Hva skjer når kongen dør? / کاتێک پاشا دەمرێت، چی ڕوودەدات؟
ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ئاوگوست، پاشا هاراڵد کۆچی دوایی کرد، خەڵکێکی زۆر بە مردنەکەی دڵتەنگن. بەو بۆنەیەوە دەبینیت کە ئاڵا بە ئاستێکی نزم بە عەموودەکانەوە هەڵدەکرێن، خەڵکی گوڵ دەهێنن، وە گەورەساڵەکان لە تەلەفزیۆن و هەواڵەکاندا زۆر باس لە پاشا دەکەن. لەبەردەم کۆشکی پاشایەتی لە ئۆسلۆ خەڵکێکی زۆر بۆ پیشاندانی ڕێز و حورمەت بۆ مەرگی پاشا کۆدەبنەوە.



شتێکی باو و ئاساییە کە کاتێک پاشا پیر دەبێت وەک هەر مرۆڤێکی تر بمرێت. کاتێک ئەوە ڕوودەدات، نەرویج پێشتر ئامادەکاری و پلانی داناوە بۆ ئەوەی چی بکرێت وچ هەنگاوێک بنرێت.
نەرویج پاشای نوێی بۆ دادەنرێت


شازادەی جێنشین کوڕی پاشایە. لە هەمان ساتدا کە شا هاراڵد کۆچی دوایی کرد، شازادەی جێنشین هاکۆن بووە پاشای وڵات. پاشای نوێ بڕیاریداوە ناوی شا هاکۆنی هەشتەم بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
زۆربەی شتەکان لە نەرویج هەر وەک پێشتر بەردەوام دەبن. ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان هەیە و بەرپرسن لە وڵات دەزانن چی دەکەن. حکومەت، پەرلەمان، پۆلیس، قوتابخانە و نەخۆشخانە و باقی کۆمەڵگا ئاسایی بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
مرۆڤ بۆی هەیە دڵتنەگ و بێتاقەت بێت
دوای مردنی پاشا، زۆر کەس باسی دەکەن، بیری لێ دەکەنەوە و یادی دەکەنەوە. لە زۆر شوێن لەبارەی ژیانی شا هاراڵدەوە زانیاری دەبینیت و دەخوێنیتەوە و دەبیستیت. پاشا ماوەیەکی زۆر ژیاوە، بەشداری زۆر ڕووداوی کردووە و گەلێک کاری باشی بۆ وڵاتەکەی کردووە.

بەم زووانە پرسە و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شا هاراڵد لە کڵێسای گەورەی ئۆسلۆ بەڕێوە دەچێت. کاتێک پاشایەک دەمرێت، هەندێک کەس زۆر دڵتەنگ دەبن. هەرچەندە خەڵکانێک هەرگیز ڕووبەڕوو نەیانبینیوە، بەڵام وا هەست دەکەن کە لە نزیکەوە دەیناسن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو لەبەرچاوان بووە بەتایبەت لەو کاتانەدا کە شتی گرنگ و سەخت و هاوکات دڵخۆشکەریش لە نەرویج ڕوویانداوە. خەڵکێکی زۆر دەڵێن شا هاراڵد بۆ گشت منداڵ و لاوانی نەرویج وەک باپیرێک وابووە.
لە دۆخێکی وادا بۆی هەیە منداڵانیش کاردانەوەی جیاوازیان هەبێت. هەندێکیان دڵتەنگ یان نیگەران دەبن. هەندێکی تریش پرسیاری زۆریان هەیە و دەیانەوێت شت بزانن. منداڵیش هەن کە زۆر بیر لەوە ناکەنەوە. هەموو ئەم کاردانەوانەش تەواو ئاسایین.


تۆ لە سەلامەتیدایت
هەرچەندە لە خەڵکانێکی زۆرەوە باسی مردنی پاشا دەبیستیت، بەڵام ئەوە بزانە کە نەرویج لە مەترسیدا نییە. کاروباری وڵات وەک خۆی بەردەوام دەبێت. دەتوانیت بچیت بۆ قوتابخانە، لەگەڵ هاوڕێکانتدا کۆبیتەوە، یاری بکەیت، بچیت بۆ ڕاهێنان و کارە ئاساییەکانی ڕۆژانەی خۆت ئەنجام بدەیت.
ئەگەر هەواڵەکان دڵەڕاوکێت بۆ دروست دەکەن، شتێکی باش دەبێت کە لەگەڵ کەسێکی گەورەساڵدا قسە بکەیت کە متمانەت پێی هەیە. گەورەکان دەتوانن ئەو شتانەی کە بۆ تۆ جێگەی پرسیارن، بۆت ڕوون بکەنەوە. هاوکات پێویست ناکات تۆ گوێ لە هەموو هەواڵەکان بگریت.
گرنگترین شت کە لەبیرت بێت ئەوەیە: کاتێک پاشا دەمرێت، نەرویج بەرنامە و پلانی خۆی هەیە. پاشایەکی نوێ دەستبەکار دەبێت، گەورەکان بە ئاگا دەبن لەوەی کاروباری کۆمەڵگا بەڕێوە بچێت و ژیانی ڕۆژانەمان وەک خۆی بەردەوام دەبێت.











