA 4.0. Denne lisensen gir deg rett til å dele og bruke dette innholdet på visse vilkår:

  • Du må alltid oppgi hvem som har laget innholdet.
  • Du kan bare dele innholdet med samme lisens som det opprinnelige innholdet.
  • Du kan ikke benytte materialet til kommersielle formål.