Samenes nasjonaldag // ڕۆژی نیشتیمانیی گەلی سام

ژمارەی سامەکان لە جیهاندا لە نێوان ٦٠٠٠٠ تا ٧٠٠٠٠ کەسێک دەبێت. لەو ژمارەیە نزیکەی ١٧٠٠٠ لە سوید، نزیکەی ٧٥٠٠ لە فینلاند و نزیکەی ٢٠٠٠ لە ڕووسیا دەژین. زیاتر لە ٤٠٠٠٠ سام لە وڵاتی نەرویج دەژین. زۆرێک لەوانە لە باکووری سالتفییەل (Saltfjell) یان لە شارە گەورەکانی بۆ نموونە وەک ئۆسلۆ دەژین.

Kart som viser at sameland strekker seg i Norge, Sverige, Finland og rRussland

سامەکان گەلێکی ڕەسەنن

سامەکان گەلێکی ڕەسەنن کە لە وڵاتانی نەرویج، سوید، فینلاند و ڕووسیا دەژین. گەلی ڕەسەن مەبەست لەو خەڵکانەیە کە بە ڕەچەڵەک لە کۆنەوە لە ناوچەیەکدا جێگیربوون. ئەمەش بەو مانایە دێت کە پێش دروستبوونی سنووری نێوان وڵاتان لەو ناوچەیەدا ژیاون و نیشتەجێبوون.

زۆرجار خەڵکی ڕەسەن خاوەن کولتوری خۆیانن کە جیاوازە لە کولتوری خەڵکانی تری ئەو وڵاتەی تیایدا دەژین. لە جیهاندا زۆر گەلی ڕەسەن هەن، وەک کوردەکان کە لە ئێران، عیراق، سوریا و تورکیا دەژین.

پێشبڕکێی ئاسکی ڕەنەی باکووری

لەلای ئەو سامانەی کە ئاسکی ڕەنەیان هەیە، پێشبڕکێی ئاسکی ڕەنەی باکووری یان گەوزەن وەرزشێکی بەناوبانگە. وەرزشەوانەکە لە هەندێک لە پێشبڕکێکاندا سکای سەر بەفر لە پێی دەبەستێت و بە پەت و گوریس بە ئاسکی ڕەنەکەوە دەبەسترێتەوە. لە هەندێک پێشبڕکێی تردا وەرزشەوانەکە لەسەر خلیسکەیەک دادەنیشێت کە بە ئاسکێکی ڕەنەوە بەستراوەتەوە.

خێراترین ئاسکی ڕەنەی باکووری لە سەعاتێکدا ٦٠ کیلۆمەتر دەبڕێت.

پێشبڕکێکە لەسەر ئاستی نەرویج و لەسەر ئاستی وڵاتانی باکووری ئەوروپاش ئەنجام دەدرێت.

En person kledd i vinterklær løper på snødekt vidde mens de holder i to reinsdyr som trekker avgårde i sele. Landskapet er åpent og vinterpreget, med skog i horisonten under en klar blå himmel.
پێشبڕکێی ئاسکی ڕەنەی باکووری

ڕۆژی نیشتیمانیی گەلی سام

٦ی مانگی فێبریوەر ڕۆژی نیشتیمانیی سامەکانە، کە ڕۆژی نیشتیمانیی سەرجەم سامەکانی نەرویج، سوید، فینلاند و ڕووسیایە. هۆکاری دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە یەکەمین کۆبوونەوەی نیشتیمانیی سامەکان لە ٦ی فێبریوەری ١٩١٧ لە تروندهایم بەڕێوەچوو. لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەمین جار سامەکانی نەرویج و سوید بۆ کاری هاوبەش سەبارەت بەو بابەتانەی تایبەتن بە سامەکانەوە کۆبوونەوە.

ڕۆژی نیشتیمانیی سامەکان لە نەرویج ڕۆژێکی ئاڵای فەرمییە، و بە ئاڵای نەرویجی و ئاڵای سامییەوە پیرۆز دەکرێت. لە گەلێک شوێنی نەرویج ئاهەنگ دەگێڕدرێت. لە ترومسۆ بە درێژایی یەک هەفتە ئاهەنگ دەگێردرێت، کە تیایدا زۆر چالاکی جۆراوجۆری وەک سازدانی کۆنسێرت و پێشبڕکێی ئاسکی ڕەنە ئەنجام دەدرێت. سروودی نیشتیمانیی سامەکان ناوی (Sámi soga lávlla)ـەکە بە مانای گۆرانیی گەلی سام دێت.

لە ڕۆژی نیشتیمانیدا دەڵێین: ” Lihku beivviin!” کە بە مانای “ئەم ڕۆژە پیرۆز بێت!” دێت.

ئاڵای گەلی سام

Fotografi av det samiske flagget i fargene rødt, blått, gult og grønt
ئاڵای سام، ئاڵای سەرجەم سامەکانە لە نەرویج، سوید، فینلاند و ڕووسیا

مۆتیڤ و پێکهاتەکانی ئاڵاکە لە شیعری میللی سامییەوە وەرگیراون، هاوکات سامەکانی وەک کوڕ و کچی خۆر پیشان داوە. بازنەی ناو ئاڵاکەش سیمبولێکە بۆ مانگ و خۆر.
پەرلەمانی سامی بڕیار لەسەر بەکارهێنانی ئاڵای سامی دەدات. لە ٦ی فێبریوەردا هەمووان دەڵێین: “Lihku beivviin!” کە بە مانای “ئەم ڕۆژە پیرۆز بێت!” دێت.

Undersiden av et skateboard er dekorert med det samiske flagget

زمانی سامی

زمانی سامی یەک زمان نییە، بەڵکوو گروپێک زمانە کە لە یانزە زمانی جۆراوجۆر پێکهاتووە. زمانی سامی لەگەڵ خێزانە زمانەکانی فینلاندی، ئێستیکی و هەنگاری خزمایەتی هەیە.

“سامی باکووری” گەورەترین گرووپی زمانی سامییە. سامەکانی وڵاتانی نەرویج و سوید و فینلاند سامی باکووری بەکاردەهێنن. “سامی باشووری”لە سەردەمی ئێستادا تەواو لاواز بووە،چوونکە چیدی زۆرێک لە خێزانەکان لە قسەکردنی ڕۆژانەیاندا بەکاری ناهێنن. دۆخی زمانی “سامی لوولە” کەمێک باشترە چوونکە ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵەکان لە ماڵەوە و لە قوتابخانە فێری دەبن.      

Bures (کە بە بورەس گۆ دەکرێت) بە زمانی سامیی باکووری بە مانای سڵاو/چۆنی دێت.

Lavvo و pulk وشە سامین کە لە زمانی نەرویجیدا بەکاریان دەهێنین.

Et tradisjonelt samisk telt av trestokker og lerret står på en åpen, gruslagt slette ved et stille fjellvann. Ved siden av ligger et uferdig eller tomt treteltstativ. Landskapet rundt består av avrundede, steinete fjell som speiler seg i vannet i det varme lyset fra kveldssolen.
لاڤوو